ئەمڕۆ لە شاری هەولێری باشووری کوردستان، شاندێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە) بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوە. شاندەکەی دەم پارتی و دەبەپە پێکهاتبوون لە هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندەر و جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەبرو گونای و وتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی بەردان ئۆزتورک. هاوکات لەگەڵ بافڵ تاڵەبانییدا، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەنەکە دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ و لێپرسراوی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەنەکە سالار سەرحەد پێشوازییان لە شاندەکە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشکخرایەسەر ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت سوریا، جەختکرایەوە لە پەنابردن بۆ چارەسەری ئاشتییانە و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی شەڕ. هەردوولا جەختیان کردەوە پێویستە لە سوریا ڕێز لە ئیرادەی گەلان و پێکهاتەکانی سوریا بگیرێت و مافەکانی گەلی کورد مسۆگەر بکرێت.
سەرۆکی یەنەکە بافڵ تاڵەبانی پشتیوانی حزبەکەی بۆ چارەسەری ئەرێنی و هاوبەشی ڕاستەقینە لە سوریا دووپاتکردەوە، جەختی کردەوە لەسەر پشتیوانی یەنەکە بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سوریا و پشتیوانیکردن لە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.
بافڵ تاڵەبانی گوتی: "هەوڵەکانی بەڕێز مەزڵوم عەبدی لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکە بەرزدەنرخێنین و هیوادارین هەموولایەک بەهەمان ڕۆحییەتەوە هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکان بدەن".
شاندی دەم پارتی و دەبەپە هەڵوێستی بافڵ تاڵەبانی و یەنەکەیان بەرزنرخاند و جەختیان کردەوە، هەوڵەکانیان لەپێناو پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سوریا بەردەوام دەبێت.