٣٦ ژنە زیندانی سیاسی: پێویستە نێرگس محەمەدی بە شێوەی ئاشکرا دادگایی بکرێت

بڕیارە هەفتەی داهاتوو نێرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە تۆمەتی ئاشکراکردنی دەستدرێژی بۆ سەر ژنانی زیندانی دادگایی بکرێت، ٣٦ ژنە زیندانی سیاسیش داوەدەکەن دانیشتنەکەی دادگا بە شێوەی کراوە و ئاشکرا بێت.

دوای ئەوەی نێرگس محەمەدی کە لە زیندانی ئێڤینی تارانە ئاشکرای کرد کە ژنانی زیندانی رووبەڕووی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی دەبنەوە و ئامادەیە لەوبارەوە شایەتی بدات، لە سەر سکاڵای ئیتلاعات لە دژی دۆسیەیەک کرایەوە و بریارە رۆژی شەممە ٨ی حوزەیران دادگایی بکرێت.

نێرگس محمەدی داوای کردبوو، دانیشتنەکە بە شێوەی کراوە و بە بەشداری راگەیاندنەکان و چالاکوانانی ژنان و هەروەها قوربانیانی دەستدرێژی و گێچەڵ بەڕێوەبچێت.

بەمەبەستی پشتیوانی لەو چالاکوانە، ٣٦ ژنی زیندانی سیاسی لەوانە وەریشە مورادی، سپێدەقولیان، هەستی ئەمیری، ویدا رەبانی، سەکینە پەروانە، ئانیشا ئەسەدوڵاهی، مەحبوبە رەزایی، مریەم یەحیەوی، گوڵروخ ئیرایی و ناهید تەقەوی لەنامەیەکدا داوایان کردوە، کە دانیشتنی تایبەت بە دادگاییکردنی نێرگس محەمەدی بەشێوەی کراوە و بە بەشداری شایەتحاڵان و قوربانیانی ئازار و دەستدرێژی سێکسی لە زیندانەکان و هەروەها راگەیاندنە سەربەخۆکان بەڕێوەبچێت.

نێرگس محەمەدی کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لە زیندانە، بە هۆی چەند دۆسیەیەکەوە سزای ١٢ ساڵ زیندان، ١٥٤ قامچی و بێبەشبوونی لە چەندین مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەسەردا سەپێندراوە. ناوبراو ساڵی رابردوو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا.

هـ . ب