لە بازەل بۆ زیندانیانی نەخۆش بانگەوازی 'دەست بە هەوڵدان بکەن' کرا
پلاتفۆرمی دەنگی زیندانیان (TSP) بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد کە بۆ زیندانیانی نەخۆش کە لە زیندانەکانی تورکیادا راگیراون هەتا بمرن، دەست بە هەوڵدان بکەن.
پلاتفۆرمی دەنگی زیندانیان (TSP) بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد کە بۆ زیندانیانی نەخۆش کە لە زیندانەکانی تورکیادا راگیراون هەتا بمرن، دەست بە هەوڵدان بکەن.
پلاتفۆرمی دەنگی زیندانیان (TSP) لە گۆڕەپانی کلارای شاری بازەلی سویسرا سەبارەت بە زیندانیانی نەخۆش بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەدا سەرنج خرایە سەر دۆخی زیندانیانی نەخۆش لە زیندانەکانی تورکیا، کە بە شێوەیەکی سیستماتیک مافی چارەسەری و تەندروستییەکانیان پێشێل دەکرێت و رووبەرووی مردن بوونەتەوە.
مینە نزاری پارێزەری مافی مرۆڤ بەیاننامەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند کە بەسەدان زیندانی نەخۆش لە زیندانەکانی تورکیا سەرەڕای ئەوەی نەخۆشییەکانیان قورسە ئازاد ناکرێن و ڕێگری لە چارەسەرکردنیان دەکرێت. ئەو کردەوانە سیاسەتی ئەشکەنجەدانی کراوەیە.
مینە نزاری ئەوەشی ڕاگەیاند کە نزیکەی ٢ هەزار زیندانی نەخۆش لە زیندانەکانی تورکیادا راگیراون، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لانیکەم ٢هەزار و ٢٥٨زیندانی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ هاتا ٢٠٢٣ گیانیان لەدەستداوە و ئەم ژمارەیەش تەنها لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتووەتە ٧٠٩ زیندانی.
مینە نزاری ئاماژەی بە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی گۆشەگیری ڕەها کە لە زیندانەکانی جۆری س-ی لەسەر زیندانییە نەخۆشەکان دا و ڕایگەیاند گۆشەگیری رەها هەم نەخۆشییە جەستەییەکان زیاتر دەکات و هەم لەبواری دەروونیەوە تێکیان دەدات.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوای ئازادکردنی زیندانییە نەخۆشەکان کراوە و ڕاگەیەندرا: "دەبێت گۆشەگیری کۆتایی پێبێت ودەستبەجێ زیندانەکانی جۆری S و Y دابخرێن."
هەروەها پلاتفۆرمی دەنگی زیندانیان (TSP) لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بۆ زیندانیانی نەخۆش کە لە زیندانەکانی تورکیادا راگیراون هەتا بمرن، دەست بە هەوڵدان بکەن.