باقرخان: دەمانەوێت گفتوگۆ بگۆڕین بۆ چارەسەر

سەرۆکی گشتی دەڤا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا گوتی: "ئێمە پشتگیری نیاز و هەوڵی چارەسەر دەکەین"، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان ڕایگەیاند دەمانەوێت گفتوگۆکان بگۆڕین بۆ چارەسەری پرسی کورد.

هاوسەرۆکانی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان لەگەڵ سەرۆکی گشتی دەڤا عەلی باباجان کۆبوونەوە و دواتر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.

عەلی باباجان ناڕەزایەتی بەرامبەر دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان دەربڕی و دانانی قەیومی بە ڕێبازێکی دژە دیموکراسی ناوبرد، تیشکی خستەسەر گفتوگۆکان دەربارەی چارەسەری پرسی کورد، گوتی: "ئێمە پشتگیری نیاز و هەوڵی چارەسەر دەکەین. پێشتر ئەمەمان بە ڕوونی گوتووە. هێشتا پەیامێکی ڕوونمان لە ئەردۆگان نەبیستووە. زۆر شت هەن لەم ڕووەوە بگوترێن. بەهیواین ئەم هەموو هەوڵە بۆ مانەوەی بەڕێز ئەردۆگان نەبێت. بەهیواین ئەمە بۆ شاردنەوەی کێشە قووڵە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات نەبێت".

"دەمانەوێت گفتۆگۆکان بگۆڕین بۆ چارەسەری پرسی کورد"

هاوسەرۆکی دەم پارتی تونجەر باقرخان تیشکی خستەسەر گفتوگۆکان دەربارەی چارەسەر و گوتی: "دەمانەوێت بزانین گوتەکانی هاوکاری دەسەڵات واتای چییە و چی لەپشتی وەستاوە. سەرەڕای هەموو شتێک گفتوگۆی گرنگ بەردەوامە. دەمانەوێت ئەم گفتوگۆ گرنگانە بگۆڕین بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا و چارەسەری پرسی کورد".

"پێویستە ڕێگەکانی پێشوو بەکارنەیەن"

باقرخان لە درێژەدا ڕایگەیاند پێویستە ڕێگە بێ ئەنجامەکانی پێشوو تاقی نەکرێنەوە چونکە کارەساتە بۆ تورکیا، گوتی: "پێویستە تورکیا کێشەکان و پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکات. ئەگەر ئەم پرۆسەیە بگۆڕێت بۆ پرۆسەی چارەسەر، ئێمە پشتگیری لەو پرۆسەیە دەکەین".