پەخشان عەزیزی ماوەی ١٠٠ رۆژە نەیتوانیوە چاوی بە بنەماڵە و پارێزەرانی بکەوێت

کەمپینی 'ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی' رایگەیاند، کە ئەو رۆژنامەنووسە زیندانییە ماوەی ١٠٠ رۆژە نەیتوانیوە بنەماڵە و پارێزەرانی ببینێت و جارێکی تر داوایکرد، سزای لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە هەڵوەشێندرێتەوە.

هەڵمەتی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی لە رێگەی سەکۆکانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان زانیاری لەابرەی دۆخی عەزیزی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ماوەی ١٠٠ رۆژ بەسەر قەدەغەکردنی دیداری پەخشان عەزیزی لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی تێپەڕدەبێت.

لە درێژەدا رێگەپێنەدان بە دیداری پەخشان عەزیزی لەگەڵ بنەماڵە و پاڕێزەرانی وەک زەقترین پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤی دەسەڵات پێناسەکراوە.

لە کۆتاییشدا کەمپینی ئازادی بۆ پەخشان عەزیز رایگەیاندووە، "داواکارین دەستبەجێ سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی هەڵبوەشێندرێتەوە و ئازاد بکرێت".

پەخشان عەزیزی خەڵکی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە. رۆژنامەنووس، داکۆکیکاری مافەکانی ژنان و توێژەری کۆمەڵایەتی بووە. رۆژی ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٤  لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشەوە لە تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.