پەیامی پەکەکە بۆ 'هەفتەی قارەمانی'

کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە بە بۆنەى هەفتەی قارەمانییەوە پەیامێکى بڵاوکردەوە. کورد لە رۆژانی ٢١ بۆ ٢٨ی ئادار هەفتەى قارەمانی پیرۆز دەکەن و یادی بەرخودێران بەرز رادەگرن.

کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە پەیامێکى بە ناونیشانی 'پردی بەرخودانی ئازادیپارێز لە مەزڵوم تاوەکو مەعسوم' بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەموان لە دژی داگیرکەری لە دەوری شەهیدانی بەرخودان کۆبوو ببنەوە، فاشیزم هەڵوەشێنن و کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن و دیموکراسی و ئازادی بەدەست بهێنن.

پەیامەکەى پەکەکە بۆ هەفتەى قارەمانی:

"راستیی قارەمانی، لە پێش هەموو شتێکەوە مێژووی سەرلەنوێ ژیانەوەى گەلێکە. لە ناو زۆرێک لە گەلانی جیهاندا ساتی مێژوویی لەو جۆرە هەیە. ئەگەر گەلێک هێشتا تازە بە تازە دەچێتە سەر تەختەى مێژوو و خاوەنی چەندین پێشەنگە و هەروەها ئەگەر گەلێک لە لێواری سڕینەوە و مەترسیی قڕکردندا بێت و لەو کاتەدا هەندێک هەڵبسن و لە دژی ئەو رەوتە داڕوخێنەرە بوەستنەوە، ئەگەر ئەو گەلە لە کۆیلەیەتییەوە بخەنە سەر رێگای ئازادی، ئەوا لەو کاتەدا لەوێ قارەمانییەک هەیە.

لە خاکی کوردستان و لە ٢٠٠ ساڵی رابردوودا و بە تایبەتی لەم ١٠٠ ساڵەى رابردوودا گوشارێکى قڕکەرانەى کولتوری و رۆشنبیری لە گۆڕێدایە. رۆژانە لە دژی کورد و کوردستان قڕکردنی کولتوری و رۆشنبیری بەڕێوەدەچێت. لەسێدارەدانى قازی محەمەد، رێککەوتنی جەزایر، هەڵەبجە، ئەنفال، کۆمەڵکوژیی گازی، قامیشلۆ و عەفرین تەنها چەند ئازارێکى ئەو ژانە مێژووییەمانە.

بۆیە مانگی ئادار بۆ کوردان بووەتە مانگی کۆمەڵکوژییەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ کوردان مانگی سەرەتای بەهارە، مانگی بەرخودانە، مانگی هۆشیاربوونەوەیە بۆ ژیان و ژیانەوە.

ئەوەى ئەو بەرخودانەى بە شێوەیەکی قارەمانانە گەیاندە ترۆپک، دڵسۆزییە لەگەڵ رێگە و یادی مەزڵوم دۆغان و مەعسوم کۆرکماز – عەگید، کە مەزڵوم دۆغان لە زیندانی ئامەد بە چەخماخەی سێ چەمچە پێشوازیی لە نەورۆز کرد و مەعسوم کۆرکمازیش لە ٢٨ی ئاداری ١٩٨٦ لە گابار شەهید بوو.

گەریلاکانی ئازادیی کوردستان کە درێژەپێدەرانی عەگیدەکانی سیمولی تێکۆشانی ئازادیمانن، هەم دڵسۆزی رێگاکەی و یادەکەیین، هەمیش بۆ ئەوەى ئامانجی عەگیدەکان بەدی بهێنن، گەورەترین و زۆرترین تێکۆشانی ئازادییان لە هەفتەى قارەمانیدا ٢١ – ٢٨ی ئادار ئەنجامداوە. زەکییە، رەهشان، بێریڤان، رۆناهی، سەماکان لەم مانگەدا جەستەیان دایە بەر ئاگر و بە ئاگر بوونە ناوی سەرلەنوێ ئافراندنەوەى گەلێک و لە دژی سڕینەوە و قڕکردن وەستانەوە. گەلەکەمان لە دەروازەی راپەڕینەوە لە دژی رژێمی بەعس دەستی بە بەرخودانێک کرد و لەم مانگەدا بەرخودانەکەى هەنگاو بە هەنگاو بە باشووری کوردستاندا بڵاوکردەوە. بەو شێوەیە سەلماندی، کە سەر بۆ داگیرکەری نانەوێنێت. چیاگەرەکان لەم مانگەدا بەرخودانی خۆیان گەیاندە ترۆپک.

بۆیە مانگی ئادار بۆ کوردان هەم مانگێکە کە زوڵم تیایدا بەرامبەری گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و هەم بە بەرخودان لە دژی ئەو زوڵمە بە ئیرادەیەکى نائاسایی و بڵندی مرۆڤانەوە لە ئاستێکى بێ هاوتادا بەرەوە بەهار رۆیشتوە.

هاوڕێیانمان مەزڵوم دۆغان و مەعسوم کۆرکماز ئەو کەسایەتیانەن، کە لە ناو تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا خاوەن پێگەیەکى خۆسەر و تایبەتن. بە کەسایەتیی خۆیان لە ناو تێکۆشانی ئازادی دا هەڵمەتیان دەستپێکرد. نمونەى دەستەبژێر و گەرەترین کەسایەتیی نوێی مرۆڤەکانن.

مەزڵوم دۆغان لە زیندانی ئامەد دا و لە قورسترین هەلومەرجدا، لە هەلومەرجێکدا کە پەیوەندیی بە حیزب و بەرخودێرانەوە لە ناو زینداندا نەمابوو، بە شێوەیەکى تایبەت لە دژی دڕندەیی بەدەر لە مرۆڤایەتیی دەوڵەتی کۆماری تورکیا وەستایەوە. ئەو چالاکییەی کە لەو دۆخە بێدەرفەتەدا ئەنجامیدا، ئەوە بوو کە تەنها بە بڵێسەی سێ دانە چەمچە جەژنی نەورۆزی پیرۆز کرد، شەهادەتەکەی بۆ تێکۆشانی ئازادیمان بووە لە دایکبوونەوەیەک. بە شەهادەتەکەى هەم رێگای بەرخودانی سەرلەنوێی پیشانی هاوڕێیانی لە زینداندا دا و هەمیش رێگای نەدا دوژمن ئیدی ژیانی مرۆڤەکان وەک کەرەستەیەک بەکار بهێنێت. دروشمی 'بەرخودان ژیانە' لەو هەلومەرجە قورسەدا بووە وتەی پێداگری لەسەر بەرخودان و هەمیش وەک ئیرادەیەکى پۆڵاین بووە مەشخەڵی کوردستان.

یادکردنەوەى عەگید، باسکردنەوەى تێکۆشانەکەى، بیرهێنانەوەى یەکێک لە قارەمانە پێشەنگەکانی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی کۆمەڵگە و نەتەوەییمان، تێگەیشتنە لەو داستانە. تێگەیشتنە لە جەنگاوەرێک، کە خەونەکانی ئازادیی گەلێکی لە کەسایەتیی خۆیدا کۆکردووەتەوە. لەبەر ئەوەش تێگەیشتن و یادکردنەوەى عەگید بە واتای بیرهێنانەوەى پێشەنگێکى گەل و جەنگاوەرێکى خۆبەخشی گەلە، کە لە ریزی پێشەوەى پێشدا بۆ تێکۆشانی ئازادی رێیکردووە. ئەو هەموو کات سیمبولی سەردەمی قارەمانیی تێکۆشانی بەرخودانی نەتەوەییە و هەمیشە بەو شێوەیە یادی دەکرێتەوە!  

کاتێک دەوترێت جەنگاوەری پەکەکە، یەکەم شت کە بە بیری مرۆڤدا دێت ئەوەیە، کە جەنگاوەری خوڵقاندنی دەرفەتەکانە لە ناو بێ دەرفەتیدا. ئەو جەنگاوەرەییە، کە راستیی ئەستەم دەکاتە راستی بەدیهاتووی بەردەست، بۆیە لەو جەنگاوەرییەدا نابێت و ناکرێت نییە، بەڵکو ئاستی رۆحی ئازادییە. ئەو کەسەی ئەوەى لە ناو پەکەکەدا نەخشاند، ئیرادەی مەزڵوم دۆغان، هاوڕێیەتی، خۆشەویستی، دڵسۆزی، هەستیاری، شارەزایی لە تاکتیک، قوڵبوونەوەى ئایدۆلۆژی و تیۆریک و هەڵوێستی گەریلایی بە دیسپلینی عەگید – مەعسوم کۆرکمازە. ئەوە جەوهەر و کرۆکی بەرخودانی مەزڵوم تاوەکو مەعسومە، کیمیای هێڵی ئازادیی ئەو کەسایەتییانەیە، کە تامی ئازادییان کردووە.

گرنگ ئەوەیە لە کات و شوێنێکدا، کە فاشیزم زۆرترین هێرشی دەکاتەسەر، کێ زۆرتر خاوەنداری لەو هەڵوێستە ئازادیپارێزە نوێیە و لەو کیمیا نوێیە دەکات. بۆیە لە کاتێکدا، کە ئێمە 'هەفتەی قارەمانی'ی نوێ تێدەپەڕێنین، لە هەموو کات زیاتر گرنگە، کە بپرسین؛ ئەوەى دەبێت چاودێری بکرێت و درێژەى پێبدرێت چییە؟ ئەو کارانە چین، کە دەبێت بکرێن؟ دڵسۆزیی راست لەگەڵ تێکۆشاندا دەبێت چۆن بێت؟

لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە گەلەکەمان، گەلانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەنجان و کەسانى تامەزرۆی دیموکراسی دەکەین؛ لە دژی ئەو رژێمە زاڵم و ملهوڕە راپەڕن – نەخشەکانى کاپیتالیزم بۆ خۆی بەکار دەهێنێت – کە دژوارترین فاشیەت لە دژی هەموو کەسێک بەکار دەهێنێت، بۆیە خۆتان بگەیەننە ئاستی رۆحی ماهیرەکان، کە لە قزلدەرە شەهید بوون و لەسەر بنەمای برایەتیی گەلان، بە بۆنەى هەفتەی قارەمانی لە مەزڵومەکانەوە تاوەکو عەگیدەکان بە دڵسۆزی بۆ شەهیدان لە دژی فاشیزم و داگیرکەری لە دەوری شەهیدانی بەرخودان کۆبوو ببنەوە، فاشیزم هەڵوەشێنن، کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن و دیموکراسی و ئازادی بە دەست بهێنن".

ژ.ت