'ئاکەپە بووە بە حکومەتی شەڕ، بەڵام ئێمە ئەم بارودۆخە دەگۆڕین'

موراد چەپنی پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، ئاکەپە بووە بە حکومەتی شەڕ و بانگەوازی ئەوەی ئاڕاستەی گەلانی تورکیا کرد کە،"ئەمە چارەنووس نیە، ئێمە دەتوانین بیگۆڕین."

موراد چەپنی پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری ئیزمیر لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا، باسی لە قەیرانی ئابوری لە کوردستان و تورکیا و گۆشەگیری سەرعەبدولا ئوجالان رێبەری گەلی کورد و فشارەکانی سەر هەدەپە و خۆڕاگریی لە بەرامبەر زوڵم و فشارەکان کرد.

چەپنی رایگەیاند، هاوپەیمانە فاشیستەکەی ئاکەپە-مەهەپە بە گشتی گۆڕاوە بۆ حکومەتێکی شەڕ و وتی:" ئەگەر مرۆڤ بەم شێوەیە باسی ئەو حکومەتە بکات کە حکومەتی شەڕە، سوودی خۆی دەبێت. مرۆڤ دەتوانێت سیاسەتی ئەوان وەکو سیاسەتی دوژمنکارانە لە دژی گەلان، کوردان، ژنان، کرێکاران و سروشتی مرۆڤ پێناسە بکات."

'حکومەتی شەڕە'

چەپنی تیشکی خستە سەر ئەوەی ئەم دەسەڵاتە کاتێک سەرەتا بونیاد نرا، رایدەگەیاند لە دژی نایەکسانی تێدەکۆشێت و گرنگی بە ئازادی و گەشەپێدان دەدات و بەم شێوەیە باسی لێوە کرد:"بەڵام دوای ماوەیەکی کورت، چوونەوە سەر کردەوەکانی پێشوویان. پیشانیاندا کە دەسەڵاتی کۆمەڵک سەرمایەدارە کە لە سەدا یەکی کۆمەڵگایە. دەسەڵات سەرەتا ستراتیجی پاراستنی ئابوری خۆی بە بنەما گرت و هەوڵیدا گروپی سەرمایەدارانی خۆی بونیاد بنێت. دوای ماوەیەک لەگەڵ قەیرانی کاپیتالیزم، تورکیاش کەوتە ناو قەیرانەوە. حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە کە ناتوانێت لەم قەیرانە رزگاری ببێت، بە تەواوەتی بووە بە حکومەتێکی شەڕ."

'کودەتایان وەکو دەرفەتێک بینی'

چەپنی لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی بەر لە هەموو شتێک سیاسەتێکی دژبەر لە دژی گەلی کورد بەڕێوە دەبرێت و وتی:"بەستراو بەو سیاسەتە دوژمنکارانەیە، لە دژی هەدەپە هێرشێکی توند بۆ لەناوبردنی لە ئارادا هەیە. هەوڵ دەدرێت هەدەپە لە سیاسەت دوور بخرێتەوە و بیهێننە ئاستێک کە ئیدی نەتوانێت خەبات بکات. هاوکات لە دژی گشت گەلان و هێزە دیمۆکراتەکانی تورکیا، سیاسەتێکی دژبەری بەردەوام لە ئارادایە. ئاکەپە-مەهەپە، هەوڵەکانی کودەتایان وەکو دەرفەتێک بەکار هێنا. هاوکات دەیانەوێت قۆناغی ڤایرۆسی کۆرۆناش بە هەمان شێوە وەکو دەرفەتێک بەکار بهێنن. واتە لە راستیدا، حکومەتێکە کە دەیەوێت هەموو بارودۆخەکان بە زوڵم و زۆرداری وەکو دەرفەت لە بەرژەوەندی خۆیدا بەکار بهێنێت. بێگومان لە بەرامبەر ئەمە، خۆڕاگریەکی گەورە و بەرفراوانیش بەڕێوە دەچێت."

'زیهنیەتی نوێی عوسمانی'

چەپنی هاوکات تیشکی خستە سەر سیاسەتەکانی شەڕی هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە و وتی:"حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە لە جیاتی ئەوەی بەڵێنی دواڕۆژێکی گەش بدات بە کرێکاران و چینی هەژاران، دەڵێت، "ئێوە دەزانن هەر نرخی هەر گولەیەک چەندە". هاوکات حکومەتێکە خاوەنی زیهنیەتی نوێی عوسمانیە و هەوڵی فتوحات دەدات کە لە ئایاسوفیاوە دەستی پێکرد. سیاسەتێکی بەم شێوەیە لە دژی کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات. بەڵام ئیدی کۆتایی پێهاتووە. ئیدی گەیشتووەتە قۆناغکێک کە ناتوانێت بەڕێوەی ببات. ناتوانێت باری ئابوری چاک بکاتەوە. لە بەرامبەر پرسی کورد، کۆتایی بە سیاسەتی شەڕ هاتووە. کۆتایی بە سیاسەتی فتوحات و شەڕ هاتووە. سیاسەتەکانی حکومەت کە کەسانی لاقەکەر بەڕێوەی دەبەن و ژنانی پێدەکوژن، ئیدی بێنرخ بووە. سیاسەتی بەتاڵانبردنی سروشت، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست."

'ئێمە پارتێکی خۆڕاگرین'

پەرلەمانتار چەپنی لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی:"لەم خاڵەدا کە حکومەت ئیدی ناتوانێت بەڕێوەی ببات، هەدەپە و هێزە دیمۆکراسیەکان دێنە پێشەوە. ئێمە وەکو هەدەپە بە گشت گەلەکەمان دەڵێین، ئەمە شتێک نیە بە ناوی چارەنووسەوە، ئێمە دەتوانین بیگۆڕین. پێشوتریش گۆڕیمان. ئەویش بەو سیاسەتەی لە سەرەتاوە پەیرەومان کرد و بەو سەرکەوتنەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستمان هێنا. راستیەکەی ئێمە بزوتنەوەیەکی خۆڕاگرین. بۆیە دەمانەوێت بۆ گەلەکەمان ببین بە ئیرادە و هێزی چاونەترسی.

کەمپینە سێ مانگیەکەشمان بۆ دووبارە خستنەڕووی ئەمە بوو. هەر لە سەرەتای کەمپینەکەمانەوە، ئیرادە و مۆڕاڵێکی بەهێز خرایەروو. بۆ گەلی کورد و گشت گەلانی تر بوو بە هیوا. بەم هەنگاوەمان، قسەی ئاکەپەییەکانی پوچەڵ کردەوە کە دەیانوت، "هەموو شتێک خۆمانین، ئێوە لاوازن، من بەهێزم. ئێوە هەر چیەک بن، هیچتان پێناکرێت".

'گۆشەگیری، گەورەترین کێشەی گشت تورکیایە'

چەپنی لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بە گۆشەگیری سەر ئوجالان کرد و بۆ چارەسەری کێشەی کورد بانگەوازیەکی ئاڕاستەی گشت گەلانی تورکیا کرد بەم شێوەیە دوا: "سیاسەتی شەڕ، مەجبوری برسیبوونتان دەکات. سیاسەتی شەڕ، بەرەو بەدلیبوونتان دەبات. گۆشەگریی ئیمرالی تەنها کێشەی کورد نیە، راستیەکەی هێرشێکە لە دژی ئیرادەی چارەسەری کێشەی کورد. بۆیە ئەگەر گۆشەگیری پەیوەندیدار بێت بە هێرشکردنە سەر ئیرادەی چارەسەری کێشەی کوردەوە، ئەو کاتە کێشەی دەریای رەش و کێشەی دەریای ئیجە و ئەنادۆڵی ناوەڕاستیشە. بۆیە تێکۆشانی دژی گۆشەگیری و تێکۆشان ئاشتی، کێشەی بنچینەیی گشت تورکیایە.

تێکۆشانمان لەمڕۆ بەدواشەوە بەردەوام دەبێت. ئێمە وەکو هەدەپە بۆ ئەمە ئامادەین. گەلانی ئێمە، لە کەمپینە سێ مانگیەکەماند ئەوەیان خستەڕوو کە لەگەڵ هەدەپەدان. هەر کەموکورتیەکمان هەبێت، بە هەوڵدان و خۆبەرێکخستنکردن، چارەسەری دەکەین."

ز.ش