حکومەتی نیوزلەندا مافی پەنابەری بە بەهرۆز بوچانی بەخشی

دەسەڵاتدارانی نیوزلەندا، ئەمڕۆ بە فەرمی مافی پەنابەرییان بەخشیە پەنابەری کوردی ڕۆژهەڵات، بەهرۆز بوچانی، ئەوەش دوای مانەوەی دێت بۆماوەی شەش ساڵ لە کامپێکی کۆچبەران لە دورگەیەکی ئوسترالیا.

ماوەی هەشت مانگە بوچانی بۆ فێستیڤاڵیکی ئەدەبی چووەتە نیوزلەندا و لە هەرێمی کرایسچەرچ بە مۆڵەت ماوەتەوە.

فیونا وایتریج بەڕێوبەری گشتی خزمەتگوزاری ئاوارە و پەنابەران لە نیوزلەندا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بوچانی بە پشت بەستن بە ڕێکەوتنامەی ساڵی ١٩٥١ی تایبەت بە ئاوارە و پەنابەران، مافی پەنابەرێتی نیوزلەندای پێدراوە، ئەوەشی دووپاتکردۆتەوە کە پێدانی مافی پەنابەری بە بەهرۆز بەپێی یاسای تایبەت بووە.

لای خۆیەوە بوچانی بە ڕۆژنامەی گاردیانی ڕاگەیاندووە، کە خۆشحاڵ بووە بە پێدانی مافی پەنابەری لەلایەن نیوزلەنداوە، بەوپێیەی تاڕادەیەک لە ئاییندەی ژیانی دڵنیا دەبێتەوە، ئەوەشی وتووە کە لە کۆتاییدا هەست بە ئیسراحەت و ئاسایش دەکات.

بوچانی لە دورگەی مانوس لە ٢٠١٣وە ماوەتەوە، پاش ئەوەی دەیویست لەڕێگەی کینیاوە بگاتە ئوسترالیا.

ناوبراو ماوەی چەند ساڵێکە ڕەخنەگرێکی توندی سیاسەتی کۆچبەری وڵاتی ئوسترالیایە، لەوبارەیەشەوە کتێبێکی لەو کەمپەدا نوسی کە تیایدا دەمایەوە بەناوی  “هیچ هاوڕێیەک نییە جگە لە شاخەکان” تیایدا بوچانی گەشتی ژیانی خۆی و ڕێگەی چوونی بۆ هەندەران بە زمانێکی ئەدەبی باڵا نوسییەوە کە سەرجەمی لەڕێی واتس ئەپەوە نوسی و بڵاوکردەوە، لە هەمان کاتیشدا گەورەترین خەڵاتی ئەدەبی ئوسترالیای بەهۆی ئەو کتێبەوە بردەوە.

لای خۆیەوە، جاسیندا ئاردێرن سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا، پێشوازی لەو هەنگاوەی دەزگای کۆچی وڵاتەکەی کرد، وتەبێژی پارتەکەی جاسینداش دووپاتیکردووەتەوە کە ئاهەنگی خۆشی دەگێڕن بەوپێیەی نیوزلەندا شوێنی یەکسانی و میهرەبانییە.

بەهرۆز کە لە بنەچەدا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، پێشتریش فیلمێکی دۆکیومێنتاری لەڕێی کامێرای مۆبایلەکەیەوە لەسەر خراپی ڕەوشی ژیانی پەنابەرانی ئەو دورگەیە تۆمار کردبوو.

پەنابەرانی دوورگەی مانوسی پاپانیوگینیاو ناورۆ ئەو کەسانەن کە پێشتر ویستوویانە بە قاچاخ و بە بەلەم ڕوو لە ئوسترالیا بکەن، بەڵام دەستگیرکراون و ڕەوانەی ئه و کەمپانە کراون و هەرگیز لە ئوسترالیا نیشتەجێ ناکرێن.