دروشمی 'ژن، ژیان ئازادی' شەقامەکانی برۆکسلی ھەژاند

بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی'، لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، هەزاران کەس روویان لە شەقامەکان کرد و سڵاویان لەو شۆڕشە کرد.

لە شاری برۆکسل بە پێشەنگایەتی حزب و ڕێکخراوە کوردییەکان لەوانەش پەژاک، کەژار و تەژەکە- کورد لە بەلجیکا، ھەروەھا ڕێکخراوی ژنانی ئەفغانستان، فێمینیستە دیموکراتەکان، ڕێکخراوە چەپگر و دژە سەرمایەداریەکان ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو.

بەشداربووانی ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی پلاس پولاترت کۆبوونەوە و لە گۆڕەپانەکەدا بەناوی حزب و ڕێکخراوەکان وتارەکان لەبارەی گرنگی شۆڕش پێشکەش کران.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کەژار و پەژاک دا ئاماژە بەوەکرا، "له یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینادا سڵاو و رێز ئاراستەی سەرجەم بەرخۆدەران و بنەماڵه ی شەهیدانی شۆڕشی ژینا دەکەین و پاڵپشتی خۆمان بۆ گەل دووپات دەکەینەوه. شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کولتوورێکی بەرخۆدانی خوڵقاندووە، کە هەرگیز ناوەستێت. دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێپەڕاندووە و ئەمڕۆ بووەتە دروشمێکی جیهانی. ڕژێمی ئێران دەیەوێت بە کوشتن، گرتن و تۆقاندنی گەل، درێژە بە هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا بدات. ھەروەھا ئەو دروشمە هاواری گەلە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئیتر داوای ناسنامەی کولتووری و ھەبوونی خۆیان دەکەن".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "ڕژێمی پیاوسالار و شیعە، کە بەشێوەیەکی توند لەژێر ناوی ئاییندا دەیەوێت داواکارییەکانی بەسەر گەلدا بسەپێنێت، لەناو قەیران و کێشەی جددی ناوخۆییدا دەژیت. ھەربۆیە لە هەموو کات زیاتر ئازادیخوازان پێویستیان بە یەکگرتن، هاوکاری و یەکڕیزی هەیە. چونکە ژن و گەنج بناغەی کۆمەڵگان. زیاتر لە ھەموو کات ژنان و گەنجان پێویستیان بە بەهێزکردنی یەکێتی و یەکڕیزی هەیە.

جەختیشکراوەتەوە، "بێگومان هیچ دەستکەوتێک بەبێ قوربانیدان بەدەست نایەت. یەکێک لە دەستکەوتە ھەرە گەورەکانی ئەم شۆڕشە، دروستکردبوونی ڕۆحی یەکێتی و یەکڕیزی گەلانە، کە زیاتر دەوڵەتی ئێرانی خستەناو ترس و تۆقینەوە. هەر بۆیە هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە سەرلەنوێ سەرھەڵدان و تێکۆشانی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرھەڵبداتەوە. پێویستە هەمووان و سەرجەم پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان خۆیان بۆ ئەوە ئامادە بکەن و بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەو شۆڕشەدا بکەن".

ھاوکات بەناوی ڕێکخراوەکانی ژنانی ئەفغانستانیشەوە وتار پێشکەش کرا، کە تێیدا ھاتووە، "لەو وڵاتانەی کە پیاوسالاری و دەسەڵاتی پیاوان زاڵە و ئایین بە زۆرەملێ بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێندرێت، کوشتن، گرتن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان زیاترە. بۆیە ئێش و ئازاری ژنێک لە ئەفغانستان یان لە ئێران و کوردستان ھەر یەکێکە".

ھاوکات سەرجەم پێکھاتە و ئەو ڕێکخراوانەی لە ڕێپێوان بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینیدا بەشداربوون، پەیام و وتاری خۆیان پێشکەش و داوای ئازادی زیندانیانی سیاسیان کرد.

دوای وتارەکان سەدان کەس کە لە گۆڕەپانەکەدا کۆببوونەوە دەستیان بە ڕێپێوان کرد و بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' شەقامەکانی برۆکسلیان هەژاند.

دوای ڕێپێوانەکە، زیاتر لە ٥٠٠ کەس، لە گۆڕەپانی گار دو میدی کۆبوونەوە و گروپی میوزیکیش بە ئامێرەکانیان لە ژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" گۆرانییان پێشکەش کرد.

ژ.ن