بە دیمەن

ڕێپێوانی درێژ بەردەوامە: لە ١٥ ی شوبات لە ستراسبۆرگ کۆدەبینەوە

ڕێپێوانی درێژ بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لە هەرێمی ڤیلیریس لا بێل بەردەوامە. لە ڕێپێوانەکەدا بانگەوازکرا بۆ گردبوونەوەی مەزنی ١٥ ی شوبات لە ستراسبۆرگ.

ڕێپێوانی درێژی ٢٦ ڕۆژە لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەر بۆ پرسی کورد لە ٢١ ی کانوونی دووەم لە شاری لۆرێنتی فەرەنسا دەستی پێ کرد، لە ڕۆژی ١٥ هەمیندا لە هەرێمی ڤیلیریس لا بێل بەردەوامە.

لە ڕۆژی ١٤ و ١٥ ی ڕێپێوانی درێژدا، هاوسەرۆکی کەجەدەکە_ئە زوبەیدە زومروت بەشداربوو.

چالاکوانان لەبەردەم شارەوانی ڤیلیریس لا بێل کۆبوونەوە، پێش دەستپێکردنی ڕێپێوانەکە دۆسیەیەکیان ڕادەستی شارەوانییەکە کرد، زانیاریان دەربارەی ڕێپێوانەکە و هێرشە داگیرکارییەکانی سەر ڕۆژئاوا لە دۆسیەکە خستەڕوو.

لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "بژی قەسەدە" و "بژی بەرخۆدانی تشرین" بەرزکرایەوە، کوردستانیان لە ماڵ و ئاپارتمانەکانەوە بە هەلهەلە و درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" سڵاویان لە چالاکوانان و ڕێپێوانەکە کرد.

هەروەها چالاکوانان هاتنە بەردەم شارەوانی ئارنۆڤیل و دۆسیەیەکیان ڕادەستی شارەوانییەکە کرد، هاوسەرۆکی کەجەدەکە_ئە زوبەیدە زومروت قسەی کرد.

زوبەیدە زومروت سوپاسی بەشداربووانی کرد و تیشکی خستەسەر گرنگی چالاکییەکە، ڕایگەیاند هەموو جیهان دەزانێت کلیلی چارەسەری قەیران و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەستی ڕێبەر ئاپۆدایە، گوتی: "فەلسەفە و پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژئاوا ئەزموونکرا. بووە نموونە بۆ هەموو جیهان. سیستەم ئەمەی دیت. تێکۆشانی گەریلا و گەلەکەمان، بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی و نەبوونی چارەسەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەتی تورکی ناچارکرد ڕووبکاتە ڕێبەر ئاپۆ".

زوبەیدە زومروت تیشکی خستەسەر دیدارەکان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، کە ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوە کردووە بێ چارەسەری پرسی کورد هیچ شتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر نابێت، تا ئێستەش دەستوەردانە نادیموکراتیکەکانی سیستەم هیچ چارەسەرێکی نەهێناوە و کێشەکانی قووڵتر کردووەتەوە، زوبەیدە گوتی: "ئەگەر هێزە نێونەتەوەییەکان دەیانەوێت ئاشتی کۆمەڵایەتی و چارەسەر بێتەدی، پێویستە دیدگاکانی چارەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەبنەما بگرن".

هەروەها زوبەیدە زومروت جەختی کردەوە، لەم قۆناغە مێژووییەدا دەبێت کوردانی ئەوروپا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و هەرچی پێویستە بیکەن، گوتی: "لە ١٥ ی شوبات، بانگەوازی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت، لە ستراسبۆرگ ئەم بانگەوازە دەکرێت، چالاکییەکەی ئەوێ، ئیرادەمان دیاری دەکات. پێویستە هەزاران کەس لە ستراسبۆرگ کۆببنەوە. بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین لە ١٥ ی شوبات لە ستراسبۆرگ کۆببنەوە".