ڕووحانی: فشارێكی سه‌ختی ئابووریمان له‌سه‌ره‌

حه‌سه‌ن ڕووحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌سه‌ر گۆڕی خومه‌ینی دانی به‌وه‌دا نا كه‌ گه‌مارۆكانی ئه‌مه‌ریكا كاریگه‌ری له‌ ئابووریی ئێران كردووه‌.

حه‌سه‌ن ڕووحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی حكوومه‌ته‌كه‌ی سه‌ردانی گۆڕی «ئایه‌توڵا خومه‌ینی» كرد، دواتریش لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانی دا.

ڕووحانی ڕایگه‌یاند، به‌هۆی گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌خترین فشاری ئابووریی دوای شۆڕشی ١٩٧٩یان كه‌وتووه‌ته‌سه‌ر، به‌ڵام به‌ هه‌وڵدان، فیداكاری و خۆڕاگریی گه‌ل ئه‌مه‌ریكا له‌م شه‌ڕی ئابوورییه‌دا شكست دێنێت. گوتیشی، ئه‌م شه‌ڕه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ دژی ئێران له‌ كانوونی دووه‌می ٢٠١٨ ده‌ستی پێكردووه‌، له‌ ڕووی سیاسی، حقووقی و ده‌روونی له‌ ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.

ڕووحانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، جگه‌ له‌ چه‌ند وه‌ڵاتێكی دونیا، هه‌موو وه‌ڵاتان دژی ئه‌مه‌ریكا پشتگیریی ئێران ده‌كه‌ن. «ئه‌مه‌ریكا نه‌ك ته‌نیا له‌ دژی ئێران، به‌ڵكو شكستی به‌و په‌یمانه‌ش هێنا كه‌ ده‌رباره‌ی بازرگانیی ئازاد له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، چین و ئه‌مه‌ریكای باكوور ئیمزای كردبوو.»

سه‌رۆك كۆماری ئێران ڕاشیگه‌یاند، كێشه‌كانی ئێستای ئێران به‌هۆی زه‌خت و فشاره‌كانی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانییه‌تی. گوتی، «نابێ له‌جیاتی شه‌رمه‌زاركردنی ئه‌مه‌ریكا، حكوومه‌تی خزمه‌تكاری ئێران تاوانبار بكرێت.»

s.m