کۆنفرانسی "پرسی کورد و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە ئەتینای پایتەختی یۆنان بەردەوامە. هاوسەرۆکی پەیەدە، غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پەیەدە سەما بەگداش و چەندین ئەکادیمی و سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووس بەشداربوون.
پاش پشووی نیوەڕۆ، سەرۆکی کاروباری دەرەوەی پێشووی یۆنان، نیکۆس کۆتزیاس قسەی کرد.
نیکۆس کۆتزیاس ڕایگەیاند گەلی کورد یەکێکە لەو گەلانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دوورن لە دەمارگیریی ئایینی، بۆیە دەبێت هەموو وڵاتان پشتگیری لەم گەلە بکەن، ئەگەر تورکیاش بەم پشتگیرییە نیگەران بێت، با نیگەران بێت، دەبێت هەمووان پشتگیری بکەن، چونکە کوردەکان ئامانجیان ئیدارەیەکی دیموکراتیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە دانیشتنی دووەمدا، دەربارەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا و کاریگەریی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر هەرێمەکە، گفتوگۆ کرا. لوانیس ئالبانیس دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد.
'کوردەکان لە سوریا هەبوونی خۆیان سەلماند'
لە زانکۆی هەولێرەوە، پرۆفیسۆر تۆماس شمیدینگەر ڕایگەیاند پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٠١٢، کوردانی ڕۆژئاوا خۆیان ڕێکخست و بوونە کاریگەرترین هێز، گوتی: "کوردەکان بە بەرخۆدانی مێژوویی کۆبانێ و قوربانیدانەکەیان، هەبوونی خۆیان لە سوریا سەلماند. پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەنووسی عەلەوی و دروز و کۆمەڵگەکانی تری سوریا، یەکلاکەرەوە دەبێت".
'سەرەڕای ئاستەنگەکانی دەوڵەتی تورک، کوردەکان هەنگاوی مەزنیان هاویشت'
ڕۆژنامەنووس ستاڤرۆس لیگەرۆس ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک خەونی عوسمانی نوێی هەیە کە کوردەکانیش لەخۆدەگرێت، گوتی: "هەوڵی ئاسیمیلەکردنی گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، بێپچڕان بەردەوامە".
ڕۆژنامەنووس پیترۆس پاپاکۆنستانتینو ڕایگەیاند سەرەڕای ئاستەنگەکانی دەوڵەتی تورک، کوردەکان لە سوریا هەنگاوی مەزنیان ناوە.
دانیشتنی دووەم کۆتایی هات و پشووی ناوبەر دەستی پێ کرد.
کۆنفرانسەکە بەردەوام دەبێت
دوای پشووەکە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئیلهام ئەحمەد قسە دەکات. لە دانیشتنی کۆتایدا، هێزە هەرێمییەکان و پرسی کورد تاوتوێ دەکرێت. دانیشتنەکە بە بەڕێوەبردنی سۆتریس رۆوسۆس بەڕێودەچێت، پرۆفیسۆر کۆنستانتینۆس فیلیس، مامۆستا لە زانکۆی نیکۆسیا ستاڤرۆس دراکۆلارکۆس و ئەکادیمیسیان لە زانکۆی لایپزیگ کەمال چۆمانی لە دانیشتنەکە بەشداردەبن. کۆنفرانسەکە بە وتەی کۆتایی هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پەیەدە سەما بەگداش کۆتایی دێت.