کاکەباوە داگیرکاری تورکیا و دۆخی بادینان دەباتە پارلەمانی سوید

ئامینە کاکەباوە پارلەمانتاری سوید تاوان و داگیرکاری و کۆمەڵکوژیەکان کە ڕژێمی تورکیا دژی گەلی کورد ئەنجامی داون و دەستگیرکردنەکانی بادینان دەباتە پارلەمانی سوید و گفتوگۆیان لە سەر دەکرێت.

ئامینە کاکەباوە پارلەمانتاری پارتی چەپی سوید، (تاوان، داگیرکاری، کۆمەڵکوژیەکان، کە ڕژێمی تورکیا دژی گەلی کورد ئەنجامی داون  و گرتن و ڕەشبگیریەکانی دەڤەری بادینان) بە پێشنیارپرسێک دەباتە پارلەمانی سوید و گفتوگۆیان لە سەر دەکرێت.

کاکەباوە لە پێشنیارپرسەکەیدا ئاشکرای کردوە: "یەکینە تایبەتەکانی سوپای تورکیا لە ساڵی ۱۹۹۲ بە دواوە سنوری ئێراق دەبەزێنن و دەربازی باشوری کوردستان بوون. بەو شێوەش دەوڵەتی تورکیا سەروەری خاکی ئێراقی پێشل کردوە و هاوکات لەوێ سەدان کەسی کۆمەڵکوژ کردوە و گوندەکانی وێران کردوە و دانیشتوانەکەیانی ڕووبەڕووی ترس و نیگەرانی کردوەتەوە".

ئامینە کاکەباوە ڕایگەیاندوە: "دەوڵەتی تورکیا بەوەشەوە نەوەستاوە و لە سەر خاکی ئێراق ژمارەیەکی زۆر بارەگای سەربازی دروست کردوە. لەوێ هەر وەک عەفرین هێزەکانی تورکیا تاوانی دژە حقوقیان بەرامبەر مەدەنیەکان ئەنجام داوە".

کاکەباوە دەڵێت: "لە ساڵانی ۲۰۰۳ و ۲۰۰۸دا، پارلەمانەکانی ئێراق و هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوایان لە دەوڵەتی تورکیا کردوە تا هێزەکانی لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و ئێراق بکێشێتەوە. لە ۲۹ی مانگی چەلەی ئەمساڵدا، جەماوەری شیلادزێ و دێرەلووک لە دژی بارەگا سەربازیەکانی تورکیا ڕاپەڕین و بە هۆی تەقەی هێزەکانی تورکەوە لەوێ نەوجەوانێک گیانی لەدەستدابوو و چەندین جەوانی دیکە بریندارببوون. دوابەدوای ئەوەش بەڕێوەبەرانی هەرێمی کوردستان لە بری سەرکۆنەکردنی هێزە تەقەکەرەکانی تورکیا، کەچی لە شیلادزێ و دێرەلووک و دهۆک ڕەشبگیریان کرد و ژمارەیەک لە چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانیان دەستگیر کرد. لە سەروبەندی ئامادەکردنی ئەم پێشنیارپرسەم دا، ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی،کە یەکێکە لە دەستگیرکراوەکان چارەنوسی نادیارە و نازانرێت لە کوێییە. لەو سۆنگەیەوە کە پێشتر لە باشوری کوردستان چەندین ڕۆژنامەوان لەلایەن دەسەڵاتەوە کوژاون لەوانەش (کاوە گەرمیانی وزەردەشت عوسمان)، ئێمە بە ئەرکی خۆمان و وەزیری دەرەوەی سوید خاتوو مارگێت واڵسترۆمی دەزانین، تا بۆ دەرچوونی سوپای تورکیا لە خاکی باشوری کوردستان و ئێراق، ڕاگرتنی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر هاوڵاتیان و ئازادکردنی دەستگیرکراوانی بادینان خاوەن هەڵوێست بین و دەشپرسین؛ پەیوەست بەوە دەوڵەت و وەزیری دەرەوەکەمان لە یەکێتی ئەورووپا دەیەوێت چی بکات؟".

ئامینە کاکەباوە دەستنیشانی کردوە: "ڕژێمی بارزانی دەبوو لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیادا هاوڵاتیەکانی بپاراستایە، کەچی ئەوان و ڕۆژنامەوانانی دەستگیر کردوە، کە ڕووماڵی ڕووداوەکانیان کردوە! بەڕێوەبەرایەتیەک نەتوانێت گەل و وڵاتی خۆی بپارێزێت، نە دەوڵەتانی دراوسێ و نە دەوڵەتانی جیهانیش ڕێزی لێناگرن.بۆیە دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دژی هێرش و تاوانەکانی تورکیا بوەستنەوە و دەستبەجێش دەستگیرکراوان ئازاد بکەن".

ئامینە کاکەباوە پارلەمانتاری پارتی چەپی سوید، لە پێشنیارپرسەکەیدا ئەوەی ئاشکراکردوە، کە "دەوڵەت و گەلی سوید لە پێناوی ئازادی و دیموکراسیدا، هاوکاری ماددی و سەربازیان پێشکەشی هەرێمی کوردستان کردوە، بۆیە ئەرکە لە سەر حکومەتی سوید کاری جددی بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوان بکات و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت خێرا پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە بکەن".

هـ.هـ