جەهەپە شاندێک دەنێرێتە جولەمێرگ: ئاکەپە پەیامەکەی وەرنەگرت

وتەبێژی جەهەپە دەنیز یوجەل دانانی قەیوم لە شارەوانی جولەمێرگی وەک زەوتکردنی ئیرادە ناساند و گوتی، شاندێک دەنێرنە شارەکە.

زەوتکردنی ئیرادە

وتەبێژی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەنیز یوجەل پاش کۆبوونەوەی لیژنەی بەڕێوەبردنی ناوەندی دەربارەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جولەمێرگ قسەی کرد ڕایگەیاند سبەی شاندێک لە ئەندامانی پارتەکە دەچنە جولەمێرگ، گوتی: "ئیرادەی هاوڵاتیانمان لە ٣١ ی ئادار لە سندووقەکان دەرکەوت، لە چەند بابەتێکدا پەیام بۆ دەسەڵات نێردرا، لەوانەش دانانی قەیوم. پاش ئەوەی ئەمڕۆ لە شارەوانی جولەمێرگ قەیوم دانرا، تێدەگەین دەسەڵات لە پەیامەکان تێ نەگەیشتووە".

یوجەل ڕایگەیاند دانانی قەیوم بەرگەنەگرتنی دیموکراسییە و بێگومان ئێمە پشتگیری لە ئیرادەی گەلی جولەمێرگ دەکەین، گوتی: "بە بڕیاری لیژنەی بەڕێوەبردنی ناوەندی لەگەڵ جێگری سەرۆکی گشتی زولەیخا ئاکساز شاهباز، پەرلەمانتاری ئەنتاڵیا جاوید ئاری و پەرلەمانتاری بۆرسا کایهان پالا دەچینە جولەمێرگ. لێکۆڵینەوە لەم هەنگاو دژە دیموکراسییە دەکەین و بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەکەینەوە".