بە دیمەن

دادگای گەلانی ڕۆژئاوا: دەیانەوێت کوردێتی لە عەفرین بسڕنەوە

دادگای گەلانی ڕۆژئاوا دەربارەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستی پێ کرد، هەڵسەنگاندن بۆ تاوانەکان لە تەل ڕەفعەت و عەفرین کرا.

دادگای گەلانی ڕۆژئاوا لە بروکسلی پایتەختی بەلژیکا ٢ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاشکرا دەکرێت.

ڕاپۆرت دەربارەی تاوانەکان لە عەفرین پێشکەشکرا

پارێزەر ئیفستاسیۆس ج. ئیفستاسیۆ دەربارەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد. ڕایگەیاند کورد لە عەفرین ئاوارەکراون، ناوی شوێن و شەقامەکان گۆڕاون بۆ ناوی تورکی و عەرەبی، گوتی: "دەیانەوێت کوردێتی لە عەفرین بسڕنەوە. ئەمە گۆڕینی دیمۆگرافییە. لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا هاتووە، منداڵ و پیر و خەڵکی سڤیل کۆمەڵکوژ کراون".

مێژووی دەوڵەتی تورک پڕە لە ئاوارەکردنی زۆرەملێ

ئۆز کاراهان ڕاپۆرتێکی لەسەر عەفرین پێشکەش کرد و ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک لە مێژووەوە تا ئێستە لەسەر کۆمەڵکوژی و قڕکردن دامەزراوە. ڕووداوەکانی ٦-٧ ی ئەیلوول و داگیرکردنی قوبرسی بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند لە قوبرس ماڵی ڕۆمانەکان دەستیان بەسەردا گیرا و لە شوێنی ئەوان تورکی موسڵمان نیشتەجێ کران. دووپاتی کردەوە، هەمان شت لە عەفرین دەکرێت، پێش داگیرکاری ١٦٠ هەزار کورد لە عەفرین بوون، پاش داگیرکاری ئەم ژمارەیە گەیشتە ٣ هەزار کەس.

تاوانەکان لە تەل ڕەفعەت

پارێزەر ڕەنگین ئەرگول باسی تاوانەکانی جەنگی لە تەل ڕەفعەت و دەوروبەری کرد. گوتی: "ئەو گەلەی لە عەفرینەوە کۆچیان کرد بۆ تەل ڕەفعەت، هاوشێوەی عەفرین ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە. هێرشکرایە سەر منداڵ و ژن و سڤیل. ئەو کۆمەڵکوژییانەی ئەنجامدران، لە هەژمارە فەرمییەکانی دەزگاکانی دەوڵەتی تورک لە میدیای دیجیتاڵ بڵاودەکرانەوە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت هێرشی داگیرکاری و قڕکردن لە هەرێمەکە بەرفراوانتر بکات".

پەیوەندییەکانی سوپای نیشتیمانیی سوریا (NSA) و دەوڵەتی تورک

ڕەنگین ئەرگول وێنەی سەربازانی تورک و چەتەکانی سوپای نیشتیمانیی سوریا (NSA)ـی سوریای نیشاندا کە ئاڵای تورک و ئاڵای چەتەکانی سوپای نیشتیمانیی سوریا (NSA)ـیان هەڵگرتووە. هەروەها ئاماژەی کرد بە دانپیانەکانی سەرچەتەی سوپای نیشتیمانیی سوریا (NSA) و گوتی: "بەرپرسەکەی سوپای نیشتیمانیی سوریا (NSA) گوتی، تاکە دەوڵەت کە هاوکاری ئەوان دەکات، دەوڵەتی تورکە. پەیوەندییەکانیان ئاشکرایە. ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، تاوانەکانی سوپای نیشتیمانیی سوریا (NSA) کردە ڕاپۆرتێک. لە ڕاپۆرتەکەدا دەوڵەتی تورک و چەتەکانی شەرمەزارکران".

سۆکراتیس زیازاس ڕایگەیاند لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کاردەکەن، ئەشکەنجە و ڕفاندن و کوشتنی مرۆڤەکانی بیرهێنایەوە. پاش پرسیارەکان، پشوویەک بە دادگاکە درا.