فێستیڤاڵی عەلەوییەکانی بەریتانیا یەکێکە لە مەزنترین فێستیڤاڵەکانی ئەوروپا کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت و ئەمساڵ بە درووشمی "بە هیواوە هەنگاو دەنێین" بۆ سیازدەهەمین جار ئەنجام دەدرێت. لە فیستیڤاڵەکەدا جۆرەها چالاکی ئەنجام درا و بە گێرانی ئاهەنگ کۆتایی هات. جێگەی ئاماژەیە فێستێڤاڵەکەی ئەمساڵ کرا بە دیاری قوربانیانی کۆمەڵکووژییەکانی سەر عەلەوییەکانی سووریا.
لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین چالاکی چاندی عەلەوێتی پێشکەش کرا، دواتر لەسەر ئاستی کەسایەتی و پارتەکان پەیام و وتارەکان پێشکەش کرا، لەمساڵی فێستیڤاڵەکەدا هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغوللاری بەشداری کرد و وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبوونی فێستیڤاڵەکە کرد.
'هەمووکاتێک لەگەڵ عەلەوییەکانداین'
تولای حاتەم ئۆغوللاری بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی سڵاوی لە ئامادەبوون کرد و گوتی: "گەر لە وڵاتێکدا تەنها یەک کەسی باوەڕ جیاواز لە وڵاتێکی یەکباوەڕییدا هەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە تێکۆشانمان بۆ ماف و ئازادی ئەو یەک باوەڕەیەیش دەبێت، دەم پارتی هەمووکاتێک لەگەڵ عەلەوییەکاند بووە و بە دڵنیاییەوە ئاوایش دەمێنێتەوە. بۆیە لێرەوە دەڵێین هیچ کات دەستبەرداری باوەڕ و سیاسەتەمان بە فرەڕەنگی نابین. ڕوونە گرتنی نەڤین کامل ئاغائۆغلوو سیاسییە و بە هەموو شێوەیەک لە دژی عەلەوییەکانە."
تولای حاتەم ئۆغوللاری سەرنجی خستەسەر پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە تورکیا و ئاماژەی بە سوربوونی دەم پارتی کرد لە پەرەدان بە پرۆسەکە و گوتی: "بەبێ عەلەوییەکان ئاشتی نابێت. بە بێ عەلەوییەکان لە تورکیادا دیموکراسی نابێت."
دواتر پەرلەمانتاری جەهەپە، ئۆرهان ساریباڵ قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا لە جۆروم، مەرەش، گازی... کۆمەڵکووژی و ستەم لە دژی عەلەوییەکان کراوە و ڕاگەیاند لەو کۆمەلکووژییەیی بەسەر عەلەوییەکانی سووریادا هێندرا، تورکیا و حکومەتی تورکیاش پشکی هەیە.
فێستیڤاڵەکە بە ووتنەوەی درووشمەکانی ئازادی و گۆرانی و هەڵپەڕکێیی کولتووری عەلەوییەکان کۆتای هات.