دوای دوو ساڵ لە سەرهەڵدان؛ لێپرسینەوە لە کوژرانی خۆپیشاندەران و پێشێلکارییەکان نەکراوە

سەرباری تێپەڕبوونی دوو ساڵ بە سەر سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، هیچ لێپرسینەوەیەک لە بارەی کوژرانی خەڵکێکی زۆر لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیەکان ئەنجام نەدراوە. لەولاشەوە گوشارە پراتیکی و یاساییەکان زیاتر بوون.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی جارێکی دیکە داوای لە کاربەدەستانی ئێرانی کرد کە بەپێی پێوەرە یاساییە نێونەتەوەییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ لێپرسینەوەیەکی بەهێز لەبارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان بەڕێوەببەن و بکەرانی توندوتیژیەکان سزا بدەن.

ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ بە پاساوی ئەوەی 'بەگوێرەی پێودانگەکانی حیجاب سەری خۆی دانەپۆشیوە' لە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەلایەن گەشتی ئیڕشاد کە وەک 'پۆلیسی ئەخلاق'یش دەناسرێت، دەستبەسەرکرا و بەهۆی ئەشکەنجەوە لەکاتی دەستبەسەری کەوتە کۆماوە و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە. سێ رۆژ لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشدانە مایەوە و لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ گیانی لەدەستدا.

گەشتی ئیڕشاد؛ پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران

گەشتی ئیڕشاد یان دەوریەی ئامۆژگاری کە ژینا ئەمینی بە ئەشکەنجە کوشت، بە شێوەیەکی فەرمی لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە رێکخرا، ئەگەرچی پێشتریش لە ژێر ناوی دیکە هەندێک دامەزراوە چاودێری سەپاندنی سەرپۆشی زۆرەملێ و جلوبەرگیان دەکرد، لەوانە کۆمیتەکانی شۆڕشی ئیسلامی، گەشتەکانی جوندوڵا و سوپای پاسداران کە لە دوای ١٩٧٩ لە پرسی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ و چاودێری هاووڵاتیان لەو رووەوە رۆڵیان هەبوو.

لەسەر داوای ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئەو کات سەبارەت بە مردنی ژینا ئەمینی دەست بە لێپرسینەوە کرا. پۆلیس بانگەشەی ئەوەی کرد کە ژینای تەمەن ٢٢ ساڵ کە لە بنکەیەکی دەستبەسەرکردنی پۆلیسی ئەخلاق لەگەڵ ژنەکانی دیکە راگیرابوو، 'کتوپڕ دۆخی تەندروستی تێکچووە'. بانگەشەی ئەوەشی کردبوو کە ئەمینی بە مەبەستی ئامۆژگاری براوەتە بنکەی پۆلیسی ئەخلاق و کتوپر کەوتووە و بەهۆی ئەوەی نەخۆشی دڵی هەبووە لە هۆش خۆی چووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی دیمەنەکان کە لە نەخۆشخانە تۆمارکراون شوێنی ئەشکەنجە بەسەر جەستەی ژینا ئەمینییەوە بە روونی دیاربووە.

شایەتحاڵەکان ئەشکەنجەی دژواریان پشتڕاستکردووەتەوە

ژینا ئەمینی ئەو کاتەی لە نەخۆشخانەی کەسرا بوو، شایەتحاڵەکان باسیان لەوەکردبوو کە پۆلیسی ئەخلاق لە ناو ئۆتۆمبێلدا لە سەری ئەو کچە کوردەیان داوە و ئەشکەنجەیان کردووە. دوای ئەوەی بابەتەکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاوکرایەوە کاربەدەستانی ئێران نکۆڵیان لە ئەشکەنجەدانی کرد. دوای گواستنەوەشی بۆ نەخۆشخانە یەکە و ناوەندە جیاجیاکانی دەوڵەت لەو بارەوە چەند راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە ناوەرۆکەکەیان ناتەبا و دژ بە یەک بوو. لەبارەی بانگەشەکانەوە لێکۆڵینەوەی ورد نەکرا و سەبارەت بە هۆکاری مردنی ئەو کچە کوردەش لێدوانی بێ بنەمایان دا.

ئەوانەی هاتنە دەرەوە وتیان کەسێکیان کوشت

برای ژینا ئەمینی لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوەکرد کە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢ رۆژێک دوای دەستبەسەرکرانی خوشکەکەی، ئەوانەی لەبەردەم ناوەندی دەستبەسەری وزەرا چاوەڕێی ئازادکردنی کەسوکارەکانیان بوون، باسیان لەوەکردووە کە دەنگی هاواریان بیستووە. بە ماوەیەکی کەم دوای ئەو لێدوانە، هێزە ئەمنییەکانی ناوەندەکە چووبوونە دەرەوە بە گازی فرمێسکڕێژ و دار رووبەڕووی ئەو کەسانە بوونەوە کە لە بەردەم ناوەندەکە وەستابوون. برای ژینا ئەوەشی باس کردبوو کە پێنج خولەک دوای ئەوە ئۆتۆمبێلێکی فریاگوزاری لە بیناکە هاتە دەرەوە و وەک ئەو دەڵێت، ژینا لەو ئۆتۆمبێلە فریاگوزاریەدا بووە.

باوکی ژیناش چەند رۆژ دوای کوژرانی کچەکەی لە چاوپێکەوتنێکدا وتبووی، چەندین ژن کە لەگەڵ ژینا دەستبەسەرکرابوون و لە هەمان ئۆتۆمبێلی گەشتی ئیڕشاددابوون، پەیوەندییان پێوەکردووە و باسیان لەوەکردووە کە هێزە ئەمنییەکان پاڵیان بە ژیناوە ناوە و لێیان داوە. ژنان بە باوکی ژینایان وتووە، هێزە ئەمنییەکان بە کەرستەی جۆراوجۆر لە ژینایان داوە.

مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەی گۆڕدرا بۆ سەرهەڵدانی ژنان

لەکاتی بە خاکسپاردنی تەرمی ژینا لە شاری سەقز، ژنان سەرپۆشەکانیان لابرد و بە دروشمی 'نەمان بۆ دیکتاتۆر' و 'ژن ژیان ئازادی' دەستیان بە خۆپیشاندان کرد. خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و دواتریش بە تەواوی جیهاندا بڵاوبووەوە. لە ئیستەنبوڵ، پاریس، ڤیەننا، تۆرنتۆ، رۆما، بەرلین، ئەسینا لە شەقامەکاندا لە ١٧ی ئەیلول لە دوای بەخاکسپاردنی تەمەکەی هەزاران کەس رژانە شەقامەکان و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان ساز کرد. لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لە نزیک دەروازەی براندێنبورگ کۆبوونەوە.

لە پاریس بە هەوڵی سکرتێری گشتی پارتی کۆمۆنیست گەنجانی کورد و ئێران دوو خۆپیشاندانی گەورەیان سازکرد. لە تۆرۆنتۆی گەورەی شاری کەنەدا بە هەزاران کەس لەپێناو شەرمەزارکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان کرد. لە خۆپیشاندانەکەدا شەقامی یۆنگ کە بە یەک لە درێژترین شەقامەکانی جیهان دادەنرێت، لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە داخرا.

هاوکات لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانیش دیمەنی لابردنی لەچک و برینی پرچ وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بڵاوکرایەوە و لە سەر ئاستی جیهانیش پشتیوانی لەو چالاکیەی ژنان کرا.

خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیەکان هەموو شوێنێکیان تەنیەوە

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەماوەی ٦ رۆژدا لە ٨٠ ناوچە خۆپیشاندانی شەرمەزارکردن بەڕێوەچوو. وێنەکانی رابەرانی ئایینی ئێران خامنەیی و خومەینی لەسەر بیناکان داگیران. لە ئەنجامی گوشاری رای گشتی نێونەتەوەییدا دەوڵەت رایگەیاند کە دەوریە و گەشتەکانی ئیڕشاد لە سەر شەقامەکان کشێندراونەتەوە، بەڵام پۆلیس و سەربازەکان دەستوەردانیان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد و دەستیان بە گەشت کرد و لێشاوێکی گرتن و دەستبەسەرکردنیان لە دژی چالاکوانان و بنەماڵەکان دەستپێکرد. کەناڵی فەرمی دەوڵەت ئاشکرای کرد کە لە خۆپیشاندانەکاندا ٣٥ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون، بەڵام ژمارەی راستەقینەی ئەو کەسانەی لە هەفتەی یەکەمدا کوژران، نەزانراوە.

خۆپیشاندانەکان لە تاران زۆربەی ناوچەکان بەتایبەتی موتەهەری، سەتارخان و سادقیەی گرتەوە. لە ناو شار وێڕای هێزەکانی دەوڵەت هەندێک هێزی میلیشیاییش بە جلوبەرگی مەدەنیەوە لە شەقامەکاندا بڵاوەیان پێکرا و هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ژمارەیەکی زۆر کوژران و بە سەختی برینداربوون.

لێپرسینەوەیەکی جددی نەکرا

لە مانگی ئەیلولەوە واتە لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی تا مانگی کانونی یەکەم لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیەکاندا تاوانەکانی هێزەکانی دەوڵەت لە رێگەی کامێرا و شایەتحاڵانەوە ئاشکرا کران، بەڵام سەرباری بانگەوازی رای گشتیی نێونەتەوەییش لێپرسینەوەیەکی کاریگەر نەکرا. ئەوانەشی سکاڵایان تۆمار کرد بە هەڕەشە و گوشار بێدەنگ کران.

بانگەوازی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە راگەیەندراێکدا لە دووەم ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینیدا رایگەیاند کە لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیەکانی ئەیلول-کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ و لە کانونی ٢٠٢٢ بەدواوە لە ئێران ١٠ کەس بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەسێدارەدراون و لە ٦ی ئابی ٢٠٢٤ دا رەزا (غوڵامڕەزا) رەسایی بە شێوەی نهێنی لەسێدارەدرا، هاوشێوەی رەسایی زۆر کەسی تر بە نهێنی لەسێدارەدران.

رێکخراوەکە هەروەها باسی لەوەشکردووە کە هەوڵ دراوە 'گەڵاڵەی یاسای پشتیوانی لە کولتوری حیجاب و داووێنپاکی' لە پەرلەمان تێەڕێندرێت و رایگەیاند، کە مامەڵەی خراپ، ئەشکەنجە، دەستدرێژی لە کاتی دەستبەسەری بۆ سەر ژنان لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بە شێوەیەکی مەترسیدار هەڵکشاوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای لە کاربەدەستانی ئێرانی کرد کە بە گوێرەی یاسای نێونەتەوەیی و مافەکانی مرۆڤ لێپرسینەوەیەکی کاریگەر بەڕێوەببەن و بکەرانی ئەو تاوانانە بە سزا بگەیەنن.