لە زیندانی سەقز دەست بە ڕاپەرینکرا و زیندانیان بە کۆمەڵ هەڵهاتن

ئەمڕۆ هەینی ٢٧ی ئازار گروپێک لە زیندانیانی زیندانی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان بە ڕاپەرین کرد و لە زیندان هەڵهاتن.

تۆڕی مافی مرۆڤ کوردستان دوای گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک هاوڵاتی شاری سەقز هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.

بە قسەی هاوڵاتیان زیندانیان توانیویانە دەرگای زیندانی سەقز بشکێنن و بە کۆمەڵ هەڵهاتوون.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبووەتەوە کە دەوترێت دیمەنی هەڵهاتنی زیندانیانە لە زیندانی سەقزە.

سەرچاوەیەک لە شاری سەقز بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو زیندانیانەی هەڵهاتوون نزیکەی ٨٠ کەس دەبێت.

زیدانیان دوای ئەوەی داوای مۆڵەتیان کردووە بۆ ئەوەی سەردانی خانەوادەکانیان بکەن و بەرپرسانی زیندانیش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داواکاریەکانیان ڕەتکردووەتەوە، دەستیان بە ڕاپەرین کردووە و لە زیندان هەڵهاتوون.

بە پێی زانیاریەکان ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی مەترسیدار لە شاری سەقز بڵاوبووەتەوە و ئەوەش مەترسی لەسەر زیندانیان دروست کردووە و بەو هۆیەشەوە زیندانیان دەستیان بە ڕاپەرین کردووە.

پێشتریش لە ژمارەیەک زیندانی ئێران بە تایبەتی لە زیندانی تەبرێز زیندانیان دەستیان بە ڕاپەرین کردبوو و لە زیندان هەڵهاتبوون.

ف.ق