به‌رخودان له ئێران و رۆژهه‌ڵات به‌رده‌وامه
له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران به‌رخودان به پێشه‌نگایه‌تی ژنان به‌رده‌وامه.
له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران به‌رخودان به پێشه‌نگایه‌تی ژنان به‌رده‌وامه.
دوێنێ له ١٤یه‌مین ڕۆژی خۆپیشاندانه‌كاندا له شاری زاهیدانی ناوه‌ندی پارێزگای سیستان و به‌لوچستان هێزه‌كانی ئێران كۆمه‌ڵكوژییان ئه‌نجامدا و سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی حكومیی باس له كوژرانی ١٩ كه‌س ده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌رچاوه خۆجێییه‌كان و چالاكوانانی به‌لوچ باس له كوژرانی ٣٦ بۆ ٥٨ كه‌س ده‌كه‌ن.
خۆپیشاندانه‌كه‌ی زاهیدان دوای ئه‌وه گرژی تێكه‌وت، كه ژماره‌یه‌ك له خۆپیشانده‌ران به‌ره‌و بنكه‌یه‌كی پۆلیس ڕۆیشتن، دروشمیان له دژی ده‌ستدرێژیی ئه‌فسه‌رێك بۆ سه‌ر كچێكی مێرمنداڵ ده‌وته‌وه و كوژرانی ژینا ئهمینیشیان شه‌رمه‌زار ده‌كرد، به‌ڵام هێزه‌كانی ئێران ده‌ستڕێژی گولـله‌یان لێ‌كردن.
له سنه‌ش وه‌ك ڕۆژانی ڕابردوو به پێشه‌نگایه‌تیی ژنان و گه‌نجان خۆپیشاندان به‌رده‌وام بوو، هێزه‌كانی ئێران له چه‌ند شوێنێك به تووندوتیژی ڕووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران بوونه‌وه.
هاوكات له سه‌قز و كرماشان و ورمێ و چه‌ند شارێكی تری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان خۆپیشاندان به‌رده‌وام بوو.
له گیلان غه‌رب یاریزانی كورد، كاوه ڕه‌زایی، یاریزانی یانه‌ی تۆپی پێی تراكتۆرسازی ته‌برێز به تۆمه‌تی پاڵپشتی له خۆپیشانده‌ران ده‌ستگیركرا.
ناوچه جیاجیاكانی شاری تاران، كه له‌سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه و كوژرانی ژینا ئه‌مینییه‌وه به‌رده‌وام خۆپیشاندانی تێدا بووه، شه‌وی رابردووش ناڕه‌زایه‌تی و گردبوونه‌وه تییادا به‌ڕێوه‌چوو.
هه‌ر له تاران دوای ١٠ ڕۆژ له بێ سه‌روشوێنبوونی له كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا، ته‌رمی كچێكی ته‌مه‌ن ١٧ ساڵ به ناوی “نیكا شاكرهمی” دۆزرایه‌وه.
له پارێزگاكانی تری ئێرانیش له‌وانه خوزستان، ئه‌رده‌بیل، ته‌برێز، مه‌شهه‌د، كرمان، فارس و چه‌ندین پارێزگا و شار و شارۆچكه‌ی تر خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وامبوون.
له سه‌ر داوای حزب و ڕێكخراو و چالاكوانانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران ئه‌مڕۆ مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری به‌ڕێوه‌بچێت.
هـ . ب