چالاکی ئێشکگریی ئازادی لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا، لەو شوێنەی دامەزراوەکانی وەک کۆنسەی ئەوروپا و کۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشکەنجە (سی پی تی) و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای لێیە، لە هەفتەی ٦٧٦هەمیندا بەردەوامە. هەموو هەفتەیەک گرووپێکی جیاواز چالاکییەکە دەگرنەئەستۆ و داوای هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیمراڵی و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن.
ئەم هەفتەیە وەدات کاپلان و ئەرهان نۆیان و بولەنت ئاکیلدرم لە شاری زیوریخی سویسراوە هاتن و ئێشکگرییەکەیان وەرگرت. لەسەر ناوی گرووپەکە، ئەرهان نۆیان قسەی کرد و ڕایگەیاند چالاکییەکە بە مۆراڵ و پێداگرییەکی مەزنەوە، ١٣ ساڵە بەردەوامە.
ئەرهان گوتی: "دەبێت ئیدی کۆنسەی ئەوروپا و کۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشکەنجە (سی پی تی) و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا چارەسەر پشتگوێ نەخەن. ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەی ئاشتی و ئازادی دەست پێ کرد. دەبێت ئەوروپا لەم پرۆسەیە بەشداربێت، تاوەکو ئەنجامی خراپ نەکەوێتەوە. بۆیە دەبێت، دەستبەجێ هەنگاوبنرێت و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت. بۆ ئەمەش دەبێت فشار لە دەوڵەتی تورک بکرێت".
ئەرهان ڕایگەیاند ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ تەنها مافێکی تاکەکەسی نییە، هاوکات ئازادیی گەلی کوردە کە سەدان ساڵە دەچەوسێنرێتەوە، گوتی: "دەبێت بە دەوڵەتی تورک بڵێن، ئەم گەلە ئەوەندە ستەمی چەشتووە، کەچی هێشتا داوای ئاشتی دەکات، ئیتر بەسە. دەبێت مافە سرووشتییە زەوتکراوەکانی ئەم گەلە بگەڕێننەوە. دەبێت پشتگیری لەم پرۆسەیە بکەن تا بەشێوەیەکی گونجاو بڕواتەپێش. بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، دەبێت ئازادیی جەستەیی مسۆگەربکرێت".
ئەرهان ڕایگەیاند بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکە لەسەر بناغەی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بوون، جەختی کردەوە، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە زۆر گرنگە.
لەکۆتاییدا گوتی: "دەبێت گەلەکەمان ئەم پرۆسەیە سەربخات، دەبێت لە شەقامەکان داوای ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و مافەکانی گەلی کورد بکات و پشتگیری لەم پرۆسەیە بکات".