بە دیمەن

لە دراگوگنان ڤەدات تۆپچو بە بیرهێنرایەوە

لە شاری دراگوگنانی فەڕەنسا بنەماڵە و دۆستانی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کورد، ڤەدات تۆپچو کە لە ٣١ ئایار کۆچی دوایی کرد، ڕایانگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی تۆپچو لە دوورە وڵات ژیانی دەکرد، بەڵام هەرگیز پەیوەندی لەگەڵ گەلەکەیدا نەبڕیی و درێژەی بە تێکۆشان دا.

ڤەدات تۆپچو هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی کورد لە شاری دراگوگنانی فەڕەنسا لە ٣١ی ئایار بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ژیانی لەدەستدا. بەسەدان کەس لە هەرێمە جیاجیاکانی فەڕەنساوە بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد. هاوڕێ و هەڤاڵانی تۆپچو باسیان لە تێکۆشان و بەرخۆدانی کرد.

لە مەراسیمەکەدا ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکاری توپچۆ سپاسی بەشداربوانیان کرد. پاشان کۆرتە فیلمێک لەسەر ژیانی تۆپچو نمایش کرا.

 پاشان هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی کۆپ ڕەحمی چەلیک سەبارەت بە هەڤاڵەکەی ڤەدات تۆپچو وتی: "هەڤاڵ ڤەدات نە تەنها هاوڕێەک یان سیاسەتمەدارێک، بەڵکوو ئەو تێکۆشەرێک بوو، تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش شکۆی گەلەکەی دەپاراست. ئێمە پێکەوە لە شاری کۆپ کارمان دەکرد. بە باوەڕ، دڵ و ئیرادەی هەمیشە هیوای بە ئێمە دەبەخشی. ڤەدات لەهەر شوێنێک هەبووایە لەوێ بوێری و بەرخۆدان هەبوو."

هەروەها لە مەراسیمەکەدا پەیامی ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانیش خوێندرایەوە.

 دوای مەراسیمەکە، تەرمی ڤەدات تۆپچو بە شیویەکی جەماوەری گوازرایەوە بۆ فڕۆکەخانە و پاشان بەرەو تورکیا بەڕێکرا. تەرمی تۆپچو لە ناوچەی کۆپی شاری موش بە خاک دەسپێردرێت.