ساتع راجی، نوسەرێكی بەرەچەڵەك عەرەبی عێراقە، لەسەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی باشوری كوردستان دەئاخفێت و دەڵێت؛ ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورك بۆ جیهانی عەرەبیش مەترسیدارن و پێویستە جیهانی عەرەبیش ئەو مەترسیانە ببێنێت و هەستیان پێ بكات.
ساتع لەدرێژەی ئاخاوتنەكانیدا، لەسەر دۆرویەكانی دەوڵەتی تورك دەڵێت؛ لەسەر پرسی فەلەستینیەكانیش خۆی دەكاتە خاوەن، ئەوە لەكاتێكدایە كە دەوڵەتی تورك خۆی ئەندامی ناتۆ و هاوكاری ئەمریكایە و تەنیا پرسی فەلەستین بۆ جێبەجێ كردنی مەرامە گڵاوەكانی لەجیهانی ئیسلامدا بەكار دێنێت.
وەلید رەمالیش نوسەری بەرەچەڵەك عەرەبی میسریە و ئاماژە بەوە دەكات كە هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بەسەركێشی ئەردۆغان لەچوارچێوەی هێرشی داگیركارین و ئامانجیان گەڕاندنەوەیە بۆ سنورەكانی ئیمپراتۆریەتی عۆسمانیەكان.
وەلید ئاماژە بەبەرخۆدانی گەریلاكانی پەكەكەش لەبەرەكانی شەڕدا دەكات كە؛ چۆن لەبەرامبەر ئەو هێرشانە بەرخۆدان دەكەن و دەڵێت:"گەنجانێكن كەبەچەند چەكی سووك بەدەستیانەوە لەبەرامبەر بەو هەموو تۆپ و دەبابە و فرۆكەی توركیەوە توانیوویانە راوەستن".
وەلدی رەمال لەدرێژەی ئاخاوتنەكانیدا دەڵێتیش:"پەدەكە لەم نێوەندەدا رۆڵێكی زۆر خراپ دەگێڕێ و لەچوارچێوەی ستراتیژی دەوڵەتی توركدا دژی داخوازیەكانی گەلی كورد وەستاوەتەوە.
عەمید جەمیل عەمەری پسپۆڕی سەربازی یەمەنیش لەسەر هێرشانەی دەوڵەتی توركی داگیركەری تورك دەڵێت؛ دەوڵەتی تورك بەبەردەوامی هێرشی وڵاتە عەرەبیەكان دەكات و تێكیان دەدات. هەر لەلیبیا و سوریاوە بگرە، تا دەگاتە یەمەن بەمشێوەیە ئاسایشی ئەو وڵاتانەی تێكداوە.
جەمیل عەمەری دەڵێتیش:"ئێمە ئەم هێرشانە شەرمەزار دەكەین و هیوادارین هەڵوێستێكی جددی هەبێت بۆ دەركردنی ئەو دراوسێیەی كە بەردەوام بەهاوكاری ئەمریكا و ئیسرائیل بووەتە هۆكاری تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە و كەوتوونەتە خزمەتی پیلانەكانی زایۆنیزم ـ ئەمریكی لەناوچەكەدا.
ئاماژە بەوەشدەدا؛ پێویستە كۆمەڵگەی عەرەبی و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبەرامبەر بە دەوڵەتی تورك خاوەن هەڵوێستێكی جددی بن.
ف.ق