چالاكوانانی ئێشكگری ئازادی: تێكۆشانمان به‌رده‌وام ده‌بێت

له‌ یه‌كه‌م هه‌فته‌ی ٢٤هه‌مین ساڵه‌ی پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یی، چالاكوانانی ئێشكگری ئازادی پیلانگێڕیه‌كه‌یان شه‌رمه‌زاركرد و ئاماژه‌یان به‌ هاوكاری و رۆڵی ئه‌وروپا له‌ پیلانگێڕیه‌كه‌ كرد.

ئێشكگری ئازادی، كه‌ به‌ پێشه‌نگایه‌تی ده‌ستپێشخه‌ری ' ئازادی بۆ عه‌بدوڵا ئۆجالان' له‌ ٢٥ی حوزه‌یرانی ٢٠١٢دا به‌ مه‌به‌ستی ئازادی جه‌سته‌یی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌ شاری ستراسبورگی فه‌ره‌نسا ده‌ستیپێكردبوو، به‌ ١٠هه‌مین ساڵه‌یدا به‌ پێداگرییه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.

ئه‌و چالاكیه‌ كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی نێوان دامه‌زراوه‌كانی ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌ هه‌فته‌ی ٥٠٤هه‌مدایه‌. كوردان له‌ ئه‌وروپا و دۆستانیان به‌ بێ پسانه‌وه‌ چالاكیه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

چالاكوانانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌، گروپێك له‌ كوردستانیانی شاری نۆرنبێرگی ئه‌ڵمانیان. له‌ گروپه‌كه‌دا حیكمه‌ت گه‌نجه‌ر، ئه‌دیب یاڵشین و دۆغان داڵمیش به‌شدارن.

حیكمه‌ت گه‌نجه‌ر به‌ نوێنه‌رایه‌تی گروپه‌كه‌ قسه‌ی كرد و باسی له‌وه‌كرد، كه‌ پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یی كه‌ له‌ كه‌سایه‌تی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالاندا له‌ دژی گه‌لی كورد، گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ته‌واوی گه‌لانی سته‌ملێكراوی جیهان ئه‌نجامدرا، ٢٣ ساڵه‌ به‌ سیاسه‌تی گۆشه‌گیریه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.

حیكمه‌ت گه‌نجه‌ر به‌ وتنی، "دووڕوویی ئه‌وروپا لێره‌شدا خۆی نیشاندا"، سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر رۆڵی ئه‌وروپا له‌ پیلانگێڕیدا. حیكمه‌ت گه‌نجه‌ر باسی له‌وه‌كرد، كه‌ ده‌وڵه‌تی تورك به‌ پێشێلكردنی یاساكانی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی خۆی پێداگره‌ له‌سه‌ر گۆشه‌گیری.

حیكمه‌ت گه‌نجه‌ر وتی، "وڵاتانی ئه‌وروپیش له‌و نایاسایی و نادادپه‌روه‌رییه‌دا به‌شدارن كه‌ ده‌وڵه‌تی تورك به‌سه‌ر رێبه‌ر ئاپۆیدا ده‌سه‌پێنێت" و له‌و بابه‌ته‌دا به‌ تایبه‌تی ئاماژه‌ی به‌ ئه‌ڵمانیا كرد.

گه‌نجه‌ر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ له‌ ساڵی ٢٤ هه‌مینی پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ئه‌وان تێكۆشانی خۆیان گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن.

هـ . ب