ناوەندی ژنۆلۆژی لە ڤییەنا بەشداری لە فستیڤاڵی کۆماری دیموکراتیدا کرد

ناوەندی ژنۆلۆژی لە بروکسل بەشداری لە فستیڤاڵی "کۆماری دیموکراتی ڤییەنا" کرد کە لە ساڵی ١٩٥١ ەوە هەموو ساڵێک ئەنجام دەدرێت. لە ماوەی ٤٥ ڕۆژی فستیڤاڵەکەدا، هەفتەیەکی بۆ چەندین چالاکی لەسەر شۆڕشی ژن، ژنۆلۆژی و شۆڕشی ڕۆژاوا تەرخان کرد.

 لە ڕۆژی یەکەمی ئەو هەفتەیەی فستیڤاڵەکەدا ناوەندی ژنۆلۆژی بە ئامادەبوونی نەجیبە قەرەداغی و سارا مارچا لەگەڵ ١٥ هونەرمەند لە وڵاتانی جیاوازی وەک نەمسا، ئەڵمانیا ، کوردستان، جۆرجیا، هەنگاریا و هتد.. باسیان لە میتۆدۆلۆژی ژنۆلۆژی کرد لە خوێندنەوەیان بۆ مێژوو، کۆمەڵگە بەرێی هونەر و بابەتەکەیان بەرێی گروپی کار و گفتۆگی کراوە، پێشکەش کرد. بەکارهێنانی رێبازی هونەر بۆ خوێندنەوەی مێژوو و کۆمەڵگە بابەتێکی سەرنجڕاکێش بوو بەلای هونەرمەندەکانەوە کە چۆن گۆرانی، چیرۆکی میتۆلۆژی هەڵگری توخمی شاراوەن لە ڕەوتی مێژووی ژن و کۆمەڵگە، ئاشکراکردنی ئەو داگیرکارییانەی کە لە سەر ژن و کۆمەڵگە هەبووە.

 هەر لە هەفتەی فستیڤاڵەکەدا، ئەنجومەنی کۆمەڵگەی کوردی لە نەمسا (فەیکۆم) کە بنکەکەی لە ڤییەنایە، سیمینارێکی لەسەر شۆڕشی ژن، ژنۆلۆژی و بارودۆخی ڕۆژاڤا لە شاوسپیلهاوس کە ناوەندێکی شانۆیی بەناوبانگە لەو شارە ڕێکخست بەبەشداری ئەندامانی ناوەندی ژنۆلۆژی نەجیبە قەرەداغی و سارا مارچا و نوێنەری خۆسەریی لە ڤییەنا ئاری میلان  و وتەبێژی فەیکۆم ڕێدار هان. بەشداران لە سەر ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی، فەلسەفی، زانستی و ئایدیۆلۆژیی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراسیی ئامادەبوان ئاشنا کرد و بەشی دووەم بۆ پرسیار و وەڵام تەرخان کرا.

 ئاری میلان باسی مێژووی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی کرد کە لە ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٢ لەسەروبەندی ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی دەستی پێکرد و دواتر لە زۆر وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکوری ئەفریقا گۆڕا بۆ هێرشی گروپی جیهادیستەکان وەک (داعش) بەڵام لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ناسراو بە رۆژئاڤا گۆڕا بۆ پرۆسەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و دیموکراتی کە دەیان ساڵ ئامادەکاریی بۆ کراوە و زۆر دەرڤەری تر لە ناوچە عەرەبنیشینەکانی سوریاش گۆڕا بۆ شۆڕش تا ئەو ئاستەی کە  داعش تیکشکێنرا و ئێستاش لە کامپی هۆڵ دەستبەسەرن. ئاری میلان جەختی لە پێویستی هاوپشتی و هاوکاری بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ڕۆژئاوایی کردەوە لەو کامپە، بە مەبەستی سووککردنی گوشارەکان بۆ سەر ڕۆژئاڤا، لە بەرامبەر هەوڵی دووبارەبوونەوەی دۆخی ڕابردوو و هێرشی شانەکانی داعش و هێرشەکانی تورکیا.

 نەجیبە قەرەداغی شۆڕشی ڕۆژاڤای وەک " شۆڕشێکی زهنی " وەسف کرد کە  گرنگییەکەی بە پلەی یەکەم لە ڕۆڵی بزووتنەوەی ئازادی ژنەوە سەرچاوە دەگرێت کە جەخت لەسەر فەلسەفەی ع.ئۆجالان دەکاتەوە، لە بەرەنگاربوونەوەی پیاوسالاری، دەسەڵاتدارێتی و سەرمایەداری و فشاری دەوڵەت. نەجیبە قەرەداغی هەروەها باسی لە ڕۆڵی گرنگی ڕێکخستنە خۆسەرییەکانی ژنان کرد کە پێکهاتە کۆنەپەرستەکانیان لە ناوچەکەدا شکاندووە و گۆڕانی ڕوانگەیان بەرەوپێش برد و ئەو وەک " شۆڕش لە ناو شۆڕشدا" پێناسەی کرد و گووتیشی لە سەروبەندی شۆڕشدا خەڵک لە خولەکانی پەروەردەدا بە فەلسەفە و بنەما ئایدیۆلۆژییە جەوهەریەکانی شۆڕش ئاشنا کران و گەلان و بە تایبەتی ویست و داواکانیان لەو شۆڕشەدا بینیەوە بۆ ئەوەش قوربانی زۆریان بۆ دا و بوونە ئیلهام بۆ ژنانی جیهان و هیوا بۆ جیهانێکی باشتر و بەرگریکردن لەو هیوایەش ڕەنج و تێکۆشانی بەردەوامی دەوێت لەبەرئەوەی کە شۆڕش لە خاڵێکەوە دەستپێناکات و پاشخانێکی هەیە و تا گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ئازاد و ئیکۆلۆژیی کۆتایی نایەت، لەبەرئەوەی ئەو شۆڕشە ئیتر خاوەن سیستەمی خۆبەرێوەبەریی و خۆپاراستنی خۆیەتی.

 سارا مارچاش سەرنجی بۆ گرنگی پەروەردە راکێشا و وتی ڕێبازی زانستیانە بە تایبەتی ژنۆلۆژی بە ڕێبازێکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ چارەسەریی پرسە کۆمەڵایەتی و پرسە سیاسییەکانیش دەزانین کە کاریگەریی درێژخایەنی هەیە. وتیشی ئێمە وەک ژن و کەسانێک کە لە ئەوروپا دەژین و خەڵکی ئێرەین ڕۆژئاڤا بۆ ئێستا و ئایندەمان گرنگە کە ئەزموونی لێوەرگرین. مارچا وتی لە وڵاتێکەوە هاتووم کە شۆڕشێکی لە مێژوودا خوڵقاند، بەڵام لە ڕۆژئاڤاوە ئەوە فێربووین کە گرنگە شۆڕش لە بەرژەوەندی گەلاندا نوێگەریی بکات لەبری ئەوەی لە دۆگماکاندا گیر بخوات، ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاڤا کردووەیەتی ئەوەیە کە سەرقافڵەی مۆدێرنیتەی دیموکراتییە و خۆی لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەت دابڕاندووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە فێربوون لەو ئەزموونەوە  بە سیستەمێکی پەروەردەیی زیندوودا تیپەڕ دەبێت کە لەسەر بنەمای خۆڕاگرییەوە دامەزراوە و ناوەڕۆکێک بۆ خەڵک دابین دەکات کە بەپێی پێویستیەکانیان لە ڕێگەی دامەزراوە توێژینەوە ناوخۆییەکانەوە لە دۆخی خۆیان تێدەگەن و وەڵام وەردەگرنەوە بە هێزی خۆیان. نموونەی لە پەیمانگای ئەندریا وۆڵف هێنایەوە کە ئیلهامبەخشە بۆ ژنانی جیهان و ستەملێكراوان.

 هەروەها لە مۆزەخانەی فۆلکلۆری ڤیەننا ڕۆژانی دواتری فستیڤاڵەکە سیمینارێک ڕێکخرا لەسەر گرێبەستی کۆمەڵایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. لەو بەشەدا نەجیبە قەرەداغی سارا مارچا لە لایەن ناوەندی ژنۆلۆژی لە بروکسل بەشداریان لەو بەشەی فێستیڤاڵی ڤیەنادا کرد.

نەجیبە قەرەداغی لەسەر پێناسەیەک بۆ ئیتیمۆلۆژیای "ڕۆژاڤا" لە ڕووی جوگرافی و پێکهاتەییەو کە کارێکتەرێکی فرەیی هەیە هەر لە فرەزمان، ئەتنیک، ئایین، ئاینزا دەستپێکرد و گووتی ئەوەی ڕوویدا لە سەروبەندی "بەهاری عەرەبی" دا لە ساڵی ٢٠١١ لە ڕۆژاڤا، مۆدێلی بەرایی بوو بۆ سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤ کە بە پلەی یەکەم مەبەست لێی ئەوە بوو کە دەرفەت بدات بە خەڵک بۆ بەشداریکردنی بەهێزتر لە ژیانی سیاسیدا بە پێچەوانەی سیستەمی دەوڵەتەوە. نەجیبە قەرەداغی چەندین جار نموونەی لەسەر بابەتەکانی "هیوا و شۆڕش"ی وەک هۆکاری بزوێنەری گۆڕینی پارادایم لە سیاسەت، ئیکۆلۆژی و کۆمەڵگەدا هێنایەوە کە بەشێکن لە ناوەرۆکی پەیمانی کۆمەڵایەتی ڕۆژئاڤا کە دیموکراسی ڕادیکاڵ، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن لەخۆوە دەگرێت و ئازادی ژنی وەک کۆی ئازادییەکان و ناسنامەی لەخۆگر پێناسە کرد. نەجیبە قەرەداغی گووتی گرێبەستی کۆمەڵایەتی وەڵامێکە بۆ ئەو قەیران و بنبەستبوونەی کە بەهۆی زهنیەتی دەوڵەت-نەتەوەی تاکڕەنگەوە پێویستیان بە چارەسەر هەیە.

سارا مارچا جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە ئەو سیستەمە تەنیا دەتوانن لە " ژێر بۆ ژوور" کار بکەن و لە دژی پەیوەندی پلەدارییە و ئەوەش تەنیا بە شەووڕۆژێک دروست نەبووە بەڵکو خودی ئۆجالان دەیان ساڵ کاری پەروەردەیی بۆ ئەو شۆڕش و سیستەمە کردووە.

 بە کورتەیەک لە پەیمانی کۆمەڵایەتی دەستی پێکرد کە سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشەی کولتووری و کۆمەڵایەتی ژنانی کورد لە میزۆپۆتامیا و ڕۆڵیان لە بەرخودان لە دژی داگیرکاری و جینۆساید لە سەدەی ڕابردوودا، بە تایبەت لە ڕۆژاڤا. ئاماژەی بەوە کرد کە دوانزە ساڵ لەمەوبەر شۆڕشی ژن لەوێ دەستی پێکرد، کە ژن نەک هەر لە هەموو بەرەکاندا نوێنەرایەتییان هەیە، بەڵکو هێزی بزوێنەری شۆڕشن، هەر لە سیستمی هاوسەرۆکایەتی تا نوێنەرایەتی یەکسان لە دەزگاکاندا هەم لە ڕووی یاساییەوە مافەکانیان چەسپاوە هەم خۆیان خاوەن سیستەم، دامەزراوە و  ڕێکخراوەی خۆسەرن و ڕۆڵیان لە پێشەنگایەتی شۆڕشدا هەیە.

 پاشان ئاماژە بە بنچینەی سیستەمی ژن لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و گرنگی ژنۆلۆژی لەو چوارچێوەیەدا کرا. لەوێدا ئاماژە بە ریشەی وشەی ژنۆلۆی کرا کە پرۆسەی پەرەسەندنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە کە بە تەواوی شۆڕشێکی کوردستانیی و گەردوونییە. زانستی ژن ژنۆلۆژی هەم لە میراسی ئەو شۆڕشەوە دێت و هەم هەنگاونانە بەرەو بەردەوامی شۆڕشی ژن و بە گەردوونیکردنی. ژنۆلۆژی ئازادی ژن وەک مەرجێکی دەستلێبەرنەدراو بۆ ئازادی کۆمەڵگە دەزانێت و لە ڕوانگەی ژنەوە تیشک دەخاتە سەر لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگە، مێژوو، ئایین و چەندین بواری دیکە. ڕەخنە لە تێگەیشتنی نوخبەگەرایی، پیاوسالاری، پۆزەتیڤیستی زانست دەگرێت و هەوڵدەدات بۆ پەرەپێدانی ڕێبازێکی گشتگیری بەدیل.

زۆربەی پرسیارەکانی ئامادەبوون لەسەر ئەوە بوو کە ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چۆن دڵنیابوون لەوەی ئۆتۆنۆمیەکەیان لەلایەن کۆی کۆمەڵگەوە قبوڵ دەکرێت و چۆن توانیویانە زهنیەت لە ژێر کاریگەری هێزی دەوڵەتی هەژموونخواز و پیاوسالاری بگۆڕن بەرەو بەشداری ڕیشەییانە لە شۆڕشدا. سارا مارچا ئاماژەی بەوە کرد کە نهێنی ئەوە لە پەروەردە و بەشداری ڕاستەوخۆ و رادیکاڵی کۆمەڵگەدا کە خۆیان بکەری سیاسین لەو پرۆسەیەدا.

 ناوەندی ژنۆلۆژی لە ساڵی ٢٠١٧ لە بروکسل دامەزراوە، ناوەندێکە بۆ توێژینەوەی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان کە بە کۆمەڵ پەرەی پێدراوە لەسەر بنەمای زانیاری و ئەزموونی ژن لە کوردستان و جیهان. ئامانجی ئەوەیە کە بە هاوبەشی لەگەڵ تۆڕێکی بەرفراوان لە دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان و هەرەوەزییەکاندا کار بۆ مافەکانی ژن بکات لە رێی لێکۆڵینەوە و ڕاهێنانەوە. ژنۆلۆژی ژنانی پێکهاتە جیاوازەکان بانگهێشت دەکات بۆ گەڕان و (دوبارە)نووسینەوەی مێژوویان بۆ ئاشكراکردنی لایەنە شاراوەکانی داگیرکاریی لە سەر ژن و کۆمەڵگە. ناوەندەکە کارەکانی بە رێی پێشانگا، سیمینار و خولی ڕاهێنان و وۆرک شۆپ ڕێکدەخەن و بەشداری دەکەن، هەروەها بابەت و کتێب لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانست و بەریەککەوتن و مشتومڕ دەنووسن و بڵاوی دەکەنەوە. ئامانجی توێژینەوە و شیکردنەوە و کاری پەروەردەیی ناوەندەکە وشیاریی ژن و کۆمەڵگەیە بۆ ئەوەی بتوانن لە بەرامبەر توندوتیژی و سیستەمی پیاوسالاریدا هەم خۆیان بپارێزن و هەم گۆڕانکای ڕیشەیی ئەنجام بدەن. لە هەمان کاتدا پێشەنگی بۆ تێکۆشان و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بکەن.

 لە ڕۆژانی دواتر دا ناوەندی ژنۆلۆژی لە بروکسل لە هەمان فستیڤاڵی ڤییەنادا، سیمیناریکی تری ڕێکخست بۆ قسەکردن لەسەر ژنۆلۆژی وەک زانستی شۆڕشی ژن.

سارا مارچا بە رێی ڤیدیۆ، وێنە و گفتوگۆ ئاماژەی بە گرنگی سیستەمی کۆنفیدرالی ژن کرد کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە ئەنجامی شۆڕشی ژنەوە بەرهەم هاتووە و ئەو مۆدێلە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ڕێی سیستەمی چەترئاسای کۆنگرا ستار خۆی ڕێکخستن کردووە و هەنگاوی لە رێکخستنکردنی ژن و کۆمەڵگە ناوە. لەوێدا پرەنسیپی " نابێت هیچ ژنێک لە دەرەوەی خۆڕێکخستن کردن بێ" پەیڕەو دەکات. لەهەمان سیمیناردا ئاماژە بە بوارەکانی وەک پەروەردە، ئابووری و دادپەروەری کرا بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ژنان و کۆمەڵگە.

 پرسەکانی ژینگە و تەندروستی پەیوەست بە شەڕی سوریا و گەمارۆی سەر ئیدارەی خۆسەریی و هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای تورکیا تەوەرێکی تری باسەکە بوون. پرسی پاڵپشتیکردنی دامودەزگا و پڕۆژەکانی ژنان و کۆمەڵایەتی و هەروەها خواستی دروستکردنی پەیوەندی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی لەگەڵ وڵاتان و ڕێکخراوەکانی دیکە، بەشێک بوون لە وتووێژەکان. ئامادەبووان بە گیانی هاودەنگی و گرنگیدان بە شۆڕشی ژن، بۆچووونی خۆیان دەربڕی.

 بەشێکی تری فستیڤاڵەکە لەسەر گفتوگۆ بوو لە سەر کۆتا لە ڕوانگەی جیاوازەوە. لە پاڵ چەندین سیاسەتمەدار، ئاکادیمیسیان و مێژووناس و چالاکڤان ناوەندی ژنۆلۆژیش باسی لەو سیستەمی کۆتا کرد. نەجیبە قەرەداغی ناوی ناوەندی ژنۆلۆژییەوە باسی لە ئەزموونی ژنی کورد و شۆڕشی کوردستان لە گۆڕانکاری سیستەمی کۆتا بەرەو هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسان و ئاماژەی قۆناغە مێژووییەکان و گەیشتنی بە ئاستی شۆڕشێکی دیموکراتی کرد لە نوێنەرایەتی یەکساندا و وتی کۆتا تا قۆناغێک دەتوانێ ڕۆڵی هەبێ لە بەرزکردنەوەی وشیاری و ئاستی تێکۆشان دواتر دەبێ لە ئاستی بیرکردنەوە و زهنیەتی کۆمەڵگە بۆ بەشداری بەشە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە گۆڕانکاری بەسەردا بێت لەبەرئەوەی کە یاسا بە تەنیا رۆڵی نییە لە گۆڕانکاریی ئەگەر لە ڕووی زهنیەتەوە گۆڕانکاری ئەنجام نەدرێت.

 لەهەمان فستیڤاڵەدا سیاسەتمەداری کورد ئیلهام ئەحمەد بە پەیامێکی ڤیدیۆیی وتارێکی پێشکەش بە هەفتەکانی فێستیڤاڵی ڤیەننا کرد کە لە ساڵرۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری ئازادی ڤیەننا لە گەورەدا لەبەردەم هۆڵی شارەوانیدا شارەکەدا بەڕێوەبرا  و ڕاستەوخۆ پەخشکرا. لەوێدا چەندین لێدوان و بەشداریی چالاکوانان و گروپە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەشداریان کرد. لەوێدا " ئەنجوومەنی کۆمار" کە ١٠٠ کەسن – لەوانەش پارتی دیموکرات – کە خۆی بە پشتیوانی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەزانێ. ئامانجی فستیڤاڵەکە ئەوەیە کە بۆنەکە بکاتە ئەزموونێک بۆ مۆدێرنیتەی دووەم و سیاسەت و ئێستیتکی جیهانیی، بێ سنوور، یۆتۆپیایی و ڕیشەییە.

 ئیلهام ئەحمەد کە لەدایکبووی عەفرینە تا ساڵی ٢٠٢٣ هاوسەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بووە و ئێستا وتەبێژی کاروباری دەرەوەی خۆبەرێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە. ژنە ئەکتەر بیبیانا بێگلاو کە بەڕێوەبەری کردنەوەی فێستیڤاڵەکەی بوو، ئەوی وەک " خوشکێکی کۆماری ئازادی ڕۆژاڤا " ڕاگەیاند. ئیلهام ئەحمەدیش یەکەم پەیامی سیاسی ئەو ئێوارەیە بوو کاتی ووتی؛ " لەرۆژاڤا/ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە، لە شوێنی شۆڕشی دیموکراسی، ئیکۆلۆژی و شۆڕشی ژنەوە ، لە ناخەوە سڵاو لە کۆماری ئازادی ڤیەننا دەکەین. هیوادارین ئێوە ببنە پاڵنەر بۆ بڵاوبوونەوەی کولتوورێکی دیموکراسی و ئازادی ژن" و وتارەکەی بە دروشمی "، ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هێنا.

 هەفتەکانی فێستیڤاڵی ڤییەنا لە ساڵی ١٩٥١ەوە مەیدانێک بووە قسەکردن، نمایش و کاری هونەریی لەسەر نەریت، داهێنان، پێشەنگایەتی و ئەزموونی دیموکراسی. فستیڤاڵەکە تا ٢٣ حوزەیران بەردەوام دەبێت. بە گشتی ئەمساڵ لە فێستیڤاڵەکەدا زیاتر لە ٤٥ بەرهەم و پڕۆژەی هونەری لە بوارەکانی شانۆی قسەکردن، ئۆپێرا، مۆسیقا، سەما، نمایش، هونەری بینراو و چالاکی نمایش کراوە و دەکرێت، لەگەڵ گرنگیدان بە فۆرمات و پڕۆژەی بەشداریکردن لەگەڵ وەرگرتنی بێبەرامبەر. هەفتەیەکی بۆ شۆڕشی ژن، ڕۆژئاڤا و ژنۆلۆژی تەرخان کرد.

هـ . ب