شاندی دەم پارتی و دەبەپە سەردانی مەزاری جەلال تاڵەبانیان کرد
شاندی دەم پارتی و دەبەپە لە شاری سلێمانی سەردانی مەزاری مام جەلال تاڵەبانیان کرد.
شاندی دەم پارتی و دەبەپە لە شاری سلێمانی سەردانی مەزاری مام جەلال تاڵەبانیان کرد.
شاندی دەم پارتی و دەبەپە کە لە هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندەر و هاووتەبێژانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی ئەبرو گونای و بەردان ئۆزتورک پێکدێت، سەردانی مەزاری جەلال تاڵەبانی (مام جەلال) سکرتێری گشتی پێشووی یەنەکە و سەرۆککۆماری پێشووی عێراقیان کرد. هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندەر دەربارەی سەردانەکە قسەیان کرد.
هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری لەسەر مەزاری جەلال تاڵەبانی گوتی: " ئێمە هاتووینەتە ئەم شوێنە بۆ یادهێنانەوەی مام جەلال، ئەو سیاسەتمەدارێکی گەورەبوو، ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە پاراستنی یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لەو پێناوەدا تێدەکۆشا، بە ئەقڵ و فکر و ستراتیژی خۆی لەم پێناوەدا خەباتی دەکرد، یەکێک بوو لە باشترین سیاسەتمەدارەکان کە دەیتوانی ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین چارەسەر بکات، جارێکیتر بە ڕێز و شکۆوە بەبیری دەهێنمەوە".
تیشکی خستەسەر ئامانجی سەردانەکەیان بۆ باشووری کوردستان و گوتی: "بێگومان لە سەردانەکەمان بۆ هەرێمی کوردستان، ئێمە لەبارەی یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد و بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، دیالۆگ و لێکتێگەیشتنمان ئەنجامدا. بەرەوپێشچوون و گۆڕانکارییەکانی سووریامان نرخاند، بۆچوونەکانمان سەبارەت بە دامەزراندنی بناغەیەکی دیموکراسیی کە تێیدا گەلانی ناوچەکە، بە ئاشتیی و پێکەوەژیان بژین، ئاڵوگۆڕ کرد، پێم وایە گەر مام جەلال زیندوو بوایە، بە دڵ و گیان بۆ ڕۆژئاوا و سووریایەکی دیموکراتیک تێدەکۆشا، ئێستا ئێمە دەیبینین، بافڵ تاڵەبانی درێژە بە هەمان نەفەس و سیاسەتی مام جەلال دەدات و بەشداری ئەو خەباتە دەکات".
پاشان هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندەر بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دوا و گوتی: " داوای یەکڕیزی و یەکگرتووی لەهەموو لایەنەکان دەکەین بۆ پێشخستنی دۆزی گەلی کورد. ئێمە هاتووین بۆ سلێمانی پەیامی گەلی کورد دووپات بکەینەوە و لە ئێستادا گەلی کورد پێویستی بە یەکڕیزییە. ڕۆژئاوای کوردستان لە ئێستادا پێویستی بە پشتگیری هەموو لایەنەکانە. گەلی کورد لە نێو ئاڵۆزییدایە و پێویستی بە یەکگرتووی و ڕێککەوتن هەیە بۆ ئەوەی سەرکەوتن مسۆگەر بکات. مەبەستمانە پەیوەندیمان بەهێزبکەین و پێشی بخەین بۆ یەکگرتووی گەلی کورد"
بایندەر گوتی: "ئەمڕۆ لە حزووری مام جەلالدا بانگەوازی بۆ یەکگرتوویی و یەک ڕیزی گەلی کورد دەکەین. هەرچی بە ئێمە بکرێت بۆ پێشخستنی یەکێتی گەلی کورد ئامادەین".