کەژەکە: بە ڕۆحی سەرهەڵدانەوە دژی قەیومەکان ڕادەپەڕین

کۆردیناسیۆنی کەژەکە بانگەوازی لە گەلی جولەمێرگ و هەموو کوردستان و ژنان و هێزە دیموکراتیکەکان کرد پلانی قڕکردنی ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست پووچەڵ بکەنەوە و بە ڕۆحی سەرهەڵدانەوە دژی قەیومەکان ڕاپەڕن.

ڕاگەیاندراوی کەژەکە دژی قەیومەکان

کۆردیناسۆنی کەژەکە گوتی: "ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپەی فاشیست و قڕکەر لە ١٠ ساڵی دواییدا لەسەر بناغەی پلانی لەناوبردن دژی گەلی کورد قڕکردنی سیاسی و جەستەیی و چاندی و جڤاکی پێکدەهێنێت. پەیوەست بەم پلانەوە، مافی سیاسەتی دیموکراتیکی گەلی کورد بە میکانیزمی کودەتای قەیوم دەستبەسەرکراوە، مافی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران هەڵگیراوە و ڕێکخراوە جڤاکی و مەدەنیی و سیاسییەکانی گەلی کورد و ژنان دەستبەسەرکراون. مرۆڤ نابێت بە لەناوبردنی مافی هەڵبژاردنی گەلی کورد بڵێت کودەتا، چونکە ئەم پێناسەیە کورت دەهێنێت. ئەمە قڕکردنی سیاسییە. بەڵام گەل و ژنانی ئێمە لەڕێگەی هەڵبژاردنی خۆجێی ٣١ی ئادارەوە هەم پلانی لەناوبردن، هەم پرۆژەی "لەبری کوردی ئازاد، دامەزراندنی کوردی کۆیلە"یان پووچەڵکردەوە، هەم بە شێوەیەکی مێژوویی سیاسەتی قەیومیان تێکشکاندووە. دوای هەڵبژاردن، ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست بە خێرایی قەیومێکی لە شارەوانی وان دانا. لە ئەنجامی سەرهەڵدانی وان و بەرخۆدانی هاوبەشی هێزە دیموکراتیکەکان، ڕژێمی فاشیست ناچار بوو پاشەکشە بکا. ئەمجارەش ئیرادەی گەلی شەرناخ بە فۆرمێکی نوێی لەشکرکێشیی دەستی بەسەردا گیرا و دەنگی گەلی ئێمەی جورنەڕەش بە سووتاندنی سندوقەکانی دەنگدان پووچەڵکرایەوە".

کۆردیناسیۆنی کەژەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: "بەرخۆدانی هاوبەشی هێزە دیموکراتیکەکان کە لەگەڵ بەرخۆدانی وان دەرکەوت، وایکرد ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە سیاسەتی "ئاسایکردنەوە" بخاتەپێش، لە دۆزی کۆبانێدا سزای قورسی بەسەر نوێنەرانی سیاسی کورددا سەپاند، ئەو ژەنراڵانەی لە دۆزی ئەرگەنەکۆن گیرابوون، ئازادکران؛ بە پاساوی هەڵبژاردنی خۆجێی دیموکراتیکی ڕۆژئاوا هێرشیان دەست پێ کرد، بە ئامانجی گەمارۆدان و تەسفیەکردنی باشووری کوردستان، پرۆژەی ئۆڤاکۆی و پلانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا جێبەجێ کرد. ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، کلینیکی ئەرگەنەکۆنی خۆی خستووەتە نێو هاوپەیمانی دەوڵەتی ئێستایەوە و ئەمڕۆ بە دانانی قەیومێک لە شارەوانی جولەمێرگ سیاسەتی "ئاساییکردنەوە لە تورکیا، قڕکردن لە کوردستان"ـی دەست پێ کردووە. پێویستە هەموو گەلی کورد بزانێت کە ڕژێمی فاشیست و قڕکەری ئاکەپە – مەهەپە دوژمنایەتی و قڕکردن لە دژی هەموو کورد ئەنجام دەدات".

لە ڕاگەیاندراوی کەژەکەدا ئەم خاڵانە دەستنیشانکراون:

"بەتایبەت جەهەپە، بانگەواز لە هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا دەکەین: ئەگەر پڕۆسەی "ئاساییکردنەوە" پەیمانی بێدەنگی بێت بەرامبەر بە قڕکردنی کورد، گەلی کورد ئێوە بە هاوبەشی تاوانەکانی قڕکردن دەزانێت. بەم پێیە مێژوو دادگاییتان دەکات. لەسەر ئەم بناغەیە پێویستە هەموو هێزەکانی سیاسەتی دیموکراتیک، سیاسەتی قەیوم و دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی دیموکراتیکی گەلی ڕۆژئاوا، وەک شکستێکی مێژوویی قۆناغەکە ببینن و درێژە هەڵوێستی هاوبەش بدەن. یان لەسەر بناغەی یەکێتی دیموکراتیک، یەکێتیەکی مێژووی لەگەڵ گەلی کورد بنیات دەنێن، یان حوکمی مێژوویی گەلی کورد سەردەکەوێت کە کەس ناتوانێت پێشی لێ بگرێت.

بانگەواز لە ژنان دەکەین: بە هەڵبژاردنەکانی ٣١ ی ئادار، سەرهەڵدانی وان و هەڵبژاردنی جورنەڕەش وەک هێزی بەرخۆدانی دیموکراتیکی سەدەی ٢١، هاوشانی کوردستان، لە مێژووی جیهانیشدا هەنگاوێکی مەزنتان هاویشت. وەڵامی گەلەکەمان دژی هەموو جۆرە هێرش و قڕکردنێکی ئیرادە، بەتایبەت لە جورنەڕەش، بۆ خۆی سەرکەوتنە. سڵاودەکەین لە گەلی ئێمە لە جورنەڕەش و ئەو سەرکەوتنە دیموکراتیکەی پیشانیاندا.

لەسەر ئەم بناغەیە، بانگەواز لە گەلی جولەمێرگ و هەموو کوردستان، ژنان و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەین ئەو پلانی قڕکردنەی ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست لە هەموو کوردستان ئەنجامی دەدات، پووچەڵی بکەنەوە و دژی قەیومەکان بە ڕۆحی سەرهەڵدانەوە ڕاپەڕن. هیچ هێزێک ناتوانێت مافی چارەی خۆنووسین و خاوەندارێتی گەلەکەمان دەستبەسەر بکات".