پەرلەمانی ئەوروپا: ئەردۆغان هەوڵ دەدات سەرنجەکان بە خێرایی لەسەر کێشەکان دووربخاتەوە

ناچۆ سانچێز مۆر ریپۆرتەری هەمیشەیی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ تورکیا و سێرگی لاگۆدینسکی سەرۆکی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ تورکیا، هەڕەشەی ئەردۆغانیان بۆ دیپۆرتکردنەوەی باڵیۆزان بە هەوڵێک بۆ "بەخێرایی لادانی سەرنجەکان لەسەر کێشەکان" وەسفکرد.

ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لە ڕاگەیەندراوێکدا و بەهۆی پشتیوانی و داوای ئازادکردنی بازرگان و سەرمایەدار عوسمان کاڤالا، باڵیۆزانی ئەمریکا، ئەڵمانیا و فەرەنسا و بە گشتی باڵیۆزانی ١٠ وڵاتی رۆژئاوایی بە "کەسانی ناپەسەند" ناساندبوو و لەو رێگەیەوە بواری بۆ دەرکردنی ئەو باڵیۆزانە رەخساندووە.

کاتێک بینیی بەو کارەی ڕێگا بۆ داڕمان و دابەزینی خێرای لیرەی تورکی کردووەتەوە، بۆی دەرکەوت ناتوانێت ئەو باڵیۆزانە بە ئاسانی دەربکات، بۆیە لە دەرکردنیان پەشیمان بوویەوە.

ناچۆ سانچێز مۆر ریپۆرتەری هەمیشەیی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ تورکیا و سێرگی لاگۆدینسکی سەرۆکی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ تورکیا لەبارەی هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ دەرکردنی ١٠ باڵیۆزی وڵاتانی رۆژئاوا راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند:

"ئەو کەسانەی بڕیاری ئازادکردنی عوسمان کاڤالا بە بەرپرسیارێتی تورکیا دەزانن، نە باڵیۆزی ئەو وڵاتانەن و نە حکومەتەکانیان، بەڵکو ئەوەى فەرمان و بڕیاری خێرا ئازادکردنی بۆ عوسمان کاڤالا دەرکردووە، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایە، کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا بڕیاری ئازادکردنی دەستبەجێی بۆ کاڤالا دەرکردووە. دوای ئەوەش لە ٦ بڕیاری تردا و بە بڕیاری کاتیی کۆمیتەی وەزیرانیی ئەنجوومەنی ئەوروپا نوێکرایەوە، بۆیە تورکیا ناچارە بڕیارێکی هاوشێوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بدات و ڕێز لە بڕیاری ئەو دادگایە بگرێت.

گەرەنتیکردنی دادگای دادپەروەرانە و سەروەریی یاسا کۆڵەکەی بنەڕەتی دێموکراسییە. کۆمسیۆنی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپا لە راپۆرتەکانیاندا چەندین جار ئەوەیان ڕایانگەیاندووە و وەک لە ڕاپۆرتی ساڵانەی پەرلەمانی ئەوروپادا هاتووە، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی تورکیا لەو بوارانەدا. ئێستاش هەوڵ بۆ ڕێگرتن لە ڕەخنە لە دەرەوەی وڵات جگە لە بێبەختی هیچی تر نییە.  سەرەڕای ئەو پێشهاتە خەمناکانە، بەڵام هەڵوێستی ئێمە لە دیموکراتیزەکردنی تورکیا و دۆزی عوسمان کاڤالا ناگۆڕێت.

ئێمە هێشتا لە بەردەم قەیرانێکی دیپلۆماسیی جدیداین، کە دەکرێت ڕێگریی لێبکرێت، ئێمە داوا لە دەسەڵاتدارانی تورک دەکەین لەو قەیرانانەی بەردەمان دەربچن، چونکە رێگا بۆ سیناریۆی خراپتر دەکاتەوە. ئێمە جارێکی دیکە داوا لە تورکیا دەکەین، کە بەپێی رێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان و بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە کەیسەکانی عوسمان کاڤالا و سەلاحەدین دەمیرتاش هەڵسوکەوت بکات".

ژ.ت