چەمچەمال، تەرمی دوو خوشکە کوژراوەکە بەخاک سپێردران
لە شارۆچکەی چەمچەمال تەرمی دوو خوشکە کوژراوەکە لە گۆرستانی گشتی چەمچەمال بەخاک سپێردرا.
لە شارۆچکەی چەمچەمال تەرمی دوو خوشکە کوژراوەکە لە گۆرستانی گشتی چەمچەمال بەخاک سپێردرا.
ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک رێکخراوی بواری داکۆکیکردن لە مافی ژنان و بەرپرسانی ئیدارەی شارۆچکەی چەمچەمال، تەرمی دوو خوشکە کوژراوەکەی چەمچەمال کە ئێوارەی دوێنێ لە گوندی ئیبراهیم ئاغا بە کوژراوی دۆزرانەوە، پاش ئەنجامدانی پشکنین و لێکۆلینەوە لەسەر تەرمی ئەو دوو خوشکە لە پزیشکی دادوەری سلێمانی، ئێوارەی ئەمرۆ لە گۆرستانی گشتی چەمچەمال بەخاک سپێردران.
رەمەک ڕەمەزان قائیمقامی شارۆچکەی چەمچەمال لە مەراسیمی بەخاک سپاردنی ئەو دوو خوشکە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕایگەیاند: " ئەو دوو خوشکە پێشتر کێشەی خێزانیان هەبووە لەگەل خانەوادەکەیان بۆ پاراستی سەلامەتی گیانیان پەنایان بردۆتە بەر شەڵتەری داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی پاشان باوکی ئەو دوو کچە سەردانی ئەو ناوەندی کردووە لەوێ بەڵێن نامەی پێ پرکراوەتەوە کە گیانی ئەو دوو کچە بپارێزێت، لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوو زانیاری هەبووە کە ئەو دوو خوشکە دیار نەماون پاش لێکۆلینەوە و گەرانی پۆلیس سێ رۆژ لەمەو بەر لە گوندی ئیبراهیم ئاغا لەناو یەک گۆردا تەرمی ئەو دوو خوشکە دۆزرایەوە."
هەروەها ڕەمەک ڕەمەزان قائیمقامی چەمچەمال ڕاشیگەیاند: '' لێکۆلینەوەکان لەسەر رووداوەکە دەستی پێکردووە چەند کەسێکی نزیک لەو دوو خوشکە دەستگیر کراون و لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیر کردنیش بۆ باوکی ئەو دوو کچە دەرکراوە و ڕاپۆرتی پزیشکی دەریخستووە ئەو دوو خوشکە پێش کوشتنیان ئەشکەنجە دروان و ئاسەواری فیشەک بە جەستەیانەوە دیارە."
شۆخان حەمە رەشید پاریزەر و بەرێوبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی وتی: " لە رێگای دادوەری گشتیەوە هەوڵدەدەین بەڵگەی تەواو لەسەر کەیسەکە کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی لەدادگا کاری لەسەر بکەین و تا دوایین سات چاودێری لەسەر کەیسەکە دەکەین و پێمان وایە چەند کەسێک دەستیان هەبووە لەم کارەدا و هەوڵ دەدەین تەواوی ئەو کەسانەی کە دەستیان هەبووە لەم تاوانەدا ببرێنە بەردەم دادگا و بە سزای خۆیان بگەن."