ئێشکگری دژی داگیرکاری لەسەر سنووری کۆبانێ_پیرسوس دەستی پێ کرد

لەسەر سنووری کۆبانێ_پیرسوس چالاکی ئێشکگری دژی داگیرکاری دەستی پێ کرد. هێرشی داگیرکاری و کۆمەڵکوژی ڕۆژنامەنووسان شەرمەزار کران و بانگەوازی یەکێتی کرا.

چالاکی ئێشکگری

لە ناوچەی پیرسوسی ڕحا لەسەر سنووری کۆبانێ، بە پێشەنگایەتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) چالاکی ئێشکگری دەستی پێ کرد، نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان و هاوڵاتیان بەشداربوون.

سەرەڕای ئاستەنگی پۆلیس سەدان کەس لەسەر ڕێگەی کۆبانێ پیرسوس کۆبوونەوە و پێش چالاکییەکە ڕاگەیاندراویان خوێندەوە. پانکارتی "ڕۆژئاوا شکۆی ئێمەیە" و "ڕاگەیاندنی ئازاد بێدەنگ ناکرێت" هەڵگیرا.

سڵاو لە بەرخۆدان کرا

هاوسەرۆکی دەبەپەی ئامەد شیرین گوربوز ڕایگەیاند هێرش بۆ سەر کۆبانێ هێرشە بۆ سەر باکووری کوردستان، گوتی: "بانگەواز لە هەموو لایەنەکان و لەنێویاندا پەدەکە دەکەین، با یەکبگرین. لەسەر سنووری کۆبانێ دەڵێین ئیدی بەسە. سڵاو لە بەرخۆدانی کۆبانێ دەکەین".

هاوسەرۆکی دەم پارتی دیلۆک، زۆزان ئایهان ڕایگەیاند پێویستە دەستبەجێ هێرشەکان بوەستێنرێن، شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسانی شەرمەزار کرد.

بانگەواز بۆ یەکێتی

پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگینی شەرمەزار کرد، تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی کۆبانێ دژی داعش و ڕایگەیاند سیاسەتی تورکیا دژی ڕۆژئاوا قبووڵ ناکرێت، گوتی: " لە دژی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا شەڕێک هەیە. کورد مافی خۆیەتی ستاتۆی هەبێت. ئێمە پشتیوانی لە هێزە کوردییەکان دەکەین. دەبێت چوار پارچەی کوردستان ڕوو لە ڕۆژئاوا بکەن. دەبێت کورد بە یەک شاند بچێتە دیمەشق. نابێت دەستی ئاشتی کورد لە هەوادا بهێڵرێتەوە. ئامادەین بۆ ئاشتی. ئێمە سیاسەتێکی دیموکراتیک دەکەین. مافی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا دەپارێزین. ئێمە کۆیلایەتیمان قبوڵ نەکرد، قبوڵی ناکەین. گرنگ نییە بۆچوونتان چییە، پێویستە هەمووان بە یەکگرتوویی ڕەفتار بکەن".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" و "نازم و جیهان شکۆی ئێمەن" کۆتایی هات.