كۆنفڕانسی ئۆجالان له‌ ئه‌نجومه‌نی لۆردانی به‌ریتانیا ده‌ستی پێكرد

ئه‌نجومه‌نی لۆردانی به‌ریتانیا له‌ شاری له‌نده‌نی پایته‌خت میوانداری كۆنفڕانسێك ده‌كات ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ریی قه‌یرانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و تێڕوانینه‌كانی عه‌بدوڵا ئۆجالان.

ئه‌مڕۆ كۆنفڕانسی «چاره‌سه‌ریی قه‌یرانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین؛ تێڕوانینه‌كانی عه‌بدوڵا ئۆجالان» له‌ ئه‌نجومه‌نی لۆردان-ی به‌ریتانیا ده‌ستی پێكرد. ماوریس گلاسمان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ لیستی پارتیی كرێكاران میوانداری كۆنفڕانسه‌كه‌ی كردووه‌ و به‌ پشتگیریی سه‌ندیكاكانی به‌ریتانیا كه‌ ملیۆنان ئه‌ندامیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ناوه‌نده‌كانی گه‌لی كورد له‌و وه‌ڵاته‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان كه‌ له‌ ڕێكخه‌رانی كۆنفڕانسه‌كه‌ وه‌رمانگرتووه‌، ده‌وڵه‌تی تورك هه‌وڵی زۆری داوه‌ كه‌ ڕێگری له‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و كۆنفڕانسه‌ بكات، به‌ڵام شكستی هێناوه‌.

هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموكراتی (مه‌سه‌ده‌) ئیلهام ئه‌حمه‌د، جێگری هاوسه‌رۆكانی پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) هشیار ئۆزسۆی، هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (كه‌نه‌كه‌) ڕێبوار ڕه‌شید و چه‌ندین كه‌سی دیكه‌ به‌شدارن.

به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی كۆنفڕانسه‌كه‌ هاوسه‌رۆكانی ئه‌نجومه‌نی گه‌لی كوردی به‌ریتانیا ئه‌رجان ئاكبال و به‌سیمه‌ باسار لێدوانیان دا و ڕایانگه‌یاند، ئه‌م كۆنفڕانسه‌ ده‌بێته‌ كۆنفڕانسێكی مێژوویی. بانگی هێز و لایه‌نه‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كانیان كرد كه‌ له‌ ده‌وری تێڕوانینه‌كانی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌پێناو بونیادنانی ژیانێكی نوێی كۆمه‌ڵایه‌تی تێبكۆشن.

s.m