دەیانەوێت دۆزی موسا عەنتەر "بە تێپەڕبوونی کات" دابخەن

دیجلە عەنتەر رایگەیاند، ١٨ مانگ ماوە دۆزی تیرۆرکردنی باوکی بچێتە چوارچێوەی "تێپەڕبوونی کات". رایگەیاند، دەیانەوێت بەو پاساوە دۆزى تیرۆرکردنی موسا عەنتەری باوکی دابخەن.

دیجلە عەنتەر کوڕی موسا عەنتەر رایگەیاند، لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا دانیشتنێکی دۆزی موسا عەنتەر بەڕێوەچوو و ١٨ مانگی ماوە بۆ ئەوەى دۆزەکە بکەوێتە ناو دۆزی "تێپەڕبوونی کات". دۆزی موسا عەنتەر، کە لە ساڵی ١٩٩٢دا تیرۆر کرابوو، دوای ساڵ و نیوێکی تر دەکەوێتە ناو دۆزی "تێپەڕبوونی کات".

دیجلە عەنتەر وتی، "لە ساڵی ١٩٩٢دا تەقەیان لە باوکم کرد و شەهید بوو، لەو کاتەوە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٢ دەبێتە ٣٠ ساڵ. لەو ماوەیەدا دۆزەکە رەوانەى دادگای مافی مرڤی ئەوروپا کرا. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، بە هۆی ئەوەى تورکیا ئاسایشی موسا عەنتەری دابین نەکردووە، سزای بەسەر تورکیادا سەپاند. بەهۆی سزادانی تورکیاوە دووبارە دۆزەکە کرایەوە. لە ناو رەفەکاندا هێنرایە دەرەوە و لە ئامەد دۆسیەکە کەوتە دەست خۆمان. لەو ماوەیەدا چەندین شایەتحاڵی بەرپرس و پلە بەرز هاتن بۆ نمونە، کوتلور ساڤاش، وەلی کوچوک، محەمەد ئەیمور و کەسانی وەک ئەوانە، کە لە سەردەمی تاریکیی تورکیادا شاهیدی کاری رەش و تاوانکارییەکان بوون".

لەو ماوەیەدا سەرنجڕاکێشترین قسەکان لەلایەن محەمەد ئەیمورەوە کران و وتی، "من هەواڵگریم و لە خۆڕا قسە ناکەم، بەڵام هەموو شتێک لە دەزگای هەواڵگری (میت) و سەرۆکایەتیی ئەرکان دا هەیە". سەرباری ئەوەى ئەو بە ئاشکراش وتی، بەڵام لەمپەر و کێشە و ناڕەحەتیان بۆ دروستکردین. هەروەها قسەکانی عەبدولقادر ئایگان لە سوید وەر نەگیران. سوبحان مەتە هەیە ئەویش وایە. بەو شێوەیە ئێمە گەیشتنە ئەم رۆژانە و ١٨ مانگ ماوە، ئێمە دەمانەوێت سەرنجی رای گشتی رابکێشینە سەر ئەو ١٨ مانگە. هێشتا درەنگ نییە بۆ ئەوەى خاوەنداری لە دۆزەکە بکەن".

عەنتەر لە بەردەوامیی وتەکانیدا سەرنجی خستەسەر پلانداڕشتنی دەوڵەت و وتی، "دەبێت ئەمڕۆ ئەوە بە ئاشکرا باس بکەم، گەرچی کە تەقەکەرەکە کوردە، بەڵام ئەو تاوانە و پلانەکەى لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدراوە. ساڵەهای ساڵ وتیان تەقەکەرەکە پەکەکەیی بووە، بەڵام یەکێک هات و دانی بەوەدا نا، کە تەقەکەرەکە پەکەکەیی نییە، دانی بەوەدا نا، تەقەکەرەکە کەسێکی سەر بە دەوڵەت بووە. من ئێستا لێرە ئەوە دەپرسم، سەرباری ئەوەى دەوڵەت هەموو بەڵگەکانی لە دەستدایە، بۆ بەڵگەکان ئاشکرا ناکات؟ ئێمە لەو فەرماندەیە دەپرسین، کە ئەو شەوە فەرماندەی دەزگای هەواڵگریى جەندرمە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر (ژیتەم - JÎTEM) بوو، دەڵێت، ئێمە ئەو کاتە کارمان لە پشتی مێز بوو، بەڵام ئەو کاتە سەردەمێک بوو، کە ژیتەم کۆمەڵکوژیی گەورە گەورەی لە گوندەکان ئەنجام دەدا. ئەگەر بیانەوێت بۆ ئەوان کاری رۆژێکە، ئەو زانیارییانە تۆمار کراون. دادگا ئەو زانیارییانەى دەوێت. بۆ نمونە ئێمە وتمان، تەنانەت ئەگەر ئێوە پارەتان نییە بڕۆن وتە لە عەبدولقادر ئایگان وەربگرن، ئێمە پارەکەتان پێ دەدەین، بەڵام ئەوەشیان قبوڵ نەکرد. کارەکان قورس دەکەن. ئامانجیان ئەوەیە بە تێپەڕبوونی کات دۆزەکە دابخەن. تورکیا نەک تەنها بۆ کوردان، بۆ رۆشنبیرانی تورکیش بەو شێوەیەیە، کە چەندین تاوانی بکەر نادیاری ئەنجامداوە. لەبەر ئەوە دەبێت لە زووترین کاتدا ئەوانە روون ببنەوە و بۆ ئەوەش داوای پشتیوانیی زیاتر لە رای گشتی دەکەم".

ژ.ت