''ئاداما'' کۆڵبەرەکان لەبیر ناکات

ڕۆژی ڕابردوو لە شارۆچکەی "بۆمۆن سۆر-ئواز" کە لە باکووری پاریسەوە هەڵکەوتووە، بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی گیان لەدەستدانی "ئادام ترائۆرە"، خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی جەماوەری بەڕێوەچوو.

ئادام ترائورە لە ڕێکەوتی ١٩ی جولای ساڵی ٢٠١٦ پاش ئەوەی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی فەڕەنسا دەستبەسەرکرا بەشێوەیەکی بێبەزەییانە مامەڵەی لەگەڵدا کرا و گیانی لەدەستدا.

دادگای تایبەت بە لێکۆڵینەوەکانی تاوان، سەبارەت بە دۆسیەی ئادام، سەرەنجام مانگی ڕابردوودا بڕیاری کۆتایی خۆی دەرکرد کە بریتی بوو لە بێبەریکردنی پۆلیسەکان لەو تاوانە.

لەو خۆپیشاندانەدا لافیتەیەک بەم ناوەرۆکەوە بەرز کرایەوە "یەکسانی بۆ هەموان، بۆ ئادامەکان لە فەڕەنسا، بۆ فلۆیدەکان لە ئەمریکا، بۆ پەناخوازە ئەفغانستانییەکان و بۆ کۆڵبەرەکان لە کوردستان، لەدژی ڕاسیزمی سەرمایەداری". ئاماژە بە کۆڵبەرەکان لەسەر ئەو لافیتەیە سەرنجی خۆپیشاندەرانی ڕاکێشا، لەو ڕوەوە کە وشەکە بۆیان نامۆ بوو.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو گروپەی ئەم پانکاردانەی بەرزکردووەتەوە پێکهاتوون لە ژمارەیەک خوێندکاری کورد، ئێرانی، ئەفغانستانی و فەڕەنسی کە خۆیان بە ناوی "کۆلێکتیڤی ٩٨" بە ڕاگەیەندنەکان ناساندووە. ئەوان هەوڵیاندا لەڕیگەی گفتوگۆ لەگەڵ میدیاکان و چالاکە بەشداربووەکان، خەڵکی فەڕەنسا بەنیبسەت دۆخی کۆڵبەران و ئەفغانستانییەکانی نیشتەجێی ئێران هەستیار بکەن.

لەو خۆپیشاندانەدا هەروەها پانکاردێک بە زمانی فارسی بۆ بەرگری لە مافی پەناخوازە ئەفغانستانییەکان لە ئێران بەرز کرایەوە کە تێدا نووسرابوو: "من هەر تۆم لەناو ڕەگەزێکی دیکەدا، سەیر کە چەند شێوەی یەک دەدەین، ڕەنگ و ئایین و ڕەگەز و نژاد گرنگییان نییە". 

ئەو کۆلێکتیڤە هەروەها بە بەرزکردنەوەی پانکاردی "اعدام نکنید" (لەسێدارە مەدەن) پشتگیریی ئەو هەڵمەتە تویتێرییەیان کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی سێ لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی پار دەستیان پێکردووە.

ف.ق