یادی شەهیدانی قەرەچۆخ کرایەوە

لە ٢٥ی نیسانی ٢٠١٧ لە هێرشێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر چیای قەرەچۆخ ٢٠ شەڕڤانی یەپەگە و یەپەژە شەهید بوون، ئەمڕۆ لە مەراسیمێکی شایستە لە چیای قەرەچۆخ یادیان کرایەوە.

یادی شەهیدانی قەرەچۆخ

لە ٢٥ی نیسانی ٢٠١٧ دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی کردە سەر بارەگاکانی فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل و لە ئەنجامدا ٢٠ شەڕڤانی یەپەژە و یەپەگە شەهید بوون. ئەمڕۆ بۆ یادی ئەو شەهیدانە، مەراسیمێکی جەماوەری شایستە لە چیای قارەچۆخ بەڕێوەچوو.

ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جەواهیر عوسمان قسەی کرد و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادیی بە بیر هێنایەوە و وتی: "دوژمنەکەمان بەردەوامە لە پلانە داگیرکارییەکانەی دژی گەلەکەمان، لە هەوڵی ئەوەدایە ئیرادەی گەلەکەمان و دەستکەوتێک کە بە سایەی بیرۆکەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و خوێنی شەهیدانەوە بەدەست هاتووە لەناو ببات."

لە درێژەی وتارەکەیدا جەواهیر ڕایگەیاند، ئیرادەی گەلەکەمان لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک مەزنترە و ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هێرشەکانیدا ژنان دەکاتە ئامانج، چونکە ژنان پێشەنگایەتی شۆڕشی ئازادیی دەکەن و لە پێناو دەستەبەرکردنی ئارامی ناوچەکە داعشیان لەناوبرد. بۆیە پێویستە بۆ ئەوەی پلانەکانی دژ بە گەلەکەمان پووچەڵ بکەینەوە بەردەوام بین لە تێکۆشان و بەرخۆدان."

لە میانەی مەراسیمەکەدا ڕۆکسان محەمەد وتەبێژی یەپەژە وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "ئەمڕۆ حەوتەمین ساڵیادی شەهیدانی قەرەچۆخە. هەر شەهیدێک نوێنەرایەتی مێژووی تێکۆشانی گەلەکەمان دەکات. ئەم شەهیدانە بۆ گەل و بنیاتنانی نەتەوەی دیموکراتیک و برایەتی گەلان بە بیرۆکەی ڕۆشەنبیرانە و بەرخۆدانەوە تێکۆشان و گیانی خۆیان بەخت کرد، ئێمە ئەمڕۆ بەسایەی ئەوانەوە لێرەین."

ڕۆکسان محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "دەوڵەتی تورک ناتوانێت ئیرادەی ئێمە بشکێنێت، ئێمە بە بەرخۆدانی شەهیدان و بیرۆکەکانی  ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕووبەڕووی هێرشەکانی دوژمن و پلانەکانی دەبینەوە و ژیانێکی ئارام بۆ گەلەکەمان دابین دەکەن. و داوای لە هەموو لایەک کرد پێویستە تێکۆشان و بەرخۆدانمان بەرفراوانتر بکەن."