قەرەیلان: کۆبانێ بە شەڕی دەستەویەخە ئازاد کرا

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە وتی: "ئەو بەرەنگارانەی، کە کۆبانێی پاراست، بە دڵ شەڕیان کرد و ئازایانە بەرخۆدانیان کرد. ئەوەی داعشی تێکشکاند ئیرادەی ئاپۆیی بوو. شەڕی کۆبانێ بە تێکۆشانی دەستەویەخە و شەڕی ناو ماڵەکان دا سەرکەوت".

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە و فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لە بەشی چوارەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا باسی لە بەرخۆدانی ڕزگارکردنی کۆبانێی کرد.

لە چاوپێکەوتنەکانی پێشووتاندا وتبوتان، شەهید گەلهات گابار یەکێک بوو لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی بەرخۆدانی کۆبانێ بوو.  سەبارەت بە ڕۆیشتنی گەلهات گابار بۆ کۆبانێ و کاریگەریی لەسەر شەڕی کۆبانێ چی بڵێیت؟

هەڤاڵ گەلهات فەرماندەی هەرێمی جودی بوو. لە ڕاپۆرتێک پێشنیازی ئەوەی کردبوو، کە بچێت  بەشداری بەرخۆدانی کۆبانێ ببێت. پاشان دووبارە لە رێگەى بێتەلەوە هەمان پێشنیازی پێشکەش کردەوە. ئێمە پێمان وت، "چاوەڕێکە". ئەو هەڤاڵێکی ئازا بوو، بەتایبەتی لە گۆڕەپان و پراتیکی شەڕی بۆتاندا بەشداریی چەندین چالاکیی هێرشبردنی کردبوو، خاوەن ئەزموون بوو، بەڵام وەک ئەوەی باسمانکرد، دوای ئەوە بارودۆخی کۆبانی قەیراناوی بوو، لە ڕێگەی فەرماندەیی سوک و کارگێریی باکوورەوە پێمان وت، دەتوانێت لەگەڵ کۆمەڵێک لە هەڤاڵاندا بڕوات بۆ کۆبانێ. هەڤاڵی گەلهات لە سەر ئەو بنەمایە و لەو چوارچێوەیەدا جودییەوە بەرەو کۆبانێ بەڕێکەوت. لە و پرۆسە و قۆناغەدا ئەو شتانە روویاندا.

 داعش هەموو ڕۆژێک پێشڕەوی دەکرد و هەندێک جاریش لەوێ لاوازی رووی دەدا. بۆیە ئێمە لە نزیکەوە رۆژانە دەستمان بە چاودێریکردنی بارودۆخەکە دەکرد. بەتایبەتی هەتا ٥-٦-٧ی  تشرینی یەکەم داعش بە بەردەوامی پێشڕەویی دەکرد. لەو کاتەدا ئێمە پێشنیازی پاسکیلمان بۆ هەڤاڵانمان کرد. واتە چۆن کاتێک پاسکیلێک دەکەوێتە ڕێ ناکەوێت، بەڵام بەڵام کاتێک راوەستا ناتوانێت لەسەر دوو تایەکەی خۆی رابگرێت. ئێمە داعشمان شوبهاند بە پاسکیلێک. واتە بۆ  هەڤاڵان لە کۆبانێ ئەوەمان دەستنیشانکرد. "ئەگەر ئیوە هێرشەکەی داعش رابوەستێنن، بە دڵنیاییەوە تێکدەشێکن. دەرفەتتان بۆ دەڕەخسێت، کە ئێوە دەست بە هێرشی پێچەوانە و دژبەر بکەن". هەڤاڵان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە و قورساییان خستە سەر ئەوە. هەموو بەیانیەک پرسیاری دۆخەکەیان لێدەکرا، بەڵام هەمیشە دەوترا داعش پێشڕەوی دەکات. ڕۆژێک لە هیچ بەرەیەک پێشڕەوییان نەکردبوو، هەڤاڵان بەرخۆدانیان کردبوو، بە هەڵمەتی ھێرشی پێچەوانە داعشیان تێکشکاندبوو، بەڵام داعش لە بەرەیەکدا تەنها یەک خانووی گرتبوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئەوەمان بۆ روونکردنەوە، کە هێشتا پاسکیلەکە لەسەر پێیە و نابێت تەنها یەک خانووشی لە دەستدا بێت و بیگرێت.

لەم بابەتەدا ڕۆڵی هەڤاڵ گەلهات هەڵدەسەنگێنم، بەڵام پێش ئەوە بە کورتیش بێت، پێویستە سەرنج بخەمە سەر بەرخۆدان بە پێشەنگایەتیی فەرمندەی قارەمان هەڤاڵ دەستینا. هەڤاڵ دەستینا هەڤاڵێک و فەرماندەیەکی خەڵکی باشووری کوردستان بوو، کە لە بۆتانەوە رۆیشتبوو بۆ کۆبانێ. ٨ هەڤاڵ لەژێر فەرماندەیدا بوون، بینایەکی ٥-٦ نهۆمیان دەپاراست. بەرخودانێکی بێ هاوتا و بێ وێنەیان کرد. داعش هات تاوەکو قاتی خوارەوەی بیناکە. شەڕ لە ناو بیناکەدا ڕوویدا، بەڵام ئەوان نەیانتوانی هەڤاڵان لە نهۆمەکانی سەرەوە دەربکەن و بیانهێێننە خوارەوە، بۆیە نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن. پاشان بارهەڵگرێکی پڕبوو لە تەقەمەنییان و لە نهۆمی  خوارەوەی بیناکەدا دانا و بارهەڵگرە پڕ لە تەقەمەنییەکەیان تیادا تەقاندەوە. تەقینەوەیەکە بە ڕادەیەک بەهێز بوو، کە هێندەی بوومەلەرزەیەک کاریگەریی هەبوو. خەڵکی پرسوسیش بەهۆی دەنگی تەقینەوەکەوە خەبەریان بووبوویەوە و هەستیان بە کاریگەرییەکەی کرد. بەوەش بیناکە بە تەواوی خاپوور بوو و هەڤاڵانمان لەوێ شەهید بوون، بەڵام هەڤاڵانی ئەو ناوچەیە چوونەتە ناو داروپردووەکانی بیناکە و ناوچەکەیان پاراست. نەیانهێشت دوژمن دەست بەسەر ئەو ناوچەیەدا بگرێت.

 بەم شێوەیە دوژمن نەیتوانی لەو بەرەیەدا بەرەو پێشەوە بڕوات. هاوکات هێرشی چەتەکانی داعش لە بەرەکانی دیکە بە سیستمێکی بەهێزی بەرگری تێکشکێنران و هێرشی دژبەر و پێچەوانە دەستی پێکرد. لە رۆژانی سەرەتای هێرشە دژبەر و پێچەوانەکاندا زیانمان هەبوو، هەڤاڵ گەلهات لەو خاڵەدا ڕۆڵێکی زۆر گرینگی گێڕا. هەڤاڵ گەلهات لە باکوور لە چەندین چالاکیی هێرشدا بەشداری کردبوو، لە هێرشکردندا لە ئاستێکی زۆر بەرزدا خاوەنی ئەزموون گەورە بوو، فەرماندەیەک بوو. ئەو ئەندامێکی هێزە تایبەتەکان بوو، هەڤاڵێکی فیدایمان بوو، ئازا بوو. ئەو بۆ خۆی دەچووە بەرەی پێشەوەی تیمەکانی هێرشبردن و دەستی بە هێرشی دژ و پێچەوانە دەکرد. لەسەر ئەو بنەمایە شێوازی سەرکەوتنی چەسپاند. واتە سەنگەرەکانی داعشی تێکشکاند و لەو ڕێگەیەوە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش دەچوون. ماڵ بە ماڵ، شەقام و بە شەقام، پێشکەوتن روویدەدا و بەرخودانی ئیدی گەیشتبووە ئاستێکی بەرفراوان. سەنگەری بەرتەسکی وەها لە کۆبانێ بەو شێوەیە بەرفراوان کرا، بەو شێوەیە هەموو شەوێک لە شەقامێک پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون روویدەدا. مرۆڤ نابێت مافی کەسی پشتگوێ دەخات، بێگومان هەڤاڵانی تریش هەبوون و بەشدار بوون، بەڵام هەڤاڵ  گەلهات ڕۆڵێکی گرنگی بینی و پێشەنگایەتیی کرد.

هاوپەیمانیی نێونەتەوەی چۆن بەشداری پرۆسەکە بوو؟

لەو کاتەدا ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا و زۆرێک لە سەرکردەکانی وڵاتان لە ڕێگەی پەیکەوە سەیری بارودۆخی کۆبانێیان دەکرد. وەک سەیرکردنی فیلم وابوو بۆیان. دەرکەوت، کە هێزەکانی بەرگریی کوبانی چەند ناوچەیەکیان هەنگاو بە هەنگاو لەدەستی داعش دەرهێناوە و چوونەتە دۆخی هێرشبردنەوە. بەکورتی لەوە تێگەیشتن، کە بەرخۆدێران و بەرەنگارانی کۆبانێ سەرەڕای نەبوونی ئیمکانیەت و دەرفەت، بە کڵاشینکۆف و نارنجۆکی دەستی بەرەنگاری داعش دەبنەوە و بەرخودانێکی بێ وێنە دەکەن. بەپێی ئەوەى وترا، لەسەر ئەو بنەمایە و لەو چوارچێوەیەدا ئۆباما تەلەفون بۆ ئەردۆغان دەکات و پێی دەڵێت، ئەوانەی لە کۆبانێ بەرگری دەکەن، هەر هێشتا بەرگری دەکەن، ئەگەر چەک و تەقەمەنییان پێ بگات ئەم بەرخۆدانە زیاتر و گەورەتر دەبێت و دەبێت پشتیوانیان لێبکرێت، بەڵام ئەردۆغان پێی دەڵێت، ئەوانەی لەوێ شەڕ دەکەن یەپەگە نین، بەڵکو پەکەکەن و 'پەکەکە ڕێکخستنێکی تیرۆریستییە، کە زۆر لە داعش مەترسیدارترە' و بۆ ئەوەش پشتیوانیکردن لێیان قبوڵ ناکەن.

واتە بەپێی ئەو تابلۆیە، کە ڕوون بوویەوە، ئەردۆغان دەرگای بەڕووی ئێوەدا کردووەتەوە، چاوپۆشیی لە ڕۆیشتنی هەڤاڵانتان بۆ کۆبانێ کردبوو، بەڵام لە دژی ئەوە بوو لە دەرەوە پشتیوانیتان لێ بکرێت...

وەک وتم، ئەردۆغان پلانی دانابوو کۆبانێ بکاتە گۆڕستانێک بۆ پەکەکە، بۆیە هەڵوێستی وەهای لە دژی ئۆباما نیشاندابوو، بۆیە بە هێزەکانی ناوخۆی تورکیای وتبوو "چاوپۆشییان لێ بکەن، با هەموویان بڕۆن و لەوێ بمرن" و پلانێکی مەترسیداری بۆ کۆمەڵکوژکردن ئامادە کردبوو. لەو کاتەدا گوایە چاوپێکەوتنەکانی ئیمراڵی هەبوون، گوایە ئاگربەست هەیە و کێشەکان چارەسەر دەبن! هەر خۆی ئەو پرۆسەیە، کە پێیان دەوێت پرۆسەی چارەسەری، پلان و بەرنامەیەکی تاکتیکی بوو، بە پلانی شەڕی تایبەت   ئامادەکرابوو و دواتر ئەوە زیاتر روونبوویەوە. لەو کاتەدا رۆیشتنی هێزەکانی پەکەکە بۆ کۆبانێ دەرفەتێکی زۆر باش بوو ئەوان، بۆیە چاوپۆشییان لێدەکرد و دەیانخواست هەموو هەڤاڵان لەوێ بپەڕنەوە بۆ کۆبانی و لەوێ کۆمەڵکوژ بکرێن. بەو شێوەیە نیشانی دا، کە لەگەڵ داعش پلانێکی دیاریکراو و هاوبەشی هەیە.

بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی ئەردۆغان، هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند، کە دەستبەکار دەبێت...

سەرباری ئەوەی ئەردۆغان ئەو وەڵامەی بە ئۆباما دابوییەوە، بەڵام لەبەر ئەوە ئۆباما بە چاوی خۆی دەیبنی بڕوای پێنەکردبوو. ڕەنگە وتبێتی، "هەر کەسێک بێت، ئەوان لە دژی داعشن" و لە حاڵێکدا، کە هیچ کەسێک بەرگەی داعشی نەگرتوە ئەوان لە دژی داعش وەستاونەتەوە، پشتیوانیکردنی ئەو بەرخۆدانە زیاتر لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە. ڕۆژی ١٦ی تشرینی یەکەم هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بڕیاریان دا پشتگیری لە بەرخۆدانی کۆبانێ بکەن، بەڵام لە هەمان ڕۆژدا ئەوەیان بە کردەیی جێبەجێ نەکرد. هێرشە ئاسمانییەکان لە دژی داعش دواتر دەستیان پێکرد.

هێرشە ئاسمانییەکان چۆن کاریگەرییەکیان لەسەر بەرخۆدانی کۆبانێ هەبوو؟

پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بوترێت: تا ئەو کاتەش بەرخۆدێران و بەرەنگارانی کۆبانێ بەشێک لە کۆبانێیان لە دەستی داعش دەرهێنابوو. ئەوانەی لە دۆخ و پێگەى هێرشدا بوون بەرخۆدێران و بەرەنگارانی کۆبانێ بوون. هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ئەمەیان بینی و دەیانزانی. لە دیمەنی فڕۆکە بێ فرۆکەوانەکانیانەوە ئەوەیان بینی، کە رۆژ بە رۆژ سەرکەوتن بەدەست دێت. داعش لە کۆبانێ تەنگاو کرابوو. هەر خۆی دواتر بڕیاریان دا پشتگیری بکەن، بڕیاریاندا، بەڵام چۆن جێبەجێی بکەن! چونکە هیچ پەیوەندییەکیان بە یەپەگەوە نەبوو. هیچ کەسێکی ئەوان لەوێ نەبوو بۆ رێکخستن و هەماهەنگی کردن. لەو کاتەدا بارودۆخێکی زۆر سەرنج ڕاکێش ڕوویدا، لە سلێمانی هەڤاڵێکیان هەبوو، کە وەک نوێنەری یەپەگە دەستنیشانکرابوو. فەرماندەیەکی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لەڕێگەی یەکێتییەوە پەیوەندی پێوەکردبوو. ئەو هاوڕێیەش لەگەڵ فەرماندەکانی یەپەگە لە کۆبانێ قسە دەکات و دەڵێت 'ئێوە  دەتانەوێت ئێمە لە کوێ بدەین'.

ئەوانیش هەمیشە بە ناچاری دەڵێن، لە بەرەی پێشەوە نەدەن، بەڵام لە هەندێک شوێنی پشتەوەی بەرەی پێشەوە بدەن، چونکە ئەگەر لە بەرەی پێشووە بدرایە، کە هەڤاڵان تیایدا لە دژی داعش دەجەنگان، دەکرا بەهۆی نەبوونی هیچ هەماهەنگییەکی دیاریکراوە، فڕۆکەکان بە هەڵە لەوانیشیان بدایە. هەر سەرباری ئەوەش فڕۆکەکانیان دوو جار بە هەڵە لێیاندان. بۆ ئەوەی رووداوی نەخوازراوی لەو شێوەیە روونەدات، بەو هەڤاڵەیان لە سلێمانی دەیانوت، 'چەند مەتر دوورتر لە فڵان بینا لەو هێڵە بدەن' ئەو هەڤاڵەش زانیارییەکەى دەدا بە بەرپرسانی ئەمریکی و فڕۆکەکانیش بەو شێوەیە لێیان دەدا. واتە بەشێوەیەک، کە ڕێڕەوی جەنگ دیاری بکات، یان کاریگەری دروست بکات لێیاندەدا، بێگومان ئەوە ڕۆڵی خۆی هەبوو، بەڵام شەڕی کۆبانێ بە شێوازی جەنگی دەستەویەخە، شەڕی ماڵ بە ماڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

 دوای ماوەیەک، جی پی ئێس-یان گەیاندە فەرماندەکانی یەپەگە و هەڤاڵانمان لەوێ. یەپەگە لە ڕێگەی جی پی ئێس-ەوە شوێنەکەی خۆی دیاری کرد، هەرروەها هەڤاڵانیش بە هەمان شێوە ڕێکیان دەخست و هەماهەنگییان دەکرد و ئامانجەکەیان دیاری دەکرد، بۆیە لە کۆبانێ هیچ جۆرە هەماهەنگی و پەیوەندیی راستەوخۆ بۆ هێرشی ئاسمانی نەبوو. ئەگەر بتوانرایە کەسی رێکخەر و هەماهەنگکار لەوێ دابنرایە و بەو شێوەیە لە ئاماسمانەوە لە ئامانجەکان بدرایە، ئەوا ئەنجامی باشتر و زیاتر بەدەست دەهات، بەڵام بەداخەوە تا کوبانی ئازادکرا هیچ شتێکی وەها لە گۆڕێدا نەبوو. بە مەزەندەکردن شوێنەکان دیاری دەکران و پێیان دەوتن و ئەوانیش لەو شوێنەیان دەدا.

بێگومان كاریگه‌ری ئه‌و هێرشانه‌بوو كه‌ له‌ ئارادابوون، له‌ راستیدا دوای ماوه‌یه‌ك، واته‌ دوای ئه‌وه‌ی كۆبانێ رزگاركرا هه‌ندێك شاره‌زای سه‌ربازی ئه‌مریكا هاتنه‌ شوێنه‌كه‌، له‌گه‌ڵ هاتنی ئه‌واندا به‌ڕێوه‌به‌ردنی زه‌مینی و ئاسمانی ئه‌نجامدرا. دواتر له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی منبج، ته‌بقا و ره‌قا رۆڵێكی كارایان گێڕا. به‌ڵام به‌رخودانی كۆبانێ به‌ گشتیی به‌رخودانی هێزه‌كانی خۆی بوو. هاوپه‌یمانی نێونه‌ته‌وه‌یی دره‌نگ بڕیاردا كه‌ داعش له‌وێ بكاته‌ ئامانج، له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی باسم كردن، زه‌بری به‌و جۆره‌یان نه‌وه‌شاند كه‌ ده‌ستبه‌جێ كاریگه‌ری له‌سه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ دابنێت. بۆیه‌ كاریگه‌رییان نه‌كرده‌ سه‌ر شه‌ڕه‌كه‌.

مرۆڤ ده‌توانێت بڵێت كه‌ زیاتر له‌ ته‌كنیك مرۆڤ كاریگه‌ری له‌سه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ هه‌بوو؟

وێڕای ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی وه‌ك زرێپۆش و تانك به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ بوون، مرۆڤ ده‌توانێت ئه‌وه‌ بڵێت. هه‌روه‌ها ده‌كرێت بوترێت، "شه‌ڕی كۆبانێ له‌ نێوان داعش و په‌كه‌كه‌دا شه‌ڕی ئیراده‌ بوو". له‌ ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه‌دا داعش به‌رامبه‌ر به‌ ئیراده‌ و ئایدۆلۆژیای په‌كه‌كه‌ شكستیهێنا. ئه‌وه‌ی له‌ كۆبانێ روویدا ئه‌وه‌بوو. له‌وه‌ زیاتر رۆڵی هێزه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان نه‌بوو. شه‌ڕی سه‌ره‌كی له‌ سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ تا 20 بۆ 25ی تشرینی یه‌كه‌م روویدا. ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی شه‌ڕه‌كه‌ی ئاراسته‌ كرد رووداوه‌كانی ئه‌و كاته‌ بوون، هێزه‌كانمان گه‌یشتنه‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، خۆیان گه‌یانده‌ یه‌په‌گه‌، له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ په‌لاماره‌كانی داعشیان وه‌ستاند، دواتریش ده‌ستیان به‌ هێرشی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ كرد، شه‌قام به‌ شه‌قام ناوچه‌كه‌یان له‌ داعش سه‌نده‌وه‌، شوێنه‌ رزگاركراوه‌كانیان فراوان كرد، به‌و جۆره‌ داعش كه‌وته‌ قۆناغی شكسته‌وه‌. ئه‌و رووداوه‌ ئاڵقه‌یه‌كی زۆر گرنگی شه‌ره‌كه‌ بوو. له‌و به‌رخودانه‌دا له‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵوێستی داعش كه‌ ده‌یگوت "ئه‌گه‌ر بمرم  ده‌چمه‌ به‌هه‌شت"، به‌رخودانی گیانبازی و پێداگرانه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ به‌رده‌میدا بووه‌ دیوارێك كه‌ ئه‌وه‌ی سه‌روژێر كرد. ئه‌وه‌ی روویدا ئه‌وه‌بوو.

هه‌ر بۆیه‌ به‌رخودانی شاری كۆبانێ به‌رخودانێكی زۆر گرنگه‌. له‌وێدا به‌رخودانی ئه‌فسانه‌یی یه‌په‌گه‌ و هه‌په‌گه‌ییه‌كان، هه‌روه‌ها له‌ كه‌سایه‌تی شه‌هید گوڵان و زه‌هراكاندا به‌رخودانی قاره‌مانانه‌ی یه‌ژاستار، به‌ چالاكی گیانبازی زۆان و رێڤان كۆبانێوه‌ به‌رخودانی قاره‌مانانه‌ی یه‌په‌ژه‌ییه‌كان گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ خۆیان به‌ جیهان بناسێنن. به‌ كورتی ئه‌و به‌ ئیراده‌بوونه‌ی یه‌په‌گه‌- یه‌په‌ژه‌ و هه‌په‌گه‌- یه‌ژاستاریان له‌ به‌رخودانی كۆبانێدا نیشاندا، كه‌ زۆر به‌ واتا و به‌ نرخه‌. تابلۆیه‌كی روونه‌ كه‌ ده‌ریده‌خات به‌ هونه‌ر و هێزی مرۆیی ده‌توانرێت چی بكرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وێ له‌ به‌رامبه‌ر تانكه‌كان به‌ چه‌كی كه‌سی به‌رخودان كرا. له‌ دژی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ زریپۆشانه‌ی خۆیان ده‌ته‌قانده‌وه‌، به‌هێزترین چه‌كی به‌رخۆدێره‌كان دڵ و بوێری گیانبازیان بوو. جیا له‌وه‌ ته‌نیا كڵاشینكۆفێك، نارنجۆك و چه‌كی ئار پی جیان هه‌بوو. ئه‌و به‌رخودێرانه‌ی كۆبانێیان پاراست به‌ دڵه‌وه‌ شه‌ڕیان ده‌كرد، به‌ بوێری و ئازایه‌تی خۆیان خۆڕاگریان كرد و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ به‌ ده‌ستپێكردنی هێرشی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ به‌ ئیراده‌بوونێكی گه‌وره‌وه‌یان خوڵقاند كه‌ داعشی شكستدا. ئه‌و ئیراده‌یه‌ی كۆبانێی رزگار كرد و ئه‌وه‌ی داعشی شكستدا ئه‌و ئیراده‌ ئاپۆییه‌ بوو.

ئێوه‌ وتتان كه‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ و ئه‌و شه‌ڕڤانانه‌ی له‌ كۆبانێ خۆڕاگریان ده‌كرد قسه‌تان ده‌كرد. له‌و قسه‌كردانه‌دا ئێوه‌ چیتان ده‌كرد؟ ئایا ئێوه‌ شه‌ڕه‌كه‌تان به‌ڕێوه‌ ده‌برد؟

بێگومان نا، نه‌ من و یانیش ئێمه‌ شه‌ڕه‌كه‌مان به‌ڕێوه‌ نه‌ده‌برد، ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌برد فه‌رمانده‌یی له‌ كۆبانێ بوو. ئه‌و فه‌رمانده‌ییه‌ش زۆرینه‌ی له‌ هه‌ڤاڵانی یه‌په‌گه‌ پێكده‌هات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان شاره‌كه‌ و ورده‌كاری ناوچه‌كه‌یان ده‌زانی، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی هه‌په‌گه‌ كه‌ چوونه‌ ئه‌وێ به‌شدارییان كرد و پشتیوانیان كرد. من له‌ منداڵیه‌وه‌ كۆبانێم ده‌ناسی، له‌وێ مابوومه‌وه‌. بۆیه‌ من شاره‌كه‌م باش ده‌ناسی، به‌ڵام شاره‌كه‌ گه‌وره‌ ببوو. هه‌روه‌ها ناوی نوێ له‌ سه‌ر گه‌ڕه‌ك و شه‌قامه‌كان دانرابوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ جار جار په‌یوه‌ندیم به‌ هه‌ڤاڵانی ئه‌وێوه‌ ده‌كرد و پرسیاری دۆخه‌كه‌م ده‌كرد. ئه‌وانیش له‌ رێگه‌ی ماڵه‌كانه‌وه‌ روونیان ده‌كرده‌وه‌. واته‌ وه‌ك ماڵی حه‌مه‌، ماڵی دكتۆر، مزگه‌وتی حاجی ره‌شید، مه‌كته‌بی ره‌ش، قۆناغی شاهین به‌گ، ئاسایش، نانه‌واخانه‌، لای حه‌له‌ب، له‌ رێگه‌ی شوێنی ناسراوه‌وه‌ ده‌یانگێڕایه‌وه‌. به‌و جۆره‌ تێده‌گه‌یشتین كه‌ داعش گه‌یشتوه‌ته‌ كوێ، پێویسته‌ له‌ كوێ به‌ره‌ بكرێته‌وه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئێمه‌ پێشنیاز و بیرۆكه‌ی خۆمان پێكه‌ش به‌ هه‌ڤاڵان ده‌كرد. هه‌روه‌ها له‌ رووی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشه‌كانی داعش، گرتنه‌به‌ری رێوشوێن، شێواز و رێبازه‌كانی هاندانه‌وه‌ ئێمه‌ش به‌ پێی ئه‌زمونی خۆمان جار جار روانگه‌ی خۆمان بۆ فه‌رمانده‌یی راده‌گه‌یاند.

وه‌ك ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ركه‌وتنی به‌رخودانی كۆبانێ بۆ گه‌له‌كه‌مان خاوه‌نی گرنگیه‌كی زۆر بوو. شه‌ڕه‌كه‌ بۆ ئێمه‌ش و بۆ هێزه‌ هێرشكاره‌كانیش كه‌وتبووه‌ ئاستێكی ستراتیژی زۆر گرنگ. ساتێكی وه‌ها هاتبووه‌ ئارا كه‌ شه‌ڕ له‌ ناو كۆبانێ گۆڕدرابوو به‌ شه‌ڕی گیانبازی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ مێشكی داعشدا كشانه‌وه‌ بوونی نه‌بوو. خۆی له‌ خۆیدا هه‌رگیز فه‌رمانی كشانه‌وه‌یان نه‌ده‌دایه‌ هێزه‌كانیان. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌ شه‌ڕدا كشانه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ تاكتیكه‌كان. واته‌ زۆر جار هێزه‌كه‌ بۆ هێرشی به‌رفراوانتر یاخود بۆ بردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی شه‌ڕه‌كه‌ تاكتیكی كشانه‌وه‌ به‌كارده‌هێنێت، به‌ڵام وه‌ك زۆر بابه‌تی دیكه‌ له‌و بابه‌ته‌شدا مێشكی داعش یه‌كلایه‌نه‌ بوو. خواستی ئه‌وان به‌ جۆرێك بوو كه‌ كشانه‌وه‌یان نه‌بوو، هه‌موو كات به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌هاتن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌په‌ڕاندنیان له‌ كۆبانێ كارێكی ئاسان نه‌بوو. به‌ناچاری بچوونایه‌ هه‌ر ماڵێكه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی له‌و ماڵه‌دابوون بكوژرانایه‌. به‌ تایبه‌تی له‌سه‌رتادا، به‌ شێوه‌ و رێبازی جیاجیا نه‌ده‌كشانه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له‌ هه‌ندێك شوێن له‌ نێوان هه‌ڤاڵان و ئه‌واندا زۆرترین مه‌ودا دیوارێك بوو. ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ و ئه‌وانه‌ی ئه‌وانیش دیواره‌كه‌یان كون ده‌كرد. كێ بیتوانیبایه‌ سه‌ره‌تا دیواره‌كه‌ كون بكات و له‌وه‌ی به‌رامبه‌ر بدات ئه‌وه‌ ده‌یبرده‌وه‌. به‌و جۆره‌ له‌ كۆبانێ شه‌ڕی گیانبازی روویدا.

هێنده‌ی كه‌ سه‌رنجی ئێمه‌ راده‌كێشێت، جیا له‌ هه‌ندێك یه‌كینه‌ كه‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌ركدار كرابوون، گه‌ریلا به‌ هۆكاری ئه‌منی ته‌له‌فون، ئینته‌رنێت و ئامێره‌ هاوشێوه‌كانی په‌یوه‌ندی به‌كارناهێنن. ئێوه‌ وتتان كه‌ به‌ ته‌له‌فون قسه‌تان ده‌كرد. ئه‌و دۆخه‌ كێشه‌ی بۆ ئێوه‌ دروست نه‌ده‌كرد؟

نا، ئه‌و كاته‌ رووبه‌ڕووی كێشه‌ی جیاواز نه‌بوومه‌وه‌. به‌ڵام میت ئه‌و كاته‌ هه‌موو قسه‌كانی منی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی كۆبانێ تۆمار كردبوو به‌ دۆسیه‌یه‌ك پێشكه‌شی ئه‌مریكای كردبوو. وتبوویان "شه‌ڕ له‌وێ نه‌ك یه‌په‌گه‌ به‌ڵكوو هه‌په‌گه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، بڕوانن قه‌ره‌یلان بۆخۆی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌كانه‌". ئه‌و كاته‌ ئه‌مریكیه‌كان له‌ نوێنه‌رایه‌تی یه‌په‌گه‌ له‌ سلێمانیان پرسیبوو. ئه‌و زانیاریه‌ له‌ رێگه‌ی فه‌رمانده‌یی له‌ كۆبانێوه‌ له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فونیدا به‌ من راگه‌یه‌نرا. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییه‌ی دا، من له‌و هه‌ڤاڵه‌م پرسی كه‌ له‌و كاته‌دا له‌ كوێیه‌. بینیم كه‌ نزیكه‌ له‌ گوندی كۆرعه‌لییه‌وه‌. منیش پێم وت، "بچۆره‌ گوندی كۆرعه‌لی، ده‌مه‌وێت سڵاوێك له‌ خه‌ڵكی ئه‌وێ بكه‌م". وتی، "ته‌واوه‌". دوای نیو كاتژمێر جارێكی تر ته‌له‌فونی كرده‌وه‌ و وتی، "ئێستا له‌ كۆرعه‌لیم، زۆرینه‌ی خه‌ڵك ئاماده‌ن". ئه‌و كاته‌ له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ زۆر كه‌سی ناوچه‌كه‌ قسه‌م كرد. هه‌روه‌ها سپیكه‌ری ته‌له‌فونه‌كه‌یان كرده‌وه‌ و قسه‌م بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ كرد كه‌ له‌وێ بوون. گه‌لیش روانگه‌ی خۆیان باس كرد. هه‌موویان منیان ده‌ناسی، كه‌شێكی پڕ له‌ هه‌ست هاته‌ ئاراوه‌. له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فونه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ی گه‌لمان ساز كرد. دواتر من به‌و هه‌ڤاڵه‌ی ئه‌وێم وت، "ئێستا میت، سی ئای ئه‌ی یان هه‌ر ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگری جیاواز كه‌ گوێ له‌ ئێمه‌ ده‌گرێت با ئه‌وه‌ بزانن، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی به‌ ئێوه‌وه‌ ده‌گرم، په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تیم هه‌یه‌. من له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانمه‌وه‌ ئه‌زمونه‌ سه‌ربازیه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئێوه‌ به‌ش ده‌كه‌م، ده‌مه‌وێت پشتیوانی بكه‌م. له‌به‌ر ئه‌وه‌ كه‌س ناتوانێك هیچ شتێك بڵێت. ئه‌وانه‌ی گوێمان لێده‌گرن و به‌ دۆسیه‌ پێشكه‌شی هه‌ندێك هێزی ده‌كه‌ن، با بزانن، با ئه‌مه‌ له‌ دۆسیه‌كه‌ زیاد بكه‌ن". پێموابێت سی ئای ئه‌ی و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی دیكه‌ش ئه‌وه‌یان بیستبوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دۆسیه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بێ ئه‌نجام بوون. جارێكی تر ئێمه‌ شتێكی له‌و جۆره‌مان نه‌بیست. به‌كورتی بابه‌تی كۆبانێ ئیتر ببووه‌ پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌دا وه‌ك ئێوه‌ش ده‌زانن له‌ باشوری كوردستانیشه‌وه‌ گروپێك پێشمه‌رگه‌ هاتن بۆ كۆبانێ.

 سبه‌ینێ: هاتنی پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبانێ

ژ. ت / هـ . ب