کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە ڕاگەیاند، خەباتی لەم چەند رۆژەی دواییدا، خەباتی جەماوەری ژنان و جەوانان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا چووە قۆناغێکی نوێی رووبەڕووبوونەوە بەرامبەر سیستەمی تۆتالیتاری و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەى کەنەکە
دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هێمای نەتەوەیەکی ئازادە
لەم چەند رۆژەی دواییدا، خەباتی جەماوەری ژنان و جەوانان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا چووە قۆناغێکی نوێی رووبەڕووبوونەوە بەرامبەر سیستەمی تۆتالیتاری و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. پرۆسەی خەبات و تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیخوازانەی گەلەکەمان. سووربوون ئیرادەیی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و جێبەجێکردنی داخوازیەکان دەردەخات. ئامادەبوونیان لە شەقام رەنگدانەوەی ئاستی بەرزی شۆڕشگێڕی و ئیرادە و توانای بەهێزی گەلێکیت ئازادیخوازە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان.
دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و دەنگدانەوەی لە ئێران و هەموو جیهاندا ئێمەی کوردستانیانی کردۆتە ناوەندێک و هەموو سۆنگە و واتاکانی خەبات و تێکۆشانی گەلانی ئازادیخوازی بەهێزتر کردووە. لەلایەکی ترەوە قەیران وگرفتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوە و دەرەوەیدا کە گەیشتۆتە ئەم قۆناغە، زەمینەی لەبار و دەرفەتگەلی هێناوەتە پێشەوە. کە هەم کوردستانیان خۆیان لە داگیرکەری و هەم تەواوی گەلانی ئێرانیش بتوانن لەم رژێمە سەرکوتکەرە رزگار بکەن.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - ک ن ک ـە پێمان وایە کە لەم پێشهاتە و گۆڕانکاریانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی لەقەیراندایە و ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان داگیرکردووە بە تایبەتی لە سەر لێواری گۆڕانکاریدان، پێویستە کورد و کوردستان سوودی لێ وەرگرێ. بۆ ئەو ئامانجە یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد سەنگی مەحەکە. رەخساندنی زەمینە و کەناڵە جیاکانی یەکێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەبێ فەراهەمبکرێت و پێویستە هەموو هێز و بیروبۆچوونێک و ئامانجە هاوبەشەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە.
بۆ ئەم مەبەستە، ک ن ک ـە داوا لە هێزە کوردستانیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، کە لە رێگای گفتوگۆ و لەیەکنزیکبوونەوە چارەسەریی گونجاو بخوڵقێنن و لە ئەزموونی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - ک ن ک ـە کەڵک وەرگرن.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - ک ن ک ـە بە ڕێز و ستایشێکی مەزنەوە ئەو گیانفیدا - شەهیدانە بەبیر دێنێن و سەری رێز لە بەرامبەر گیانی پاکیاندا دادەنوێنین و لە هەمان کاتیشدا هاوسۆزی و هاوخەمی بە کەس و کارەکانیان و گەلی کورد و کوردستان دەردەبڕین و سەرەخۆشیان لێ دەکەین. بۆ بریندارەکانیش تەمەنا و هیوای شیفا و چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازین.
هەروەها بە توندی سەرگۆنە و مەحکومی رەفتار و کردەوە شۆڤینیانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین و داوا لە خەڵک وگەلانی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران دەکەین هەر وەک چۆن لە ئێستادا بە ئیرادەیەکی شۆڕشگێڕانە و گیانفیداییانە لە بەرامبەر دەسەڵاتداران و داگیرکەران لە سەر شەقامەکانن، تا گەیشتن بە ئامانجەکانتان بەردەوام بن و نەهێڵن دەزگا داپلۆسێنەرەکانی دەوڵەت درێژە بە زۆرداری و کوشت و کوشتاری بکەن.
ژ.ت