هێزەکانی ئێران ٥٨ کەسیان کوشت و ٢٧٠ کەسیشان بریندار کرد
هێزەکانی ئێران لە زاهیدان هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیان و ٥٨ کەسیان کوشت، کە ژن و منداڵیشیان لە ناودایە.
هێزەکانی ئێران لە زاهیدان هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیان و ٥٨ کەسیان کوشت، کە ژن و منداڵیشیان لە ناودایە.
دوای ئەوەی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقیەوە لە تاران کوژرا، لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان لە دژی کوشتنەکەى دەستیپێکرد. تا ئێستا چالاکییەکانی گەل بەردەوامە. هێزەکانی ئێران ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران دەکەن.
لە شاری زاهیدان، کە ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلووچستانە، خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان. لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێدا هێزەکانی ئێران ڕاستەوخۆ تەقەیان لەخەڵک کرد. بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، لە ئەنجامی ئەو هێرشانە، کە کرایە سەر خەڵک لە زاهیدان ٥٨ کەس لەلایەن هێزەکان رژێمی ئێرانەو کوژراون، کە منداڵ و ژنیش لە ناو کوژراوەکاندا هەیە و سەرچاوە خۆجێییەکانیش دەڵێن، بەلایەنی کەمەوە ٢٧٠ کەسی تریش برینداربوون.
هاوکات هێڵەکانی ئینتەرنێت بڕاون تاوەکو ڕێگری لە پەیوەندیی خەڵکی ناوچەکە بە دونیای دەرەوە بکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە لەو ناوچەیە دوکەڵێکی زۆر بەرزدەبێتەوە و هێزێکی گەورەی سەربازیش بە ناوچەکەدا و ناو شارەکەدا بڵاو کراوەتەوە.
هاوکات کەناڵی کۆڵبەرنیوز دوای کۆمەڵکوژییەکانی سیستان و بەلوچستان ڕایگەیاند، عەلی موسەوی فەرماندەی هەواڵگریی سوپای پاسداران لەو پارێزگایە لە لایەن 'گەنجانی شۆڕشگێڕ'ەوە کوژراوە.
ژ.ت