بە دیمەن

باکرهان: پێویستە دەستبەجێ دەرگاکانی ئیمرالی بکرێتەوە

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند: "پێویستە دەستبەجێ دەرگاکانی ئیمرالی بکرێتەوە، ئێمەی کورد، کرێکاران و بندەستان خاوەنی سەرەکی ئەم وڵاتەین."

کۆبوونەوەی دەم پارتی

 

هاوسەرۆکی دەم پارتی تونجەر باکرهان لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە پارتەکەیان یەک ساڵەی خۆی تەواو دەکات و وتی: "ڕەنگە تەمەنی ئێمە گەنج بێت، بەڵام تێکۆشانی ئێمە لەسەر بنەمای تێکۆشانی سەدان ساڵە دامەزراوە. دەم پارتی لە گەلەکەمان پیرۆز بێ. دەم پارتی گەرەنتی دادپەروەری، ئاشتی و ژیانی مرۆڤەکانە."

باکرهان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "دەم پارتی تەنیا بۆ گەلی کورد نییە، بەڵکو بۆ هەموو ناسنامە بندەستەکانە، ئەوانەی کە نکۆڵیان لێدەکرێت، لەوانەیە کە ڕیشەمان لە تورکیادا بێت، بەڵام ڕۆحمان لە هەموو جیهاندایە. ڕێگای ئێمە ڕێگای سێهەمە، ڕێگای کۆمارێکی دێموکراتیکە کە تێیدا هەموو کرێکاران و بندەستان بتوانن بە یەکسانی و دادپەروەریی تێدا بژین. لە گۆرانییەکی کوردیدا دەڵێت: "ڕەشەبا و باهۆزێکی زۆرمان بینی، بەڵام نەشکاین." دەم پارتیش ڕێک لەگەڵ ئەو وتنە دێتەوە."

لە میانەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا کە کورد، کرێکار و بندەستان خاوەنی سەرەکی ئەم وڵاتەن. ئەم وڵاتە وڵاتی ئەو کەسانە نییە کە نەتەوەپەرەستی پراکتیزە دەکەن، بەڵام ڕزیوبوونی خۆیان نابینن. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە. بەسەدان هەزار کەس لە زیندانەکاندا لە چاودێری تەندروستی بێبەشن. زۆرێکیان بە ناڕەوا دەستگیرکران و گیانیان لەدەستدا. بەسەدان هەزار زیندانی وەکوو پێویست نان و خواردنیان پێنادەن. نەخۆشن نابرێنە نەخۆشخانە. وڵات لە هەموو لایەکەوە وێران و ڕزیو بووە و لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لە تاریکیدایە. ئێستا گۆڕانکاری بۆ تورکیا تەنیا ڕێگا چارەیە. بانگەوازی لە دەسەڵاتداران دەکەین؛ بۆئەوەی ئەم دۆخەی ئێستا زیاتر تەشەنە نەکات، پێویستە بۆ ئاشتی و دادپەروەری حکومەت و ئۆپۆزسیۆن و پەرلەمان دەستبەجێ هەنگاو بنێن.

بۆ کۆمارێکی دیموکراتیک ئەرک و بەرپرسیارێتی گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن. جەهەپە دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ لە چارەسەری دیموکراتیکی کوردیدا بگێڕێت. جەهەپە نابێت پشت بە دۆخی ئێستا ببەستێت، کورد خۆی بڕیار دەدات لەگەڵ کێ قسە بکات و لەگەڵ کێ دابنیشێت و دەست لەگەڵ کێ بدات. ئێمە لە پشت پەردەوە هیچ کارێکی نهێنیمان لەگەڵ کەس نییە. هەندێک لایەن قسەی بێ بنەما دەکەن، بەم قسانە زەمینەی گفتوگۆ دەگرن و نایانەوێت چارەسەری بێتە ئاراوە. هەروەها بانگەوازی ئێمە بۆ پارتە سیاسییەکان، فێمینیست، ئیکۆلۆژیست، کرێکاران، ڕەنجدەران، ڕێکخراوە پیشەییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین وەرن با ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری لە دەستی ئەم دەسەڵاتەدا دەربێنین.

پارێزەر و بنەماڵەی بەڕێز ئۆجالان ماوەی ٤٣ مانگە نەیانتوانیوە دیدار ئەنجام بدەن. بەڕێز باخچەلی، وەک تۆ، ئێمەش بەڕاستی پرسیار دەکەین بەڕێز ئۆجالان چی دەڵێت، بانگەوازی چی دەکات. گۆشەگیریی هەڵبگرن و با پێکەوە سەیر بکەین بزانین بەرێز ئۆجالان بانگەوازی چی ئاراستەی ڕێکخستنەکەی و هەڤاڵانی دەکات. بۆچی بانگەوازێکی بەتاڵ دەکرێت لە دوورگەیەک کە ٤٣ مانگە هیچ باڵندەیەک بەسەریدا نەفڕیوە؟ کەواتە دەبێت دەستبەجێ دەرگاکانی ئیمرالی بکرێتەوە و ئێمەش گوێ دەگرین کە بەڕێز ئۆجالان چ جۆرە وەڵامێکتان دەداتەوە؟ دەرگاکان بکەنەوە و گوێ لە قسەکانی بگرین."