گۆشەگیری لە گرتووخانەکانی تورکیادا

زیندانیانی گرتوخانەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی تورکیا لە ژووری تاکەکەسیدا ڕادەگیردرێن و ڕێگەیان پێنادەن لەگەڵ بنەماڵەکانیان دیدار ئەنجام بدەن.

لە زیندانەکانی تورکیادا نزیکەی ٢٥٠٠ زیندانی سیاسی ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتی هەیە. توهای-دەر  سەبارەت بە دۆخی ئەو زیندانیانە کە لە مافە یاساییەکانیان سوودمەند نین ڕایگەیاند؛ ڕێگەیان پێنادرێت لەگەڵ بنەماڵەکانیان کۆببنەوە، هەروەها ناتوانن چاویان بە پارێزەرەکانیان بکەوێت.

چەتین ئویار هاوسەرۆکی توهای-دەری وان، سەبارەت بە دۆخی زیندانیان لە گەڵ ئاژانس فورات قسەی کرد و وتی: "بنەماڵە ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتیەکان ناتوانن لەگەڵ ڕۆڵەکانیان کۆببنەوە. لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە پارێزەر بۆ کەسوکارە زیندانیکراوەکانیان پەیدا بکەن، رێگەیان پێنادەن لە گەڵ ڕۆڵەکانیان دیدار بکەن و مۆڵەتی دیدارمان پێنادرێت. زۆربەی ڕۆڵەکانیان لە ژووری تاکەکەسیدا ڕادەگیردرن، لە ژووری تاکەکەسیدا تەنها خۆراکیان پێدەدرێت، ئیتر پێداویستییەکانی دیکەیان لێ قەدەغە کراوە.

'دوور دەخرێنەوە بۆ شارەکانی ڕۆژئاوای تورکیا'

ئویار ئاشکرای کرد بە تایبەتی ئەو زیندانیانەی سزای هەتاهەتایییان بەسەردا دەسەپێنرێت؛ لەبری ئەوەی ڕەوانەی زیندانەکانی وان، ئامەد و مێردین بکرێن، دوور دەخرێنەوە بۆ زیندانەکانی ڕۆژئاوای تورکیا و وتی: "بارودۆخی ئابووری و پەیوەندی ڕێگرە لەوەی بنەماڵەکانی بتوانن بە ئاسانی سەردانی کەسوکارەکانیان بکەن. ئێمە بۆ ئەوەی ئەو زیندانیانە بتوانن لە مافی یاساییەکانیان بێبەش نەبن لە هەوڵ و تێکۆشینداین و هاوکارییان دەکەین لەبەر ئەوەی دەرفەتەکانیان زۆر کەمە تەنات جل و بەرگ و پێڵاویان نییە. بۆیە داوا لە وەزارەتی داد و کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان دەکەین؛ هەوڵبدەن بەربەستەکانیان هەڵبگرن بۆ ئەوەی بتوانین بە ئاسانی هاوکاری زیندانیان بکەین لەم دۆخەدا. زیندانیانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی بێ پێڵاون."