ئۆلوچ: دەیانەوێت کۆماری قەیوومی تورک دابمەزرێنن

ساروخان ئۆلوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە ناڕەزایی بەرانبەر دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی هەدەپە دەربڕی و وتی،"دەیانەوێت کۆماری قەیوومی تورک دابمەزرێنن."

ساروخان ئۆلوچ پەرلەمانتار و سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە، دامەزراندنی قەیوومەکانی لە شارەوانیەکانی هەدەپە وەک پێشێلکردنی ئیرادەی گەلی کورد پێناسە کرد. ئۆلۆچ وەبیریهێنایەوە کە ٦٥ شارەوانی دەست بەسەر ٥٣ شارەوانیدا گیراوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا هێرشی دژی هەدەپە زیادیان کردووە و کاری سەرەکی دەسەڵاتیش بووەتە دامەزراندنی قەیووم لە جێگەی شارەوانیەکانی ئەوان و وتی،"ئەو ٨ شارەوانیەی کە لەسەردەمی کۆرۆنادا دەستیان بەسەرداگیرا، خزمەتی تەندروستیان پێشکەش بە گەل دەکرد."

ئۆلوچ دەڵێت، "بەم شێوەیە بێ دوودڵی بۆ ئەوەی یەکسەر شارەوانیەکان کە خزمەتی تەندروستی پێشکەش دەکەن، بێکاریگەر بکەن دەستیان بە هێرشەکانیان کرد. بەوەش رازی نەبوون، دوو هەفتە لەمەوبەر لە ٥ شارەوانی تریش قەیوومیان دامەزراند و بەم شیوەیە لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بە گشتی لە جێگەی ١٣ شارەوانی ئێمە قەیوومیان دانا.ئەمە زۆر ئاشکرایە. ئێمە بە بەردەوامی دەڵێین: دەیانەوێت کۆماری قەیووم دابمەزرێنن. یاسای هەڵبژاردن هەڵبوەشێنن. ئیرادەی گەل پێشێل بکەن. بە گەل دەڵێن، ئەگەر ئێوە ئەو کەسانە هەڵنەبژێرن کە ئێمە دیاریمان کردوون، قەیووم لە جێگەی ئەوانەی تر دادەنێین.

لە ٦٥ شارەوانی بەتەنها ١٢ شارەوانیمان ماوە. کردەوەی بەو شیوەیە لەدژی ئەوانەی تریش ئەنجام دەدرێت. لەبەرئەوەی بە پێی مێشکی ئەم دەسەڵاتە، لە کوێ لە هەڵبژاردنەکاندا نەیتوانی سەربکەوێت، لەوێ قەیووم دادەمەزرێنێت. هەمان کار دەکات کە لە ڕۆژئاوای تورکیا ئەنجامی دەدات، کە سەرناکەوێت، هەوڵ دەدات شارەوانیەکان بێکاریگەر بکات. بە شێوەیەکی ئاشکرا ئیرادەی گەل پێشێل دەکات و مافی هەڵبژاردن ناناسێت."

هەوڵیاندا باڵەخانەی پارتەکەمان لە جزیر بسووتێنن

ئۆلوچ ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی دژی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆسا و دەبەپە کرد و وتی،" لە ئامەد ١٢ کەسیان دەستگیرکرد. ئەو دەزگایانەی کە ئۆپەراسیۆنیان لەدژی ئەنجامدرا، کاریان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دەکرد و پشتگیریان لە ژن دەکرد. کۆمەڵەیەکە کە پشتگیریەکی بەهێز لە تێکۆشانی ئازاد و یەکسانی ژن دەکات. خۆیان لەبەر ئەوەش نەگرت. ناتوانن خۆیان لەبەرانبەر تێکٶشانی ئازادی و یەکسانی ژنان لە جۆگرافیای کوردان بگرن. لەگەڵ ئەوەشدا لە جزیر هەوڵیاندا باڵەخانەی پارتەکەمان بسووتێنن.

ڤیدیۆی هێرشەکە لە دەستی ئێمەدایە. بەلام سەرنەکەوتن، بەڵام هەوڵی تێکدەرانەی جددی ڕوویاندا. ئەوە بۆچی لە جزیر کرا؟ لەبەرئەوەی دەیانەوێت لە جزیر وڵام بدرێتەوە. چ لە کاتی سەردەمی کۆرۆنادا و چ لە سەردەمانی تردا، ئەم دەسەڵاتە دەیەوێت گورزی گەورە لە سیاسەتی دیموکرات بدات. بە تایبەتی هەوڵ دەدات کاریگەری هەدەپە نەهێڵیت و لە ڕووی سیاسەتی دیموکراتیەوە تەسفیەی بکات.

گرنگی هاوپەیمانی دیموکراسی

ئۆلوچ ئەوەی خستەڕوو، بە ناوی هەدەپە لە کۆنگرەکەیانەوە و تا ئێستا، لەسەر بناغەی هاوپەیمانی دیموکراسی، داوایان لە هەموو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، سەندیکا پیشەییەکان، پارتە سیاسی و هەموو کەسانی بە ویژدان و دیموکرات کردووە، بەشداری هاوپەیمانی دیموکراسی ببن.

ئۆلوچ وتی،"پێویستە هاوپەیمانی دیموکراسی بەهێز بکرێت.لە چوارچێوەی پێوانە دیموکراتەکاندا هەموو کەسێک لە دەوری یەکتری کۆببنەوە. گرنگترین بەشی ئەم هاوپەیمانیەش، هەدەپە و دەزگاکانی دەبێت."

ف.ق