دەستەی بەڕێوبەرایەتیی ناوەندی دەم پارتی ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "دەستگیرکردنی ئەم بەیانییەی سەرۆک شارەوانیی گەورە شاری ئەدەنە زەیدان قەرەلار، سەرۆک شارەوانی گەورە شاری ئەنتاڵیا محێدین بۆجەک، سەرۆک شارەوانی سەمسور عەبدولڕەحمان توتدەرە و جێگری سەرۆک شارەوانیی بویوکچەکمەجە ئەحمەد شاهین، بەشێکە لەو میکانیزمەی تێیدا بە مەبەستی سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن پەنا بۆ هەر ئامڕازێکی کارگێڕی دەبرێت."
لە ڕاگەیاندراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە، "ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕێی ئامڕازە نایاساییەکانەوە گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیک سنووردار دەکرێت، ئیرادەی گەل، مافی هەڵبژاردن و سندووقەکان نادیدە دەگیرێن و فشارەکانی سەر بەڕێوبەرایەتییە خۆجێیەکان بەسیستەماتیک دەکرێن. هەڕەشە بۆ سەر مافی هەڵبژاردن، نەک تەنها پارتە سیاسییەکان بەڵکو هیوای تورکیا بۆ ئاشتی و چارەسەریی دیموکراتیکیش دەکاتە ئامانج."
ئاماژە بەوەش کراوە، "ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە هۆکاری سیاسی ئەنجامدەدرێن و هیچ دەستێوەردانێکی دادوەرییش کە دژی سەروەریی یاسایە، بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین."
لای خۆیانەوە هاوسەرۆکانی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باکرهانیش لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی دژی دەستگیرکردنەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم بەیانییە کە تێیدا سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە لە ئەدەنە، ئەنتاڵیا و سەمسور دەستگیرکران، دەستوەردانن دژی ئیرادەی گەل و ڕەگەزە سەرەکییەکانی سیاسەتی دیموکراتیک و مایەی قبووڵکردن نین."
هاوکات تولای حاتەم ئۆغۆللاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، "پێویستە دەست لەم ستەمە دژی ئەو کەسانەی هەڵبژێردراون و گەلی تورکیا هەڵبگیرێت."