هێرشە داگیرکەرییەکان لە لەندەن ئیدانە کرا

لە بەردەم کونسوڵخانەی تورکیا لە لەندەن، هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئیدانە کرا.

لە بەردەم کونسوڵخانەی تورکیا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بە پێشەنگایەتی کۆمۆنی گەنجانی کیندا زین و ئەنجومەنی ژنانی ژیان چالاکییەکی شەرمەزاری بەڕێوەچوو. لە چالاکییەکەدا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی SNA بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرا. دۆستانی گەلی کورد و بەشێکی زۆر لە کوردانی دانیشتووی ئەوێ بەشداریی چالاکییەکە بوون. لە میانەی چالاکییەکەدا وێنەکانی ڕێبەر ئاپۆ وئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە بەرز کرایەوە.

گەنجان لە بەردەم کونسوڵخانەی تورکیا بەردەوام دروشم و ئاوازییان وتەوە. گەنجان لە میانەی چالاکییەکەدا ئەم پەیامەیان ڕاگەیاندا؛ "دەمانەوێت لە هەموو شوێنێکدا سیاسەتی جینۆساید و فاشیستی دژ بە گەلەکەمان شەرمەزار بکرێن و لە هەمان کاتدا بە چالاکییەکان جۆش و مۆڕاڵ بە خەباتکارانی بەرخۆدانی بەنداوی تشرین بدەن."

بە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی گەلی کوردی لەندەنەوە حەمزە ئەحمەد لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و وتی: "دەبێت لە هەموو شوێنێک هێرشە داگیرکاریی و تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئاشکرا بکرێن. دەوڵەتی داگیرکەری تورک نەک هەر بۆ کوردستان بەڵکوو دژی هەموو جیهان تیرۆر بەکار دێنێت."

'دەوڵەتی تورک کەسانی مەدەنی دەکوژێت'

لە چالاکییەدا بەیاننامەیەک بەناوی دۆستانی گەلی کورد خوێندرایەوە. لە بەیاننامەکە سەرنج خرایەسەر کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی لە دەوروبەری تشرین لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانەوە. هەروەها ئاماژە بەوەکراوە کە دەوڵەتی تورک هەموو دەرفەتێک بۆ هێرشکردنە سەر گەل وەردەگرێت. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە دەوڵەتی فاشیستی تورک لەبری ئەوەی بەدوای دیالۆگ و ڕۆڵی بنیاتنەردا بگەڕێت لەم پرۆسەیەدا کە زۆرتر پێویست بە دیالۆگ هەیە، هەوڵی توندوتێژی، هەڕەشە و شەڕ دەدات.

بە هێرشەکانی بۆ سەر قەرەقۆزاق و تشرین، دەوڵەتی تورک ئامانجی سەرەکی گەمارۆدانی کۆبانێیە. بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئاگاداری ئەم بابەتە بێت."

چالاکییەکە بە دروشمی، "بژی ڕێبەر ئاپۆ"، "بژی بەرخۆدانی ڕۆژاوا"، "بژی یەپەگە" و "بژی یەپەژە" کۆتایی هات.