لە فیستیڤاڵی دۆسڵدۆرف پانێڵی "سینەمای کورد" بەڕێوەچوو

لە فیستیڤاڵی فیلمی کوردی دۆسڵدۆرف، پانێڵی "سینەمای کورد'" بەڕێوەچوو.

یەکەمین فیستیڤاڵی فیلمی دۆسڵدۆرف

یەکەمین فیستیڤاڵی فیلمی دۆسڵدۆرف لە ڕۆژی دووەمدا بەردەوامە. لە فیستیڤاڵەکەدا پانێڵی "سینەمای کورد'" بەڕێوەچوو. ئەژدار خەلیل پانێڵەکەی بەڕێوەبرد، دەرهێنەر مانۆ خەلیل و ئۆزکان کوچوک و سەڤیناز ئەڤدیکە و ئەرسن چەلیک و ئۆزگور ڕایزان قسەیان کرد.

پانێڵەکە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە ستێرک و چرا تیڤی پیشاندرا، تێیدا ئەرسن چەلیک دەربارەی سینەمای ڕۆژئاوا گوتی: "ئێمە هەڤاڵی وەک پیرۆ و مەزدەکمان هەبوو. ڕەنجێکی مەزن دەرکەوت. ئەزموونێک پێشکەوت. سینەما بێ ئەزموون پێشناکەوێت. پێویستە فیلمەکان زیاتر بکرێت. پێویستە پلانسازی بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو بکرێت".

هەروەها لە درێژەدا گوتی: "کوردستان لەژێر داگیرکارییە. زمانەکەمان ڕوو لە فەوتانە. پێویستە فیلمی کوردی دەربهێنین. ئەمە هەڵوێستێکی دژی ئاسیمیلاسیۆنە. بۆ نموونە، دەبێت ساڵی داهاتوو فیستیڤاڵەکە بە زاراوەی زازاکی بێت، چونکە زیاتر لە زاراوەی کورمانجی لە مەترسیدایە".  

"بەهۆی هێرشی سەربازانی تورک، لە ئەوروپا دەرهێنانمان کرد"

مانۆ خەلیل ڕایگەیاند لە چیکوسلۆڤاکیا پەروەردەیی سینەمایی بینیوە، زیاتر لە ٣٠ ساڵە سەرقاڵی سینەمایە، لە ئەوروپا ١٥ فیلمی بەرهەمهێناوە و ٦٨ خەڵاتی وەرگرتووە.

گوتی: "ویستم فیلمی جیران لە وڵاتەکەم دەربهێنم. هەوڵی زۆرمدا لە ڕۆژئاوا دەرهێنانی بۆ بکەم. بەڵام سەربازانی تورک هێرشیان کردە سەر ڕۆژئاوا و شەڕیان دەست پێ کرد. بۆیە ناچاربووم لە ئەوروپا دەرهێنانی بۆ بکەم".

مانۆ دەربارەی فیلمی "جیران" گوتی: "دایکم خەڵکی باکور و باوکم خەڵکی ڕۆژئاوایە. منیان دەبردە سەر سنوور و زانیاریان پێ دەدام. ڕژێمی بەعس دەیویست بمانکات بە کۆیلە. فیلمی جیران دەربارەی گەلانی کۆیلەکراوی سوریا دەدوێت".

"سینەمای کورد پێشدەکەوێت"

لە ڕێکخەرانی فیستیڤاڵەکە، ئۆزگور ڕایزان دەربارەی پرسیاری "بۆچی دۆسڵدۆرف" گوتی: "فیستیڤاڵەکان بۆ دەرهێنەرانی فیلم دەرفەتی مەزن دەئافرێنێت. بۆیە ئەنجامدانی فیستیڤاڵەکان گرنگن. ئێمە بۆ فیستیڤاڵەکەمان، دۆسڵدۆرفمان هەڵبژارد. چونکە پایتەختی ویلایەتی باکوری ڕاین-وێستڤالیایە. زۆربەی کوردانی نیشتەجێی ئەڵمانیا لێرە دەژین. هەروەها زۆرێک لە هونەرمەندانی کورد لێرە دەژین. ویستمان هونەرمەندان پێکەوە کۆببنەوە".