ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر ۱۰:۰۰ بەکاتی ناوەندی ئەورووپا، لە بڕۆکسل-ی پایتەختی بەلژیک کۆبوونەوەی کۆمیتەی دیبلۆماسی هاوبەشی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان کە لە زیاتر لە ۳٤ پارت و لایەن و ڕێکخراوی سیاسی پێکدێت لە بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووانی ئازادی کوردستان دەستی پێکرد.
سەرەتا وتەی کردنەوەی کۆبوونەوەکە و بەخێرهاتن لە لایەن شێخ شەماڵ نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێکەش کرا.
پاشان زوبەیر ئایدار ئەندامی کوسەی بەڕێوەبەری کەنەکە ئاخاوت و وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان و کورتە باسێکی لە سەر ڕۆژەڤی ڕۆژاڤای کوردستان و ناوچەکە، ڕەخنەشی لە کەمی بەشداری ژنان لە کۆبوونەکەدا گرت. پاشان داوای کرد لە نوێنەرانی ڕۆژاڤای کوردستان زانیاریملەمسەر ڕۆژاڤای کوردستان بدەن.
لە سەر ئەو بنەمایەش شاهۆز حەسەن هاوسەرۆکی پەیەدە قسەی کرد و دوایین پێشهات و گۆڕانکاریەکان و ڕەوتی ڕووداوەکانی ڕۆژاڤا و باکور و ڕۆژهەڵاتی خستەڕوو. پاشان ئامادەبووان چەندین پرسیاریان لە سەر دۆخی ڕۆژاڤای کوردستان و پەیوەندیەکانی ڕۆژاڤا لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان و ڕژێمی سوریا کرد و شاهۆز حەسەنیش وەڵامی دانەوە.
پاشان ڕەمزی کارتاڵ هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل ئاخاوتو بەفراوانی باسی لە دۆخی ئێستای کوردستان و مەترسیەکانی سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ڕۆژاڤا و باشوری کوردستان کرد و ڕێچارەکانی خستەڕوو.
دواتر نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاییەکان یەک بە یەک قەسە دەکەن و بارودۆخ و ڕۆژڤەی ئێستا هەڵدەسەنگێنن و پێشنیار و دیدی خۆیان لە سەری دەدەبڕن و کارنامەی داهاتووی کۆمیتەی دیبلۆماسی هاوبەش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
بە گوێرەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە ئامانج لە کۆبوونەوەکە کارکردنە بۆ بەخێرایی بەستنی کۆنفرانسێک کە سەرجەم پارت و لایەنەکانی کوردستان تێیدا بەشدار بن و بەشدارانی تاوتوێی دۆخی ڕۆژاڤای کوردستان بە تایبەتی و کوردستان و ناوچەکە بەگشتیی بکەن و ڕێگاچارە بۆ پرسەکان بدۆزنەوە و قسە لە سەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دبلۆماسیەکی هاوبەشی کوردستانی بکەن.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا لە سەر مژارەکان کە ئاماژەیان پێدرا، پارت و لایەنە کوردستانیەکان پلانسازی بکەن و شاندێکی هاوبەش لە نوێنەرانی چوار بەشی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی کەنەکە دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەی سەردانی بەرپرسانی وڵاتانی جیهان و پارت و لایەنە نێودوڵەتیەکان بکەن و داگیرکاریی ڕژێمی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی ئەو ڕژێمە بۆ سەر دەستکەوتەکانی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و کێشە و ئارێشەکانی کورد و پێکهاتەکانی کوردستان و چارەسەریان، لەگەڵیاندا باس بکەن.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کۆمیتەی دیبلۆماسی هاوبەشی پارتە کوردستانیەکان تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێتو بڕیارە ئەمشەو ئەنجامنامەکەی بۆ ڕای گشتیی ڕابگەیەندرێت.
ئەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کۆمیتەی دیبلۆماسی هاوبەشی پارتە کوردستانیەکان و بۆ بەستنی کۆنفڕانسی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کودرستان لە میانی ۱۹مین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە کە لە مانگی ڕابردوو بەڕێوەچوو، بڕیاری لە سەر درابوو.
هـ.هـ