لە هەرێمی سەرحەد بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هیچ ئامادەکاریەک نەکراوە

کاریگەریەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی سەرحەد رۆژ بە رۆژ زیاتر دەردەکەوێت. لە هەرێمی سەرحەت تا ئێستا بە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و رۆژ بە رۆژیش مەترسی بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان زیاتر دەبێت.

لە شارەکانی ئەستەنبول، ئیمزمیر، ئەنکەرە و مێردین رێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر، بەڵام لە کوردستان هاوڵاتیانیان رووبەرووی قەدەر کردووەتەوە. لە شارە کوردیەکان بە پێی پێویست گرنگی نەدراوەتە کەرتی تەندروستی، بە پلەی یەکەمیش ئەم کێشەیە رووبەرووی شارەکانی هەرێمی سەرحەت بوونەتەوە.

لە ئاگری، بەدلیس، قەرس و ئیدر تا ئێستا بە دەیان کەس بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە. لەو شارانەی کە وەکو پێویست نەخۆشخانەی لێ نیە، نەخۆشەکان رەوانەی شاری ئەرزرۆم دەکرێن کە ئەمەش کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر دەروونی خەڵک دروست کردووە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی لە هەرێمی سەرحەدەوە گەیشتوونەتە بەر دەستمان، دوایین بارودۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەم شێوەیەیە:

بەدلیس

عوسمان فاتیح سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا-لقی بەدلیس وتی:" لە بەدلیس زیاتر لە ٢٠ حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراون. بە شێوەیەکی گشتی لە سەدا ٩٠ بە پێی ستانداردی رووبەرووبوونەوە، دەجوڵێنەوە. تا ئێستا هیچ گەڕەکێکی شار قەرەنتین نەکراوە."

قەرس

لە شاری قەرس تا ئێستا ٥ کەس بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٣٠ کەسی دیکەش تووشی ئەو نەخۆشیە بوون. لە ئێستادا گوندەکانی تورکمان و هانلار گەچیدیی سەر بە دوگور و گوندی بەنلی ئەحمەدی سەر بە ناوچەی سەلیمیە لە کەرەنتینەدان. بە هۆی کەموکورتی بواری پزیشکی بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە قەرس، توشبووان رەوانەی شاری ئەرزرۆم دەکرێن.

ئیدر

شاری ئیدری جیرانی قەرسیش رووبەرووی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە. لە ئیدر کە تا ئێستا ٣ کەس تێیدا بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە، دەوترێت، ڤایرۆسەکە لە و کەسانەوە بڵاو بووەتەوە کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتوون. لەو شارە تا ئێستا ١٩ حاڵەت تۆمار کراون و بە هۆی ئەوەی پێداویستی پێویستی لێ نیە، نەخۆشەکان رەوانەی شاری ئەرزرۆم دەکرێن. لەو ناوچەیە کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە گوندەکان دەردەکەوێت، هێشتا لە ناوەندی شارەکە بارودۆخەکە باشترە.

ئاگری

لە شاری ئاگری تا ئێستا لە بارەی ژمارەی قوربانیان هیچ زانیاریەک بلاو نەکراوەتەوە. دوای کردنەوەی کەمپەکانی سەحرا لە خاڵی سنووری، زانیاری ئەوە بڵاو بووەتەوە کە لە ناوچەی بازیدیش حاڵەتی کۆرۆنا تۆمار کراوە. تا ئێستا لە بازید هیچ گوندیک قەرەنتین نەکراوە. بە گشتی لە شاری ئاگری هاتوچۆ وەستاوە و کەس لە ماڵی خۆی ناچێتە دەرەوە. لە بازیدیش سیستمی تەندروستی زۆر لاوازە. ئەو کەسانەی لە بازید و ئاگری تووشی ڤایرۆسەکە دەبن، رەوانە ئەرزرۆم دەکرێن.

ز.ش