فەرماندەی یەپەژە سۆسن بیرهات: بە ئیرادەی ئاڤێستا و بەرخودێرانی کۆبانێ داگیرکەری تێکدەشکێنین

ئاڤێستا خابوور لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا لە بەرخودانی سەردەم لە عەفرین لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک چالاکیی گیانبازیی ئەنجامدا، شەڕڤانانی یەپەژە لە ساڵیادی شەهادەکەیەدا بە رێکخستنی مەراسیمێک یادیان کردەوە.

 شەهید ئاڤێستا خابوور لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتى تورک لە عەفرین چالاکیی گیانبازیی ئەنجامدا. شەڕڤانانی یەپەژ هاوکات بۆ ساڵیادی شەهادەتی ئاڤێستا خابوور و ٦هەمین ساڵیادی سەرکەوتن و ئازاکردنی کۆبانێ مەراسیمێک و یادکردنەوەیەکیان رێکخست.

مەراسیمەکە لە گۆڕستانی شەهید دژوار لە حەسەکە بەڕێوەچوو و سۆسن بیرهات یەکێک لە فەرماندەکانی یەپەژە وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "لە هەر شەڕێکی قورس دا ژنانی شۆڕشگێڕ بە رۆح و ورەی خۆیانەوە بۆ ئازادی بەرەنگاری و بەرخودانیان کردووە. بە رۆحی فیداییانەى شەهید ئاڤێستا خابوور، کە رێگای تێکۆشانمان رووناک دەکاتەوە، ئێمە لە کەسایەتیی هاوڕێ ئاڤێستادا یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش دەکەینەوە و سەرمان لە بەرامبەر تێکۆشانەکەیاندا دادەنەوێنین. لە قۆناغی بەرخودانی سەردەم دا، هاوڕێمان ئاڤێستا بە جەستەى خۆی لە بەرامبەر داگیرکەران وەستایەوە و ئێمەش وەک شەڕڤانانی یەپەژە و گەلی ئەم وڵاتە، هێز و بڕوایەکی گەورەمان لەو چالاکییە وەرگرت. مێژووی ژنانی بەرەنگار و بەرخودێر ئەمڕۆ بە رۆحی هەڤاڵ ئاڤێستا جارێکیتر لە کەسایەتیی یەپەژەدا زیندبوو بووەتەوە".

فەرماندە بیرهات لە مەراسیمەکەدا و لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "ئەمڕۆ دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە شەهبا، کۆبانێ، تل تەمر، عەین هیسا و هاوکات هەڕەشە لە شاری دێرک و شەنگال دەکات. دەوڵەتی تورک بە دڕندانەترین شێوە هێرش دەکاتە سەر ژنان، منداڵان و بە تەمەنەکان و سروشت و ژینگەى ناوچەکەمان، دەیەوێت لەسەر خاک و وڵاتەکەماندا هیچ بەها و نرخێک نەهێڵێت و هەمووی لەناو ببات و دەیسڕێتەوە، بەڵام ئێمەى شوێنکەوتوی شەهیدان لەم سەردەمە نوێیەدا ئەرکی سەرەکیمان بۆ رزگارکردنی وڵات و پاراستنی شۆڕشە. لەبەر ئەوەش ئێمە بە تێکۆشانی خۆمان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست تێکدەشکێنین. ئێمە وەک یەپەژە بەرگری و پاراستن لە هەموو ژنان و خاکی ناوچەکە دەکەین".

فەرماندە سۆسن بیرهات لە کۆتایی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، "هەر چۆن یەپەژە لە کۆبانێ بە پێشەنگایەتیی ژنان تێکۆشا و کۆبانێی ئەمڕۆ بووە رەمز و سیمبولی ئازادی، ئێمەش بەهەمان ئیرادە و ورە و رۆح بەرخودانی ئازادی سەردەخەین. ئێمە بە رۆحی تێکۆشانی ئاڤێستا پێشوازی لە ئاهەنگ و شادیی رزگاریی کۆبانێ دەکەین.  کۆبانێ بە رەنگی رێڤان و ئارینەکان ئازاد بوو و هیوای ئازادیی جیهانی ئافراند. وەک شوێنکەوتوانی ئاڤێستا، ئارین، رێڤانەکان، ئێمە عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی لە داگیرکەران رزگار دەکەین و ئێمە بە ئازادی و دڵسۆزیی خۆمان هاوڕێیەتیمان بۆ شەهیدان دیاری دەکەین".

مەراسیمەکە بە وتنەوەى دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ، بژی بەرخودانی سەردەم، شەهید نامرێ، ژن، ژیان ئازادی" کۆتایی پێهات.

ژ.ت