٢٤هەمین ساڵیادی خیانەتی ٣١ی ئاب، لە تانکی بەعسەوە بۆ تانکی تورک

٢٤ ساڵ لەوە پێش بارزانی سواری تانکەکانی سەدام بوو و شاری هەولێری پێ داگیرکردن. بنەماڵەی بارزانی کە لەو رۆژەدا سوار تانکەکانی سەدام بوون ئەمڕۆش سوار تانکەکانی دەوڵەتی تورک بوون و خەریکن باشووری کوردستان رادەستی داگیرکەران دەکەن.

٢٤ ساڵ لەوە پێش پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە سەرۆکایەتیی و فەرماندەیی بنەماڵەى بارزانی لەگەڵ تانکەکانی سەدام حوسێن دا هەولێریان داگیرکرد.

سەدام حوسێن کە ١٨٢ هەزار کوردی لە ئەنفال دا کۆمەڵکوژ کرد لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا لەسەر داوای بارزانی و پەدەکە بە تانک و تۆپ و چەکی قورسەوە شاری هەولێری ئازادکراوی داگیرکرد.

گەلی باشووری کوردستان ئەو خیانەتە بە خیانەتی ٣١ی ئاب پێناسە دەکەن. پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە بە تێکۆشان و بە سەدان هەزار شەهید بەدیهاتبوو، لەلایەن پەدەکەوە کرا بە بارەگای سەدام و گەراجی تانکەکانی سەدام.

دۆخی سیاسی ئەو سەردەمە چۆن بوو؟

لە دوای شەڕی کەنداو خەڵکی باشووری کوردستان راپەڕین و رژێمی بەعسیان لە بەهاری ١٩٩١دا لە کوردستان راماڵی لەو چوارچێوەیەدا بەرەی کوردستانی بە بەشداریی یەنەکە، پەدەکە و حیزبی شیوعیی کوردستان هەولێریان لە رژێمی بەعس پاککردبووە. لە ئەنجامیشدا هێڵی ٣٦ بۆ پاراستنی خەڵک لە هێرشەکانی سەدام حوسێن دامەزرا.

دوای ئەوە لە نێوان بەرەی کوردستانیدا شەڕی دەسەڵات دەستیپێکرد و شەڕی ناوخۆیی هەڵگیرسا کە بە شەڕی "براکوژی" دەناسرێت. شەڕەکانی نێوان پەدەکە و یەنەکە لە ساڵی ١٩٩٤ەوە تاوەکو ١٩٩٦ بەردەوامبوو.

دانوستانەکانی دوبلن

بۆ کۆتایهێنان بەشەڕی نێوان پەدەکە و یەنەکە ساڵی ١٩٩٥ بە ناوبژیوانیی ئەمریکا زنجیرە دانوستانێک لەشاری دبلنی پایتەختی ئیرلەندا بۆ پەدەکە و یەنەکە رێکخرا، بەڵام شەڕ رانەگیرا و بەردەوامیی هەبوو.

لە ساڵی ١٩٩٦دا ئۆپۆزسیۆنی عێراق بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد چەلەبی و دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) سەرقاڵی پلانێک بوون بۆ رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن، بەڵام ئەمریکا لەبارەى ئەو پلانەوە هەندێک نیگەرانیی هەبوو.

مەترسی و نیگەرانییەکانی ئەمریکا

یەکەمین نیگەرانی ئەوە بوو، بیل کلینتۆن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەو کاتەدا و بۆ ئەوەى کاریگەری  لەسەر هەڵبژاردنەوەى دروست نەبێت، ئەو پلانەى راگرتبوو. دووەم، بەشێکی زۆری ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندا بوون و نیگەرانیی ئەوە هەبوو بەو کارە عێراق بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئێران.

جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) رایگەیاندبوو، ئەوان پشتیوانی لە پلانەکانی رووخاندنی سەدام حوسێن دەکەن. پلانی تاڵەبانی ئەوە بوو هێزەکانی لە باکورەوە واتە لە قۆڵی هەولێرەوە و لە باشوورەوە لە قۆڵی چەمچەماڵەوە پێشڕەوی بەرەو کەرکوک بکەن و لە ئەنجامدا کەرکوک رزگار بکەن و پەیوەندیی بە موسڵەوە بپچڕێنن.

ئەمریکا بە ساردی دەجوڵایەوە، بەڵام دەبوایە کاتێک یەنەکە بەرەو کەرکوک پێشڕەویی دەکرد، ئۆپۆزسیۆنی عێراقیش موسڵی لە دەستی سەدام رزگار بکردایە  و پێکەوە بچوونایەتە ناو ئەو دوو شارەوە بەوەش ئەمریکا لە بەرامبەر ئەوەدا ناتوانێت بێدەنگی و ساردی بۆ رووخانی رژێمی سەدام هەڵبژێرێت.

لەو کاتەدا شەڕ لە نێوان پەدەکە و یەنەکە بەردەوامیی هەبوو. لە مانگی ئابی ١٩٩٦دا جەلال تاڵەبانی لە چەمچەماڵ و هەولێرەوە ئۆپراسیۆنی رزگارکردنی کەرکوکی دەستپێکرد.

نامەی بارزانی بۆ سەدام حوسێن

مەسعود بارزانی سەرۆکی گشتیی پەدەکە لە ٢٢ی ئاب دا نامەیەکى بۆ سەدام حوسێن سەرۆکی رژێمی بەعس نارد و داوای لێکرد بێت و هەولێر داگیر بکات.

بارزانی لە نامەکەیدا سەدام حوسێن بکوژی ١٨٢ هەزار کوردی بە "سەرۆکی من" بانگ کردبوو و نووسیبووی "بەڕێز سەرۆکی من، دەبێت ئێوە بە سەرکەوتن و عەقڵی خۆتان چارەیەک بۆ دەستوەردانی ئێران لە عێراق دا بدۆزینەوە. (....) ئێمە تکا لە ئێوە دەکەین کە فەرمان بە سوپای عێراق بکەن لە دژی هێزە بیانییە مەترسیدارەکان و بۆ کۆتایهێنان بە خیانەتی جەلال تاڵەبانیی هاوکاریان، سوپای عێراق بێتە ناو ئەربیل".

بارزانی دواى چەند رۆژ رۆیشت بۆ بەغدا و بەپێی رێککەوتنەکەى لەگەڵ سەدام حوسێندا "سوپای عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی هەولێر هاوکاریی بارزانی دەکات و بارزانیش بۆ گرتن و کوشتنی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیی نیشتەجێی باشووری کوردستان هاوکاریی سەدام حوسێن دەکات".

تانکەکانی سەدام سەرلەنوێ چوونەوە بۆ هەولێر!

دوای ئەوەی بارزانی و سەدام ڕێککەوتن، لە ٣١ی ئابدا سوپای عێراق بە ١٥٠ تانک و ٣٠ هەزار سەربازەوە لە موسڵ و کەرکوکەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت.

کاتێک چوونە ناو شارەکەوە شەڕێکی گەورە ڕووینەدا. هێزەکانی پەدەکە لەسەر ڕێگای هەولێر – گوێڕ ١٣ پێشمەرگەی یەنەکەی دەستگیرکرد و کۆمەڵکوژی کردن. دواتر لە گەڕەکی عەینکاوە و ژمارەیەک کەڕەکی تر شەڕ ڕوویدا.

ئاماری جیاواز لەبارەی شەڕەوە هەیە. بەڵام دەوترێت کە نزیکەی ٤٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون. سوپای عێراق مانگێک لە هەولێر و دەوروبەری مایەوە و دەستی بە شەپۆلی دەستگیرکردنی ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق کرد.

یەنەکە تا ڕۆژهەڵاتی کوردستان کشایەوە

دوای خیانەتی ٣١ی ئاب، یەنەکە لە هەولێر کشایەوە، بەڵام هێرشەکانی سوپای عێراق و پەدەکە بەردەوام بوو. لە ٩ی ئەیلولدا یەنەکە بەناچاری لە سلێمانیش کشایەوە و بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوو.

یەنەکە دوای مانگێک بە پشتگیری سوپای ئێران جارێکیتر سەرلەنوێ سلێمانی کۆنتڕۆڵ کردەوە و نزیکی هەولێر بووەوە. ئەمجارە کۆیە، شەقلاوە و ڕانیە لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکانی تورکەوە بۆردومانکران.

لە باشووری کوردستان سنورەکانی پەدەکە (زۆنی زەرد) و سنورەکانی یەنەکە (زۆنی سەوز) دوای شەڕەکە دیاری کران.

لەناو پەدەکەدا ناڕەزایی بەرامبەر بە خیانەت

ئێوارەی ٣١ی ئاب، بارزانی لەگەڵ فازڵ میرانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پەدەکە و جەوهەر نامیق سەرۆکی کاتی پەرلەمان کۆبووە و بارزانی وتی،" بۆ بەدەستهێنانی هەولێر لەگەڵ ڕژێمی بەعس رێککەوتووە و هەولێری لە جەلالیەکان پاککردووەتەوە."

جەوهەر نامیق کە لەلایەن پەدەکەوە کرابووە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەوەی وەک خیانەت لەقەڵەمدا و ناڕەزایی دەربڕی. جەوهەر نامیق سەلیم و بارزانی لەو کاتەوە ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیان و دوورن لە یەکتری.

بارزانی: ئێمە عێراقین

بارزانی دوای ٣١ی ئاب لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا دەڵێت،"ئێمە کوردین، ئێمە عێراقین. وایە کە لەنێوان ئێمە و عێراقدا کێشەی بچووک هەیە، بەڵام هەڵوێستی هاوبەشمان، پاراستنی عێراقە."

بەرلە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ شارەکانی سلێمانی، هەولێر و بەشێک لە هەڵەبجە، ڕانیە، قەڵادزێ، هەرێمی قەندیل، پێنجوین و زۆر هەرێمی تری باشووری کوردستان لە دەستی یەنەکەدا بوون.

پەدەکە بەهێز بوو، بەڵام چۆن؟

بە تەنها دهۆک، زاخۆ، سۆران و بەشێک لە هەلەبجە لە دەستی پارتیدا بوو. بەپێی ئامارەکان بەتەنها ٣٠٪ی خاکی باشووری کوردستان لە دەستی پارتیدا بوو. دوای ٣١ی ئاب ٦٠٪ی خاکی باشووری کوردستان کەوتە دەستی پەدەکە.

لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٤دا ڕێژەی دەنگەکانی پەدەکە ٤٤٪ بوو، دوای ٣١ی ئاب لە هەڵبژارینی سەرۆکایەتیدا بارزانی توانی ٧١٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت. ئەو ئامارە نیشانەی ئەوەیە کە بۆچی پەدەکە لەگەڵ سەدام ڕێککەوت.

ئەو ڕێککەوتنەی کە پەدەکە لەدژی پارتە کوردیەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورک و هێزەکانی تری هەرێمەکەدا کردی، ئەمڕۆ بە داگیرکاری دەوڵەتی تورک لە بادینان لەدوای ڕیفڕاندۆمی ٢٠١٧ەوە بەردەوامە.

ژ.ت / ف.ق