بە دیمەن

عادل ئەلیاسی: پێویستە بەڕێز ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بکرێت

عادل ئەلیاسی: زیندانی کردنی بەڕێز ئۆجەلان دژی دیموکراسی و مرۆڤایەتییە، پێویستە داوا بکرێت بەڕێز ئۆجەلان و زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن و بتوانن لەناو خەڵکەوە ئازادانە چالاکی بکەن و ڕاوبۆچوونی خۆیان بگەینن.

لە ڕۆژانی ٢٤-٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥دا، کۆنگرەی نەتەوەیی کورستان (کەنەکە) بە بەشداری ئەندامانی و میونانی لەسەر ئاستی هەر چوارپارچەی کوردستان کەنەکە ٢٣ـەمین کۆنگرەی ئاسای خۆی ئەنجام دا. لە کۆنگرەکەدا چەندین بڕیار و ڕوانگەی گرنگ لەسەر بنەمای تێکۆشانی سەردەمی نوێ گیرا کە بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە.

لە لێدوانێکی تایبەتی ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF)، لەگەڵ عادلی ئەلیاسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، سەبارەت بە ٢٣ـەمین کۆنگرەی ئاسای کۆنگرەی نەتەوەی کورد "کەنەکە و قۆناغی ئیستای کوردستان، ناوبراو بەم شێوەیە بۆ ئاژانسەکەمان دوا.

'کەنەکە ئەزموونێکی سەرکەوتوو بووە'

عادلی ئەلیاسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، سەبارەت بە کۆنگرەی کەنەکە گووتی: "ئێوە و بینەران ئاگادارن کە ساڵانێکی زۆرە هەوڵ هەیە بۆئەوەی چەترێک دروست بکرێت بۆ هاوکاری هێزەکانی چالاک لە کوردستان، ئەو هەوڵانە لە سەرئەنجامی جێگای پەسەند نەگەیشتن، کەنەکە و بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کارێکی کرد، چەشنێک لە چەتر دروست بێت، ئەگەرچی هێشتا هەموو هێزە چالاکەکان لە کوردستان تێیدا بەشدار نین، بەڵام لە جۆری خۆیدا هەوڵێکی باش بوو، تائێستاش بە ئەندازەی خۆی سەرکەوتوو بووە، ساڵانە کۆنگرەکەی خۆی بەڕێوەدەبات، هەل ئەڕەخسێنێت

کە ڕوانگەی جۆراوجۆر لێرە بێت، لەوانەش کەسایەتی ئەکادیمی، کەسایەتی هونەری، کەسایەتی سیاسی تاک دێن لێرە مەجالیان بۆ ئەخوڵقێت ڕوانگەی خۆیان بڵێن، دوای ئەو هەموو ساڵە، بە باوەڕی من لە جۆری خۆیدا سوننەتێکی باش و ئەزموونێکی سەرکەوتوو بووە".

'بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان پێویستە یەکڕیز بین'

هەروەها عادل ئەلیاسی خەجتی لە گرنگی نێوان حزبە کوردستانییەکان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "پێویستە لەسەر سەرجەم هێزەکانی چالاک لە کوردستان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانیش یەکگرتوویی لەناو خۆیاندا بە دەست بهێنن، بۆئەوەی لە دژی دوژمنانی کوردستان بتوانن بەشێوەیەکی بەهێز خۆیان بنوێنن، ئەگەر بەربڵاو بین و یەکڕیز نەبین مانای ئەوەیە ناتوانین بەو شێوەیەی کە پێویستە لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان پارێزگاری بکەین".

'زیندانی کردنی ڕێبەر ئۆجەلان دژی دیموکراسی و مرۆڤایەتییە'

هەروەها ناوبراو داوای ئازادی ڕێبەری ئۆجەلان-ی کرد و ووتی، زیندانی کردنی کەسێک کە باوەڕێکی سیاسی هەیە کردارێکی دژی دیموکراسی و دژی مرۆڤایەتییە، کاتێک کە ئەو کەسایەتییە سەرکردەی بزووتنەوەیەکە و سەرکردەی ڕەوتێکی سیاسییە، ئەوەندەی دیکە ئەم کارە دژە دیموکراتیک و دژی مرۆڤانەیە، بۆیە پێویستە لەهەر هەلێک کە ئەڕەخسێت داوا بکرێت کە بەڕێز ئۆجەلان ئازاد بکرێت و زیندانیانی سیاسی دیکە لە تورکیا و لە بەشەکانی دیکە کوردستان ئازاد بکرێن، وە هەلێک بڕەخسێت بۆ ئەوانەی کە بیرو ڕای سیاسیان هەیە، لەوانە بەڕێز ئۆجەلان و پارتەکەی و بزووتنەوەی کورد لە باکوری کوردستان بتوانن لەناو کۆمەڵانی خەڵکەوە ئازادانە چالاکی بکەن و ڕاوبۆچوونی خۆیان بگەینن".

'ئەگەر تورکیا بەشێوەیەکی ئەرێنی و جدی هەنگاو نەنێت'

هەروەها ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، باسی لە نیەتی تورکیا کرد لە پرۆسەی ئاشتی و ئاشکراشی کرد: "من بڕوام وایە دەوڵەتی تورکیا هیچ دەستکەوتێک بە خەڵکی کورد نادات و لەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ پەکەکە هەیەتی بەتەما نییە کەشوهەوای کوردستان لە باکور وەک تورکیای دیموکراتیزە بکات، ڕاستەکەی پێم وانیە پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" هەنگاوی لەوە زیاتر بنێت، چونکە ئێستا هەنگاوێکی ناوە لە کۆنگرە بڕیارێکی داوە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت، بەڵام ئەگەر تورکیا بەشێوەیەکی ئەرێنی و بەجدی بە پێشوازی ئەوە بڕیارە نەڕوات ئەوە پێم وانییە پەکەکە لەوە زیاتر هەنگاو هەڵبێنێت، وە ئەو قەوارەی خۆی دەهێڵێتەوە و پەکەکە چەک دانانێت پێم وانییە خۆشی هەڵناوەشێنێتەوە".

'خەڵکی کوردستان لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی یەکگرتوون'

لە کۆتایی قسەکانیدا، عادلی ئەلیاسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، جەختی لە یەکڕیزی و یەک هەڵویشتی هێزە سیاسییەکانی کوردستان کردەوەی و ئاماژەی بەوەکرد: "هیوادارم هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و هەموو هێزە سیاسییەکان کە ڕزگاری خەڵکی کوردستانیان لە ئاسۆدا لە بەرنامە هەیە، ئێستا لە جۆری ئەو کۆبوونەوەی کە هەیە کۆببنەوەو پێکەوە گفتوگۆ و ڕاوێژ بکەن، لەسەر داهاتووی خەباتەکەمان، وە پێکەوە لەسەر نەخشەی پلاتفۆرمێکی هاوبەش ڕێکەون بکەن، تاوەکو دوژمنان بزانن کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی یەکگرتوون، وە ڕوانگەی جیاوازیشیان هەیە، بەڵام کاتێک بەرەنگاری لە بەرامبەر دوژمنە گەلی کوردستان بە یەکگرتوویی ئەمێنینەوە".