چالاکییەکانى دژ بە گۆشەگیری لە ئەوروپا بەردەوامییان هەیە

لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن ماوەى ٦٤ رۆژە بەردەوامن. هاوکات چالاکییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکییەکانى مانگرتن لە ئەوروپا بە بێ پسانەوە بەردەوامییان هەیە.

 بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە و هاوسەرۆکى کەجەدە، کە ماوەی ٦٤ رۆژە بۆ نەهێشتنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە مانگرتندایە، زنجیرە چالاکییەک لە ئەوروپا بەڕێوەچوون.

ئاراو – سویسرا

لە شاری ئاراوی سویسرا چالاکییەک بە پێشەنگایەتیى ئەنجوومەنى ژنانی رۆژبین و بەڕێوەبەرانى پارتی سۆسیالیست رێکخرا. چالاکوانان لەگەڵ کەنیسە کاسۆلی و پرۆتستانەکان و بەڕێوەبەرانى خۆجێى لەبارەى چالاکییەکەیان و مانگرتنەکەى لەیلا گیوڤەن وگۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا و دۆسیەیەکیان لەوبارەیەوە پێشکەش کردن.

ماریگنان – فەرەنسا

 

لە شاری ماریگنانی فەرەنسا چالاکییەکى ناڕەزایەتیى مەدەنى رێکخرا. چالاکوانان لەو چالاکییدا تاوەکو بەردەم بینای شارەوانیى ئەو شار رێپێوانیان ئەنجامدا. دواى گەیشتنیان بۆ بەردەم بینای شارەوانی، راگەیاندراوێکیان خوێندنەوە. چالاکییەکە بە دروشمەکانى "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "گەنجان گیانفیدای ئاپۆن" وترانەوە.

دویسبورگ – ئەڵمانیا

 

چالاکییەکى تری ناڕەزایەتیى مەدەنی لە شاری دویسبورگی ئەڵمانیا ئەنجامدرا. بە پێشەنگایەتیى ژنانى گەنج رێپێوانێک رێکخرا. لە رێپێوانەکەدا گەنجان ئالاکانى پەکەکە، کەجەکە و پۆستەرەکانى ئۆجالانیان بەرزکردبووە.

بۆردوو – فەرەنسا

 

ئەندامانى بزووتنەوەی گەنجانى شۆڕشگێڕ بۆ ئەوەى سەرنج رابکێشنە سەر چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن، لە شاری بۆردووی فەرەنسا چالاکییەکى ناڕەزایەتیى مەدەنییان ئەنجامدا.

چالاکییەکە لە بەردەم وێستگەى سەرەکیى میترۆی ئەو شارە بەریوەچوو و پۆستەرێک کە لەسەری نووسرابوو "ئازادی بۆ ئۆجالان" لەلایەن گەنجانەوە بەرزکرابووە. لە چالاکییەکەدا راگەیاندراو لەبارەى مانگرتن و ئامانجەکەیەوە بەسەر هاووڵاتییانى دەووربەری چالاکییەکەدا دابەش کرا و سرودی "چەرخی شۆڕش" وترایەوە.

کاردیف – وێڵزی بەریتانیا

لە شاری کاردیفی پایتەختی هەرێمى وێڵزی بەریتانیا بۆ پشتیوانى لە چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن ستاند دانرا و زانیاری بە هاووڵاتییان لەبارەى مانگرتنەکە و ئامانجەکەیەوە درا.

ر.م