تاژێ: بە یەکێتی خۆمان لێپرسینەوە لە تاوانباران دەکەین

لە موسڵ بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئێزدی (تاژێ) بۆ شەرمەزارکردنی ڕووداوی سوتاندنی ١٩ ژنی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٦، ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە.

بە پێشەنگایەتی تاژێ و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر دیموکراتیکی شەنگال، ئەمڕۆ لە موسڵ ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. لە 3ی حوزەیرانی 2016، لە شاری موسڵ، 19 ژنی ئێزدی بە پاساوی ئەوەی موسڵمانبوونیان قبوڵ نەکردووە و بەڕۆژوو نەبوون لە نێو قەفەسێکدا لە ناوەڕاستی شەقامدا لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بە شێوەیەکی دڕندانە سووتێنران. بە بۆنەی ساڵیادی کوشتنی 19 ژنەکە، لە شوێنی ڕووداوەکە، ڕێکخراوەکان، سیاسەتمەداران، چالاکوانان و ژنە ڕۆژنامەوانانی عێراق ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە و ڕووداوەکەیان شەرمەزار کرد.

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن هاوسەرۆکی دەستەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال، ڕیهام حەسەن خوێنرایەوە، تیشکخرایەسەر باوەڕی ئێزدی وەک یەک لە باوەڕە دێرینەکانی میزۆپۆتامیا، هەروەها ئەو ٧٤ فەرمانەی بە درێژایی مێژوو بەسەر جڤاکی ئێزدیدا هاتووە، بەڵام جڤاکی ئێزدی خۆی پاراستووە، دەڵێت: "ئەوەی لە جەوهەری خۆیدا ئێزیدایەتی دەهێڵێتەوە و دەیپارێزێت، ژنی ئێزدییە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ٧٤ فەرماندەکەدا زیاتر ژنان و مناڵان بوونەتە قوربانی، دواجاریش لە هێرشی چەتەکانی داعشدا هەزاران ئێزی کوژران و بەدیلگیران و کۆچبەر بوون، هەزاران ژن و کچی ئێزدی ڕفێنران و فرۆشران، هەوڵدرا بەزۆر ئێزدییەکان لە باوەڕی خۆیان دووربخەنەوە و ئایینێکی دیکەیان بەسەردا بسەپێنن، هێشتاش هەزاران ژن و مناڵ و مرۆڤی ئێزدی لەژێر دەستی چەتەکانی داعش چارەنووسیان نادیارە. 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ڕووداوی سوتاندنی ١٩ ژنی ئێزدی لەنێو قەفەسی ئاسنین لە موسڵ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە، دووپاتکراوەتەوە ئەم ڕووداوە دڕندانەیە لە جیهاندا وێنەی نەبووە، هێشتاش ناسنامەی ١٩ ژنە ئێزدییەکە ئاشکرا نەکراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە نەکراوە.

تاژێ لە کەسێتی ١٩ ژنە بەرخۆدەرەکە هەموو شەهیدانی فەرمانەکەی بیرهێنایەوە، بێدەنگی و هەڵوێستی نێونەتەوەیی شەرمەزار کرد و گوتی: "بێدەنگی واتە پشتگیریکردنی داعش و هاوکارەکەی کە پەدەکەیە".

لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە بە یەکێتی ژنان لێپرسینەوە لە تاوانباران دەکەن و دەنگی خۆپاراستن بڵند دەکەنەوە و دەڵێت: "وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی بانگەواز لە تەواوی ژنان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و مرۆڤە دیموکراتیەکاکن دەکەین، بۆ دادگایکردنی داعش و هاوکارەکەی کە پەدەکەیە، دەنگی دادپەروەری بڵندتر بکەینەوە".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.