پارێزگاری وان گەل بە بڵاوکردنەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوانبار دەکات!

محەمەد ئەمین بیلمەز پارێزگاری وان و قەیومی داسەپاوی ئاکەپە بەسەر شارەوانیی وان دا، گەل بە هۆکاری بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوانبار دەکات!.

پارێزگار و قەیومی وان محەمەد ئەمین بیلمەز وتی "لە وان خەڵک نەک لە شەقامەکان، بەڵکو لە ناو ماڵەکانیاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن، لە ماڵێکدا بەلانیکەمەوە ١٥-٢٠ خوشک و برا هەیە، کاتێک منداڵەکان دەچن بۆ سەردانی یەکتر ئەو ژمارەیە ٣-٤ هێندە زیاتر دەبێت. ئەگەر یەکێکیان تووشبووی کۆرۆنا بێت ئەوا هەموویان تووش دەکات" بەو پاساوە گەل تاوانبار دەکات. بەڵام باسی رێکارە پزیشکییەکان و پشکنینی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی هاووڵاتییان و پلانەکانى حکومەت بۆ پاراستنى گەل و چارەسەرکردنی دۆخی ئابووریی گەلی نەکرد. ئەوانە فێر بوون شکست و داڕمانەکانى خۆیان بەسەر گەلەکەماندا بهێننەوە.

تاوەکو دێت لە وان بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاد دەکات، بەهۆی پرسەیەکەوە لە گەڕەکی ئەمین پاشا لە ناوچەى ئارتەمێنتی وان ٢٠٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

لەسەرتاسەری واندا ٦٤ هەزار کەس لە قەرەنتینەدان. بەهۆی پرسە و نەبوونی رێکاری خۆپارێزیی پێویست ٥٠٠ کەسی تر توشی  ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و هەزاران کەسیش، کە لە قەرەنتینەدان هیچ کارێک و خزمەتگوزارییەکى تەندروستی و پێداویستیی تریان پێشکەش ناکرێت.

پارێزگارەکەى دەوڵەتى تورک و قەیومە داسەپاوە داگیرکەرەکەى شارەوانیی وانیش، هۆکاری هەموو شکست و بێ پلانیی حکومەتە داگیرکەرەکەى بۆ زۆربوونی ژمارەى خێزانەکان و منداڵەکانیان دەگەڕێنێتەوە و بەو شێوەیە ئەو گەلە، کە هەموو شتێکى لێ داگیرکراوە و بێکارکراوە و مافەکانى زەوتکراون و لە خزمەتگوزاریی تەندروستی و دۆخی ئابووریی باش و ئاسایش و ئارامی بێبەشکراون، دەکاتە هۆکاری بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و چەواشەکاری دەکات.

ژ.ت